حاجى محەمەد ئیسماعیل حسێن سیان دوكانی شەربەفرۆشییەكەی لە شەقامى باتا بوو، لە بەرامبەر دەرمانخانەى سەڵاحەدینى کۆن. ئەو ساڵى ١٩٤٦ لە گوندى باشتەپەى هەولێر لەدایک بووە، پاشان هاتوونەتە هەولێر و خێزاندار بوو، یازدە منداڵى هەیە، حەفت کوڕ و شەش کچ، لە ٢٠١١/٣/٥ کۆچى دواییى کرد.
حاجی محەمەد ساڵى ١٩٦١ دوکانى شەربە و جەڕە و کەلوپەلى گڵێنەفرۆشى لە شەقامى باتا داناوە، پارچە گڵێنەیییەکانیشى لە کەرکووک و مووسڵ و بەغدا هێناوە، هەندێک پیشەگەرى هاوشێوەش هەبوونە کە پیشەى گڵێنەفرۆشییان کردووە وەک وەستا عیزەدین جەڕە و نوعمان جەڕە، لە شارى هەولێریشدا چەندین وەستاى دروستکردنى ئەم گڵێنانە هەبوون بەتایبەتى لە ناو پیشەى کورەچییەکاندا لەگەڵ دروستکردنى خشتدا کارى گڵێنەشیان کردووە وەک وەستا ئەسعەد کوورەچى.
ئەم پیشەیە بریتییە لە فرۆشتنى ئەو بەرهەمە گڵێنەیییانەى لەلایەن وەستاکانى دروستکردنى شەربە و گۆزە و جەڕە و کوپە و دەخیلە و قاپ و هەندێک بابەتى تر کە لە جۆرە قوڕێکى تایبەت و بەسوورکردنەوە دروست دەکرێن، کە هەر لە دێرزەمانەوە باو و باپیرانمان لە مێژووى مرۆڤایەتیدا بۆ دابینکردنى کەلوپەلى پێویست بە زۆرى بەکاریان هێناوە و ئێستە بەهەزاران پارچەى لەم جۆرانە لە زۆر شوێندا دۆزراونەتەوە و لە مۆزەخانەکاندا بەتایبەتى لە دۆڵى دوو ئاوان و وڵاتى میسر و ئێران دانراون، کە نیشانەى بوونى ژیانى مرۆڤایەتى و شارستانیەتییان پێوە بەدیار کەوتووە، ئەم پیشەیە تاکو ئێستەش بەردەوامە لە بەکارهێنانیاندا و بە زۆریش لە بوارەکانى جوانکارى و باخچەکان پەرەیان پێ دراوە.