وەكی بەسەر قەڵاتێدا هەڵدەگەڕێی، دیرۆکێکی ون، لەژێر پێیەکانتدا هەیە کە ناگێڕدرێتەوە، دەنگدانەوە و سەدای هەنگاوەکان تێکەڵی ئەو دەنگە کزانەیە كە چاوەڕێی بیستنن. وەكی لەسەر شووراکانی قەڵاتێ ڕادەوەستی و لە سیمای تازەی شار دەڕوانی چۆن هەناسە دەدات، پرسیارێکی قووڵ لە ئاوەزتدا دەبریسکێتەوە: ئەوەی دەیبینین، هەر ئەوەندەیە؟ یان قەڵات لە کانگەی ئامێزی خۆیدا شارێکی دیکەی حەشار داوە؟
قەڵاتی هەولێرێ تەنیا بەرزایییەک نییە، بەڵکو لەسەر «گردێکی ئارکیۆلۆژی» بنیات نراوە کە نزیکەی ٣٠ مەتر بەرزە، چین چین ژیار و شارستانی چەند هەزار ساڵەی بەسەر یەکدا کەڵەکەبووی لەخۆ گرتووە، تێکەڵبوونی شوێنەواری سۆمەری و ئاشووری و میدیایی و فارس و عەرەب و عوسمانییەکانە.
هەر چینێکی ئەو گردە چیڕۆکێک دەگێڕێتەوە، هەر بەردێک شایەتحاڵی شارستانییەتێکە کە ڕا بووە و لەناو چووە، پاشان ژێرخاک کراوە تا شارستانیەتێکی دیکەی لەسەر بنیات بنرێت.
حەکایەتی پیر و کاڵانی دانیشتوانی قەڵاتێ، کە هێشتا لە یادەوەری و گێڕانەوەی سەر زاراندا پارێزراون، ئاماژە بە ژێرزەمین و ژوورەکانی خوارەوە دەكەن کە بۆ کۆگەکردنی خواردن یان خۆ تێدا پەنادان لە کاتی گەمارۆدا بەکار هاتوون. ڕێڕەوە تەنگەبەرەکان کە هەندێک ماڵ و مزگەوت بەیەکەوە دەبەستنەوە. بیرە کۆنەکان کە هێشتا داپۆشراون و هەندێکیشیان بەکار دەهێنرێن.
یەکێک لە دانیشتوانی قەڵات باسی «وێڵگەکانی ترس»ی کردووە کە منداڵانیان پێ دەترساند، ئەوانە ڕێڕەوی قوڕین بوون کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە داخراون.
ئەوەی تا ئێستە دۆزراوەتەوە یان ئاماژەی پێ دراوە بەڵگەن بۆ بوونی ژوورە داخراوەکان کە وەک کۆگە یان پەناگە بەکار هاتوون.
هەروەها ئەو شوێنانەی کە بۆی هەیە وەک دەریچەی هەڵاتنی نهێنی بەکار هاتبن.
سەرەڕای ئەوەی تۆڕێکی گەورەی تونێل وەک ئەوانەی حەلەب یان قودس لە قەڵاتی هەولێرێ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام نیشانە ئارکیۆلۆژییەکان ئاماژە بەبوونی بنیاتی ژێرزەمینی بەرگریکردن دەدەن کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
بەهۆی هەوڵەکانی یونیسکۆ و تیمە ئارکیۆلۆژییە هاوبەشەکانەوە، ئەو پشکنینانەی کە بە ڕاداری زەویبڕ (GPR) ئەنجام دراون، ئەنجامەکانیان سەرنجڕاکێش بوون، ئاماژە بەبوونی بۆشایی و پێکهاتەی ڕێکخراو لەژێر ڕووکاری گردەکە دەدەن. ئاماژە بەهەبوونی تەلار لەژێر زەوییەكان دەدەن، کە بۆی هەیە چەند سەدەیەک بێت ڕووناکییان نەبینیبێت. ئەگەری بەهێزیش بوونی چینە ئارکیۆلۆژییە تێکەڵەکانە کە هەندێکیان بۆ زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە.
