به‌ر له‌وه‌ى ماڵم به‌یه‌كجارى بهێنم بۆ هه‌ولێر، پێشتر به‌سه‌ردان ده‌هاتم و كه‌سانێكى ڕۆشنبیرم ده‌ناسى، به‌تایبه‌تى ئه‌و قوتابیانه‌ى خه‌ڵكى كه‌ركووك و سلێمانى بوون و له كۆلێژى سه‌ڵاحه‌دین ده‌یانخوێند. به‌ڵام كه به‌یه‌كجارى ماڵم هێنایه هه‌ولێر و نیشته‌جێ بووم، قیسمه‌ت وا بوو له گه‌ڕه‌كى ته‌یراوه خانوویه‌ك بگرم، بۆ كڕینى خواردنیش دوای نیوە‌ڕۆیان ده‌چوومه لاى به‌قاڵه‌كانى سى مه‌ترى، له‌وێ بۆ یه‌كه‌م جار كوڕێكى ژیر و به‌توانا و خوێنه‌رم ناسى ناوى دڵشاد بوو، خۆى ده‌رچووى ئه‌ندازیارى بوو، به‌ڵام به‌هۆى بێكارى و دۆخى ناجێگیرى ئه‌و كاته‌وه كه شه‌ڕى ناوخۆ بوو، بیروباوه‌ڕى خۆى پاراستبوو، به‌ناچار شاگردى ئه‌و دوكانه بوو، زۆربه‌ى كات ده‌چووم خه‌ریكى كتێب خوێندنه‌وه بوو، له‌گه‌ڵ ڕێز و حورمه‌تم بۆ خوێنه‌ران، له دوكانه‌كه‌یدا وێنه‌ی گوێدرێژێكى هه‌ڵواسیبوو كه قات و بۆینباغى له‌به‌ر كرابوو و كۆمه‌ڵێك مایكى له به‌رده‌م بوو، پێم وایه وێنه‌كه هى ڕۆژنامه‌یه‌كى كاریكاتێرى ئه‌وروپیى سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد بوو، به‌ڵام خرابووه چوارچێوه‌وه، لە كاك دڵشادم پرسی بۆ ئه‌و وێنه‌یه‌ت هه‌ڵواسیوه، گوتى ئه‌وه ماناى خۆى هه‌یه، پێم سه‌یره ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ى، چونكه كه‌س نه‌یزانێ، دەبێ تۆ بیزانى، دیقه‌تم داوه تۆ زۆر ڕه‌خنه له شته‌كان و دیارده‌كان ده‌گرى، منیش گوتم به‌ڵام ئه‌م وێنه‌یه واقیعى نییه و ناباوه، شتى ناباویش فره ته‌ئویله و هه‌ر كه‌س ده‌توانێ مانایه‌كى بۆ بدۆزێته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ى من بمه‌وێ باسى بكه‌م وا ده‌رنه‌چێت، گوتى ئه‌وه به‌ماناى ڕه‌خنه دێت له میدیا و سیاسه‌تى موزه‌یه‌ف كه له سه‌رده‌مى خۆیدا خراپ كه‌ڵكى لێ وه‌رگیراوه بۆ سیاسه‌ت.
چه‌ند ڕۆژێكى خایاند تاكو ئاشنایه‌تییه‌كى باشم له‌گه‌ڵ دڵشاد په‌یدا كرد، كتێبه‌كانیم ده‌برد و ده‌مخوێندنه‌وه، زۆرم كه‌ڵك لێ وه‌رده‌گرتن، چونكه من بۆ خۆم له منداڵییه‌وه وا هه‌ڵكه‌وتبووم كه وه‌كو خه‌ڵك بیر نه‌كه‌مه‌وه و ڕه‌خنه له شته ناجۆره‌كان بگرم، بۆیه گه‌نگه‌شه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌م هێنده‌ى تر هانی دام به‌چاوى ڕه‌خنه‌وه ته‌ماشاى حاڵه‌ت و دیارده‌كان بكه‌م، ئه‌مه‌ش كارێكى كرد كه ڕه‌خنه‌كانى منى ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرد، له‌وێوه تێگه‌یشتم كه ده‌كرێ ڕه‌خنه دوور بێت له زمانى زبر، دوور بێت له تێكشكاندنى هه‌موو شته‌كان، دوور بێت له گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان، چونكه ڕه‌خنه بوارێكى به‌رفراوانى هه‌یه كه ڕه‌خنه‌گر ده‌توانێ به‌زمانى جیاوازى هونه‌رى و ئه‌ده‌بى ڕه‌خنه له كایه جیاوازه‌كان بگرێت، جا من له‌م سه‌ره‌تایه‌وه ده‌مه‌وێ به زمانێكى ڕەخنەئامێزى نه‌رم نۆستالیژیاى خۆم بنووسمه‌وه، تاكو لانی كه‌م كاریگه‌رى له‌سه‌ر خوێنه‌ر دابنێت.