خەیڕوڵڵا عەبدولکەریم
مامۆستا و ئەفسەر و شۆڕشگێڕ، یه‌كێك له‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ی به‌شداریی دامەزراندنی کۆماری مەهابادی كرد، پاش ڕووخانی كۆمار و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عێراق، له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌و كاته‌وه له‌سێداره درا، ئێستەش دوای تێپه‌ڕینی حەفتا و هەشت ساڵ، وەک قاره‌مانێك یاد ده‌كرێته‌وه.
خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم، ساڵی 1917 له گه‌ڕه‌كی تۆپخانه‌ی قه‌ڵات له دایكێكی عه‌ره‌بی مووسڵاوی و باوكێكی هه‌ولێری بووه، سه‌ره‌تا له حوجره خوێندوویه‌تی، دواتر ده‌خرێته قوتابخانه و له‌به‌ر زیره‌كی ڕاسته‌خۆ له پۆلی چواره‌می سەرەتایی داده‌نرێت، دوای ته‌واوكردنی سێی ناوه‌ندی له هه‌ولێر خانه‌ی مامۆستایان له به‌غدا ته‌واو ده‌كات.
ساڵی 1930 وەکو مامۆستای سەرەتایی لە کۆیە داده‌مه‌زرێت، ماوه‌ی چوار ساڵ له ده‌شتی هه‌ولێر و كۆیه و چه‌مچه‌ماڵ و شه‌قڵاوه مامۆستایەتی ده‌كات و قوتابییه‌كانی له‌سه‌ر خۆشویستنی نیشتمان و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی په‌روه‌رده ده‌كات، دواتر به‌شداری له خولێكی ئه‌فسه‌راندا ده‌كات و له‌وێ ده‌بێته هاوپۆلی عه‌بدولسه‌لام عارفی دووه‌م سه‌ركۆماری عێراق، ساڵی 1937 کۆلێژی سەربازی لە بەغدا ته‌واو ده‌كات.
نه‌زیره محه‌مه‌د، خوشكه‌زای خه‌یروڵڵا عەبدولکەریم ئه‌م زانیارییانه‌ی بۆ (گڵكه‌ند) باس كرد، ئه‌وه‌یشی ئاشكرا كرد كه خاڵی، سه‌ره‌تا ئه‌ندامی کۆمەڵەی ئیتیحادوته‌ره‌قی بووه، كاتێك پارتی دیموکراتی کوردستان دامه‌زراوه بووه‌ته ئه‌ندامی ئه‌و حزبه و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ مەلا مسته‌فا بارزانیدا هه‌بووه.
له‌سه‌ر زاری دایك و داپیریه‌وه ده‌گێڕێته‌وه «پاش ئه‌وه‌ی ده‌بێته زابت، ڕه‌وانه‌ی میسر ده‌كرێت، له‌وێش ده‌وره‌كی عه‌سكه‌ری ده‌بینی، كه دێته‌وه عیلاقه‌كی باشی ده‌بی له‌گه‌ر سێ زابتی دیكه و یارمه‌تیی شۆڕش ده‌ده‌ن، لۆیه له‌گه‌ر ئیعلانكردنی جمهوریه‌تی مەهاباد هه‌ر چاریان ئیلتیحاق ده‌كه‌ن، شه‌هید خه‌یروڵڵا ده‌چیته ماری مه‌لا فه‌ندی له‌وێ جلكی عه‌سكه‌ری داده‌كه‌نی و جلكه‌كی كوردی له‌به‌ر ده‌كات و ده‌ڕوات».
وه‌ك نه‌زیره باسی كرد، پاش ڕووخانی كۆماری مەهاباد مه‌لیكی عێراق و نووری سه‌عید لێبووردن بۆ ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره ده‌رده‌كه‌ن، ئه‌وانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه و به‌پێی خۆیان ده‌چنه به‌غدا، كه‌چی له‌وێ زیندانی دەکرێن و پاش سێ مانگ، له 19ی حوزه‌یرانی 1947 له‌گه‌ڵ سێ هاوڕێی ئه‌فسه‌ری به‌ناوه‌كانی (مسته‌فا خۆشناو، محه‌مه‌د قودسی، عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز) لە سێدارە دەدرێن.
خوشكەزا، لە زاری دایك و داپیریەوە له گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی ئه‌و ڕۆژە به‌رده‌وام ده‌بێت «مه‌یته‌كه‌یان له قه‌برستانی به‌رماغی ناشت و مه‌منوعیش بوو تازیه‌ی لۆ دابندرێت، هه‌تا وه‌ختی شۆڕشی عه‌بدولكه‌ریم قاسمی، ئه‌و وه‌ختی مه‌لا مسته‌فا بارزانییش له سۆڤیه‌ت هاته‌وه، وه‌ختی هاته هه‌ولێرێ یه‌كه‌م ئیشی ئه‌وه بوو سه‌ردانی قه‌بری شه‌هید خه‌یروڵڵای كرد، دوایێ له حكوومه‌تی عێراق به‌شه‌هید نووسرا».
خەیروڵڵا عەبدولکەریم بە كوردی، عه‌ره‌بی، توركمانی، ئینگلیزی و فارسی قسەی كردووە، به‌ر له چوونه ده‌ره‌وه، ده‌زگیراندار بووه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه بیگوازێته‌وه، هۆگری مۆسیقا و هونه‌ری شێوه‌كاری بووه.