لە گۆشەیەكی بچووكی سۆراندا، ڕێكخستنی جەستە و هزر بەپاراستنی ژینگەوە دەبەستێتەوە، منداڵ و گەنج لە ڕێگەی كۆنفۆوە فێری خۆشویستنی كوردستان دەكات. پێی وایە ئەو یارییە جەنگییە، هێندەی پەیوەستە بەفەلسەفەی هاوسەنگی و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، پەیوەندیی بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی جەستەیییەوە نییە.
گەنجێك لەناو بازاڕ فێرگه‌یه‌كی وەرزشیی تایبەتی بۆ ٢٦ قوتابی كردووەتەوە كە ته‌مه‌نیان لە ٩ ساڵ تا ٣٠ ساڵە، فێری تەكنیكەكانی كۆنفۆیان ده‌كات.
ڕاهێنه‌ر عه‌بدولقادر ڕواندزی لەدایكبووی ١٩٩٩ی سۆرانه، له ٢٠١٤ەوە ڕاهێنان دەكات و ئێستەش وه‌كو مامۆستایه‌ك فێرگه‌یەك به‌ڕێوه دەبات. له باره‌ی ئه‌و قۆناغانه‌ی له یارییه‌كه بڕیویە‌تی بۆ (گڵكەند) گوتی «تا ئێستە له نێو خه‌تی پێنج دام، دوای بینینی ئه‌زموونه‌كان بۆ هێڵی شه‌ش ئاماده‌كاریم كردووه».
كە سەردانی فێرگه‌كه دەكەی، كۆمەڵێك مێرمنداڵ له دەوری كۆ بوونه‌تەوه، مامۆستا بوتڵێكی ئاوی به‌ده‌سته‌وه‌یە، له پاڵ نیشاندانی هونه‌ره‌كانی كۆنفۆ، ده‌یویست قوتابیانی به ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یییه‌كانیش ئاشنا بكات و خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان په‌ره پێ بدات. پێی ده‌گوتن «فڕێدانی بوتڵێكی له‌م جۆره ده‌بێته هۆكارێك كه ئه‌و ته‌ندروستییه‌ی ئێمه له ڕێگەی ئه‌و یارییه‌وه به‌ده‌ستی ده‌هێنین، له ده‌ستی بده‌ین». به‌و مانایه‌ی ڕاهێنانه‌كانیان ئه‌گه‌ر چه‌نده هاوكار بن بۆ گه‌شه‌پێدانی مێشك و جه‌سته، به‌ڵام كاتێك ناتوانن له ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست ڕۆژگار بكه‌نه‌وه، هه‌وڵه‌كانیان به‌هه‌ده‌ر چووە.
یاریی كۆنفۆ گرینگی به‌جه‌سته و مێشك ده‌دات، ئامانجه‌كه‌شی پێگه‌یاندنی هونه‌ر و به‌هره و توانای یاریزانە، ئاشناكردنی یاریزان به‌ته‌كنیكه‌كانی كۆنفۆ تەنها بۆ مەبەستی به‌شداریكردن له پاڵه‌وانیە‌تییه‌كان نییە، وەك چۆن بۆ مەبەستی دروستكردنی تاكی شه‌ڕخوازیش نییه، به‌ڵكو بۆ دروستكردنی تاكێكی ئارامگرە كە بیر له به‌رگریكردن له خۆی و ده‌وروبه‌ری دەكاته‌وه. ئەو ڕاهێنه‌ره كه پیشه‌وه‌ره له ناوچه‌ی پیشه‌سازیی سۆران، دەڵێت «ئه‌وه‌ی ئێمه له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان دوور خستووەته‌وه شێوازی یارییه‌كه‌یه كه ئازاده و جووڵه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، ئێمە فێر نه‌كراوین به‌شداری له یاری یان چاڵاكییه‌كدا بكه‌ین، ببێته هۆكار بۆ ئازار گە‌یاندن به كه‌سی به‌رامبه‌ر».
عه‌بدولقادر ڕواندزی پێی وایە منداڵ له جێی ئه‌وه‌ی له ماڵ بمێنێتەوە و ئایپادێكی بەده‌ستەوە بێت، بچێتە فێرگه‌یەكی هاوشێوە و فێری هونەرێكی وەرزشی بێت، تا له ڕووی جه‌سته‌یی و هزریشه‌وه به‌هێز بن. ئەو ڕاهێنەرە دەڵێت «ئه‌وه‌ی له‌و فێرگه‌یه‌ی ئێمە ده‌رده‌چێت، فێر دەبێت جه‌نگاوه‌رێك بێت له باخچه‌یه‌كدا، نه‌ك باغه‌وانێك له به‌ره‌ی جه‌نگ».
