لبادی کۆیە لە ماڵەكانی ئەوروپا
لبادی کۆیە لە ماڵەكانی ئەوروپا
September 17, 2025

لباد كە ڕایەخێكی كۆنی كوردەوارییە، جاران پیشەیەكی گرینگی خەڵكی زۆر ناوچەی كوردستان بوو، بەڵام چەند ساڵێكە بەرەو نەمان چووە.
لباد کەرەستەیەکی سەرەكیی ناوماڵ بوو، بۆ زۆر مەبەستی ڕاخستن بەكار دەهات، جاران هیچ ماڵێك نەبوو لبادی تێدا نەبێت، بەتەمەنەكان ئێستەش قەدری دەزانن و لەسەری دادەنیشن.
لباد جگە لەوەی وەك ڕایەخ بەكار هاتووە، پەستەكیشیان لێ دروست كردووە و پێیان دەگوت دەرمانی پشت هێشە، بۆ هەندێك كەسیش كەرەستەی جوانكردنی دیوەخان و بەرهەیوان بوو، بەتایبەتی كە بەنەخشی جوان دروست دەكرا.
هەر لە كوردستان نا، لە تەواوی میزۆپۆتامیا و ئەناتۆلیا و چەند ناوچەیەکی دیكەی ئاسیای ناوەند، لباد وەک کەرەستەیەکی پێویستی ڕۆژانە بەکار هاتووە، لە هەندێك كۆمەڵگەدا لە ڕووی ئاینیشەوە بەكار هاتووە.
وەستا عەلی لبادچی لە كۆیە دەڵێت وەختی خۆی لە خوریی بەرخی یەك ساڵە، 20 جۆر بەرهەمیان لە لباد دروست‌ دەکرد. ئەو لەدایكبووی ساڵی 1954ە و ئێستە دوكانی كەلوپەلی ناوماڵی هەیە و جاران بە سێ پشتەوە پیشەیان لبادچی بووە.
ئەو پیاوە كاسبەی كۆیە دەڵێ تا ساڵی 2020 بەردەوامییان بەلبادچییەتی دا و لەو ساڵە بەدواوە وازیان هێنا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاژەڵ كەم بووەوە و گوندەكان بەرهەمی مەڕدارییان كەم بوو، چیی دی (لوا)یان دەست نەدەكەوت بۆ دروستكردنی لباد.
وەستا عەلی لبادچی دەڵێت لباد لە لوا دروست دەكرا، دەبێت هی بەرخی یەك ساڵە بێت، لە هەندێك شوێن پێی دەگوترێت (برگن)، كە بەرخی یەك ساڵی دەبڕاوە، تووكەكەیان بۆ ئەوان دەبرد، ئەوانیش پەڕەیان دەكرد، پاشان دەیانگێڕا و وشكیان دەكردەوە، بەخاوەنیان دەدایەوە.
لەسەر داوای خەڵكەكە، زیاتر لە 20 بەرهەمیان لێ دروست دەكرد وەك لباد، ڕایەخ، قاپووت، كەپەنك، سەركراوی هاوینی و زستانی، بەرجاجم، سەر زینی وراغ، بن زینی وراغ و پەستەك.
لباد هاوینان فێنك و زستانان گەرمە، شوان كە قاپووتی لەبەر دەكرد، ئاوی دانەدەدا و گەرمیش بوو، لەبەر حەیوانان پێی دەنووست و سەرمای نەدەبوو، خەڵك بۆ پشتهێشانیش دەیانویست، چونكە زۆر بەسوود بوو.
وەستا عەلی گرینگییەكی دیكەی پیشەكەی باس دەكات “خەركی زۆر بژێویان لەسەر پیشەكە بوو، وەك خۆمان سێ برا بووین، پێكەوە ئەو ئیشەمان دەكرد، حەفت شاگردمان هەبوو، ئەوانەی لبادیان لەمە دەكڕی، دەچوون دەیانفرۆشتەوە و بژێویی ئەوانیش دابین دەبوو”.
وەستا سەمەد وەستایەكی ناوداری لباد بوو لە كۆیە، لەگەڵ وەستا عەبدوڵڵا و وەستا عەلی پێكەوە ئیشیان دەكرد، هەروەها وەستا محەمەد و كوڕێكی، وەستا مەلا، وەستا تایەر، وەستا ڕەئووف، وەستا سۆفی ئاوڕەحمان، وەستا مەلا كاكە، وەستا حاجی كەریم عەباس و وەستا عومەری عەباسی لە وەستا ناودارەكانی دیكەی كۆیە بوون.
جاران لە كۆیەوە لباد تا باكوری كوردستانیش ڕۆیشتووە، هەروەها بۆ شارەكانی سەردەشت و خانێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەچوو، لە ناوەخۆشدا بۆ هەولێر، كەركووك و گەرمیانیان دەنارد.
دروستكردنی لباد پیشەیەكی ئاسان نەبوو، پێویست بوو هەشت نۆ كاتژمێر لواكە بگێڕن، بە پێلەقە و شەق و دەست لێی بدەن تا ڕەق دەبووەوە، بەڵام هەر لبادێك بە لایەنی كەمەوە تا 25 ساڵ دەمایەوە، قاپووتێكی لبادیش پێنج ساڵ بەكار دەهات.
وەستا عەلی ئاماژە بەوە دەدات كە دیوەخانەكانی جاران بە لبادەكانی ئەوان دەڕازانەوە، جاری وا هەبووە ڕایەخی لبادی شەش مەتر درێژیان لەسەر داوای كڕیار و بەپێی درێژیی دیوەخانەكان دروست كردووە.
ئەو وەستایە كۆیییە دڵتەنگە بەوەی پیشەكە نەماوە و ون بووە، بە بەشێك لە فۆلكلۆری كوردەواری دەزانێت، چونكە كارەكانی ئەوان مۆركی هیچ شوێنێكی دیكەی پێوە نەبووە جگە لە كوردستان.
جارێك شاندێكی فەڕەنسی سەردانی كۆیەیان كردووە و چوونەتە لای لبادچییەكان، گرینگیی زۆریان بەپیشەكە داوە، وەستا عەلی دەڵێ ئەندازیارێكی شاندەكە لبادێكیان لێ كڕیوە و بردوویەتییەوە وڵاتەكەی بۆ ئەوەی لە ماڵەكەی خۆیان هەڵی واسێت. باس لەوە دەكات كە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لبادی كۆیە لە ڕێگەی جیاوازەوە گەیەندراونەتە وڵاتانی ڕۆژئاوا.
ڕێناس حەسەن لێکۆڵەری بواری فۆلكلۆرناسی لە بارەی لبادەوە دەڵێت ئێستە لە كوردستاندا تەنیا یەك كەس ماوە لباد دروست بكات ناوی سەلیم عەلییە لە شاری کفری.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved