جیلی ئاڵتوونی
جیلی ئاڵتوونی
September 18, 2025

دیارە مەبەستیان لە ‹‹جیلی ئاڵتوونی›› نەوەی زێڕینە، نازانم کەی یەکەم جار، کێ، لە کوێ ئەو دەستەواژەیە بەکار هاتووە، هەروەها نازانم مەبەستیان لە کام نەوە و سەردەمە.
زۆر بەباشە باسی سەردەمی پاشایەتیی عێراق دەکرێت، بەر لە شۆڕش یان کودەتاکەی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨. هەیە دەڵێت؛ تا مەلیکە گچکە مابوو، دونیا شامی شەریف بوو، گورگ و مەڕ پێکەوە ئاویان دەخواردەوە! ئەوە چەندی ڕاستە، دەگونجێت، نازانم!
جاروبار سەردەمی چوار ساڵەکەی یازدەی ئاداری ١٩٧٠ دێتە گۆڕێ، بێ گومان کەمێک بووژانەوە هەبووە، ئاوەدانکردنەوەش لە ئارادا بووە، ئەگەرچی ئەو دەمانەش مەسئولەکان زۆر خەریکی دەوڵەمەندبوون، بەڵێندەری، قەسری گەورە، ژنی دووەم، کڕینی ئۆتۆمۆبێلی بێ ڕەقەمی دزراوی مۆدیل نوێ بوون!
جیلی ئاڵتوونی؛ بەڕاستی نازانم مەبەستیان کام سەردەمە! هەندێ جار وێنەکانی سەردەمی کۆتاییی حەفتاکان، هەشتاکان دادەنێن، دەنووسن ‹‹جیلی ئاڵتوونی››!
نازانم چی ئەودەمانە ئاڵتوونی بوو، جوان دەبریسکایەوە، بەهاکەی بەمیسقاڵ دەکێشرا، نازانم! سەرسامم چ جۆرە ئاڵتوونییەک بوو؟ زۆرمان خانوومان بنمیچەکەی حەسیر، کاریتە بوو، لە کۆڵانێک بەدەگمەن ماڵێک تەلەفۆنی هەبوو، هەموومان پێڵاومان لاستیک، یەخەی قەمیسمان کە دەدڕا، هەڵماندەگێڕایەوە! بە ڕوونی ماڵێ قژمان چەور دەکرد، چەند منداڵە بازرگان، ئاغایەک نەبێت، کەس سواری فڕۆکە نەبووبوو!
لە هەشتاکاندا، لە شارەوانی پارچەیەک زەویم وەرگرت، یەکەم جار چوومە تاپۆ، دائیرەکەی لە تەنیشت سینەمای سەڵاحەدینی جاران بوو، سێ چوار ژوور بوو، هەموو موڵکەکانی هەولێر، لەناو دووسێ دۆڵابی شڕی ژوورێکی تاریکدا بوو.
جیلی ئاڵتوونی چۆن بوو، لە هەولێر نەشتەرگەریی ڕیخۆڵە کوێرە ئاسان نەبوو، پوورزایەکم لە کەرکووک دکتۆر ‹‹عومەر دزەیی›› بەناسیاری، خزم خزمانێ نەشتەرگەریی بۆ کرد، چووین لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک هێنامانەوە!
جیلی ئاڵتونی چۆن بوو؟ بۆ خوێندنەوەی پارچە شیعرێکی ئەنوەر قادر جاف، جەلال میرزا کەریم، لەتیف هەڵمەت. یەک هەفتە چاوەڕوانی هاتنی ڕۆژنامەی ‹‹هاوکاری››، دووسێ مانگ ‹›بەیان››مان دەکرد!
ئاڵتوونی کێندەرێ؟ نیوەی تەمەنمان سەربازی بووە، نیوەکەی تری فیراری، شۆڕش، پێشمەرگە، شاخ بووە.
تەلەڤزیۆنە ڕەشوسپییەکە تەنیا ئێواران هەبوو، نیوەی کاتەکانی هەواڵ، شرۆڤەی سیاسی سەقەت بوون! ئاڵتوونییەکە لە کوێ بوو؟ لەو ساڵانە شارەوانیی هەولێر؛ سێ چوار قەڵاب، دوو شۆڤل و یەک بلدۆزەر و چەند تراکتۆرێکی هەبوو! تووڕەش مەبن مەڵێن؛ ئەو دەمانە هەولێر؛ خۆشتر، پاکتر، ئاوەدانتر و جوانتر بوو!.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved