هێمنی شاعیر ناحەقی نەبوو بەسەرسوڕمانەوە بڵێت “لە ژیانمدا جارێک تووشی ئازاد عەبدولواحید بووم، پێم وا بوو لە چاو تەمەن و ئەزموونی خۆی تێ گەیشتووە، بیرم کردەوە ئێمەومانان لەو تەمەنەدا خەریکی بەردە فڕکە و شەڕە شەق و بەدفەڕی و هێلانەی چۆلەکە دەرهێنان بووین، کەچی ئەم لاوە خۆشەویستە خەریکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی گەلەکەمانە”. ئەو لاوە، بەم جۆرە لێدوانەی شاعیرێکی ناوداری وەک هێمن، دێتە نێو جیهانی ئەدەبیی کوردی.
بێگومان ئەم پیاهەڵدان و باسکردنە هی کەسێک نییە لەخۆڕاوە گوترابێ و بێ بنەما بێت، بەڵکو هەر خودی هێمن گوتەنی «لە چاو تەمەن و ئەزموونی خۆی پێ گەیشتووە». لە کاتێکدا ئەم لێدوان و باسکردنەی هێمن بۆ پێشەکیی چاپی دیوانی “ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری بوو”. بەداخەوە کە پێشەکییەکە لەبەر هەر هۆیێ چاپ نەکرا.
هەر لە بارەی کارە ڕەخنەیییەکانی ئەوسای ساڵانی کۆتاییی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشوو، نووسین و لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی بوو لە بارەی شیعرەکانی عەبدوڵڵا پەشێو، تا وەک کتێب چاپ بکرێت، بەڵام بە هۆکار و دەستی ئەنقەست دەستنووسەکە ون کرا ، گەرچی وەک کۆڕی ئەدەبی لە یەکێتیی نووسەرانی کورد - لقی هەولێر پێشکێشی کردبوو، بەڕێوەبردنی کۆڕەکەش لەلایەن ڕۆژنامەنووسی ڕەوانشاد عەبدولغەنی یەحیا بوو .
ئەم دوو بابەتە ئەدەبییە، بۆ ئەوسای تەمەنی نووسینی ئازاد عەبدولواحید مانای ئەوەیان گەیاند کە هەر لە دەستپێکەوە نووسەر خاوەن گوتاری ڕەخنەیییە.
لە ساڵانی دواتر لە هەشتا و نەوەتەکانی سەدەی پێشوو، ئەو گوتارە ڕەخنەیییە لای نووسەر باشتر گەڵاڵە دەبێ لە هەردوو کتێبی (دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح - بەرگی یەکەم و دووەم ١٩٨٥ و ١٩٨٧)، (پشکۆ و خۆڵەمێش - ١٩٩٧).
ژیانی ئەدەبیی ئازاد عەبدولواحید تا ساڵانی دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ قۆناغی گوتاری ڕەخنەی ئەدەبییە، ڕەخنە سەرباری ئەوەی بوێریی دەوێ، هەگبەیەکی پڕاوپڕیشە لە ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی تایبەتی لە جیهانی ئەدەب و فەلسەفە و ڕێباز و قوتابخانە و قۆناغەکانی ئەدەبی جیهانی و کوردی بەهەموو جۆرە ژانرە ئەدەبییەکانەوە.
سەرباری پشوودرێژی و بەرگەگرتن لە کۆمەڵگەیەکدا، بواری ئەدەبی زیاتر دەق و نووسینی ستایشکراوی دەقە. لە کاتێکدا ڕەخنە لە کۆمەڵگەی دیموکراتی و قبوڵکردنی بیروڕا و فرە خوێندنەوەییی دەق گەشە دەکات.
قۆناغی دووەمی ئازاد عەبدولواحید ئەو قۆناغەیە لەدایکبوونی (گۆڤاری ڕامان)، جۆری پەیامە ئەدەبییەکەی لە گوتاری ڕەخنەیییەوە دەچێتە قۆناغی پەیامی ڕۆژنامەوانیی ئەدەبی.
لە گەیاندنی ئەو پەیامە ڕۆژنامەوانییە ئەدەبییەی گۆڤاری ڕامان سەرکەوتوو بوو، بەجۆرێك گۆڤارەکەی کرد بەپرد و ڕایەڵەی بەیەکەوە گرێدان و گەیاندنی ئەدیب و نووسەران و شاعیرانی کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان و لە هەر کوێیەکی گۆی زەوی نووسەرێکی کوردی لێ بێ.
هەروا (ڕامان) بوو بەیەکەم قوتابخانەی گۆڤاری ئەدەبی لە سەردەمی شەڕی نەگریسی براکاندا، بەشیعر و پەیڤی ئەفرێنەر، بەچیڕۆک و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی ڕەسەن لە خەمی ساڕێژبوونی برینەکان و بەرزڕاگرتنی بەها پیرۆزەکانی نیشتماندا بوو.
نهێنیی ئەو سەرکەوتنەی ئازاد عەبدولواحید وەک ڕۆژنامەنووسێکی شارەزا، بێ ئەوەی هیچ پەیمانگە و بەش و کۆلێژی ڕاگەیاندنی خوێندبێت، لە (گۆڤاری ڕامان)دا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆی هەڵگری پەیامی ڕۆژنامەوانیی ئەدەبییە، بەڵگەی زیندووش نامیلکەی (بەرەو یەکگرتنەوەی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی کورد) كە ساڵی ١٩٩٢ چاپی کردووە ئەو ڕستەیەی کە شایستەی نێو نامیلکەکەیە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە «گرینگی و بایەخی ڕاگەیاندن بۆ کورد لە کوێ دایە؟”، ئازاد بەر لە خوێنەرانی نامیلکەکەی خۆی گرینگی و بایەخی «گۆڤاری ڕامان»ی بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەپراکتیزە کرد. بۆیە ئێستە دوای نیو سەدە لە بواری ڕۆشنبیری لە گوتاری ڕەخنەیییەوە بۆ پەیامی ڕۆژنامەوانیی ئەدەبی، ئەوا ئازاد عەبدولواحید و گۆڤاری ڕامان لە شاری هەولێرەوە ئایکۆنی ڕۆشنبیری کوردستانین، دال - نیشانکار و مەدلوول - نیشان کراون.
وێنەی پەیکەری ئازاد عەبدولواحید