پلانی هەڵکۆڵینەکانی داهاتوو، دەرفەتێکی ناوازەن بۆ دۆزینەوەی شتی نوێ. لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانیان وایە کە لە شوێنە دیاریکراوەکاندا دەست بەهەڵکۆڵینی ورد بکەن، لەوانە لە دەوروبەری مزگەفتی کۆنی قەڵات، هەروەها لەو ماڵانەی چەندین ساڵە چۆڵ کراون، لە مەیدانی ماڵی بایز ئاغاش.
چاوەڕوان دەکرێت کەرەستەی لە گڵ دروستکراو، نیگار، نووسینی سەر خشتی قوڕ و پاشماوەی تەلاران بدۆزرێنەوە، کە ڕەنگە ڕوانین و تێگەیشتنمان سەبارەت بە ژیانی دانیشتوان لە سەردەمە کۆنەکاندا بگۆڕێت.
گرینگە تەنیا پشت بەئامێرەکانی هەڵکۆڵین نەبەستین، بەڵکو پەنا ببەینە بەر ئەو یادگە مرۆیییەش کە هێشتا لای هەندێک لە خەڵکی قەڵاتێ زیندووە، وەك باس و خواس سەبارەت بەو ژوورانەی کە بۆ هەڵاتن لە ڕۆژانی گەرمای هاوین بەکار دەهاتن. دەرگەی بچووک لە دەلاقەی ناو دیوارەکان کە بەرەو تونێلی داخراو دەچوون. ناوە میللییەکانی شوێنە ترسناک یان نامۆکان لە ناو قەڵاتێدا. ئەم یادەوەرییانە بۆ تویژەران، نەخشەیەکی مەیدانیی بەهادار و بەنرخن.
ئایا شارێک لەژێر قەڵاتدا هەیە؟
تا ئێستەش بەڵگەیەکی گردەبڕ نییە، بەڵام ئاماژە جیۆلۆجییەکان و چیڕۆکەکانی سەر زاران پشتگیری لە گریمانەی بوونی تۆڕێک ڕێڕەوی بچووک دەكەن، دەریچەکان کە قەڵات و شاری کۆن بەیەکەوە دەبەستنەوە، ئەو بیرە قووڵانەی کە دەگەنە نهۆمەکانی ژێرەوە یان ژوورە نغرۆبووەکان.
بەم جۆرە قەڵات تەنیا شوێنەوارێکی پارێزراو نییە، بەڵکو کێوێکە لەو چینە زیندووانەی کە چاوەڕێی وەدۆزینی نەرم و وردبینن. ئەوەی لەژێر قەڵاتی هەولێرە ئەفسانە نییە، ئەگەر هەیە ڕاستی بێت. دەرفەتێکی مێژووییمان لە بەردەمە و دەبێ هەموو توێژەران و دامەزراوەکان كار بكەن تا شارە خەوتووەکە وەئاگا بێننەوە.
لێکۆڵینەوە لە نهێنییەکانی قەڵات بكرێت، ئەنجوومەنێکی زانستیی ڕاوێژکاریی هەمیشەیی پێک بهێندرێت. پێش لەدەستچوونیان، یادەوەرییە زارەکییەکان بەڵگەنامە بکەن. سندووقی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵکۆڵین و پارێزگاری و نۆژەنکردنەوە دامەزرێنن.
پێویستە گوێ لە چرپەی ژێر پێیەکانمان بگرین، هەر بەردێک لە قەڵاتی هەولێرێ نەک تەنیا چیڕۆک دەگێڕێتەوە، بەڵکو شارێکی حەشار داوە. لە قووڵایییەکاندا، مێژوویەکی خەوتوو هەیە، چاوەڕێی کەسێکە بەئاگای بهێنێتەوە و گیانێکی نوێی بەبەردا بکاتەوە.
وەرگێڕانی: ئیسماعیل خالید گەڵاڵی