وا قوتابخانە کرایەوە لۆ سەرهێشانێ. حاڵم بەحاڵی داک و بابان نەبی، زیڕەیان لێوە دێت. جاران قوتابی دەچووە مەکتەبێ، بەس پێستی لۆ مارێ بوو، ئەوی دی هەمووی لۆ مامۆستا.
ئەو باب ڕۆیی. ئێستە مامۆستا خۆی ماندی ناکات، سەرهێشەکە هەمووی لۆ مارێیە. ئەوجە باب هەیە لەبەر کافتریا و کۆنکانی ئاگای لە مارێ نییە، قوڕەکە هەمووی لۆ داكیە.
یەکێك لەو سەرهێشانە ئەمری نابەجێی مامۆستایانە بۆ دەرخکردنی وانەکان.
دەرخکردن پێشت ناخات، هیچیشت فێر ناکات. دەزانن لۆ مامۆستا وانە بەقوتابی دەرخ دەکات؟ چونکە هیچ ماندیبوونی تێدا نییە لۆ وی، قوتابیی فەقیریش پێی لەبەر دەکرێ یان نا، کەیفی خۆی و داک و بابیتی.
وانەی ئاین لەو وانانەیە كە دەرخکردنی زۆر ناخۆشە، کات کوشتن و کارەساتە، فشارێکی دەروونیی قەرپیشە لۆ منداڵان و داک و بابیان.
قوتابیی هەشبەسەر یەک وشە عەرەبی نازانێت، لە هیچ ئایەتێک تێ ناگات، کەچی مامۆستای ئاین ئەمری لەسەر دەکات بچێ لە ماڵەوە چەند ئایەتێک لە ناوەندی قورئانێ لەبەر بکات.
داک و باب خۆت بگرە، کوی پێ لەبەر دەکەی؟ هەتا ئایەتێک بە منداڵەک لەبەر دەکەن، چاویان سپی دەبێت. پاش پێنج خولەک، هەمووی لە بیر دەچێتەوە. ئەوجە بابەکە چاوی دەچیتە پشتی سەری، لەبن گێی گیر دەکات. کێ هەیە لەسەر دەرخکردنێ پێی نەکەتبێت لە مارێ؟
پار کچەکەم بەهیلاک چوو هەندی حەدیس و ئایەتان لەبەر بکات. ئێستە هیچیانی لە بیر نمایە. هەردووکمان تامان هاتیتێ لۆ ئەوسار، هەرچەندە پار لۆ مامۆستاکەم سەلماند کە لەسەر قوتابی نییە وانەی ئاین و کۆمەڵایەتی و کوردی و عەرەبی دەرخ بکات.
نۆڕیمە ڕێبەری مامۆستا، لەوێ هەر لە سەرەتاکەی نووسرایە، مامۆستا لۆی نییە وانە بەقوتابیان لەبەر بکات. بەس فایدەی نییە، هەر پێی لەبەرکردن.
لۆ ئەو مەسەلەیە داوا لە وەزیری پەروەردە دەکەم بێتە سەر خەت و بەمامۆستایان بڵێت ئایەت و حەدیس و شیعری عەرەبی و کوردی بەقوتابیان لەبەر نەکات. ئەگەر وا بکات، ئەوە قوتابیان لە فشارێکی زۆری دەروونی ڕزگار دەکات.
پار، کچی خوشکم چاوی سپی بوو هەتا شەش ناوی خوای گەورەی لەبەر كرد: الرحمان، الرحیم، الوهاب، الرزاق، البدیع، الرشید. سبەی هەستابۆوە لە خەوێ، هیچیانی لەبیر نەمابوو.
باشە مامۆستا لۆ واتەی ئەو ناوانەیان لۆ شەرح ناکەی؟ بە نموونە لۆی ڕۆن بکەوە البدیع واتە چی. یان دەتەوێ قوتابیی بەستەزمان نەزانێت و ئەتووش بە کەیفی خۆت سووکایەتیی پێ بکەی لە پۆل و خەفەتی مووچەش بەویدا بڕێژی؟