براکانی جوانی
براکانی جوانی
September 17, 2025

١

لەمساڵدا کوردستان سێ بەهرەمەندی لەدەست دا، قەرەنی جەمیلی شێوەکار و زایەر عەبدوڵڵای ئەکتەر و سامی هادیی شاعیر.
هەرسێکیشیان تەیراوەیی بوون، لە بواری هونەریدا جیاواز بوون، بەڵام لە بەهرەداری و شەرم و دڵسۆزیدا هاوبەش بوون، خاکەڕا و سادە، لە لێواری ئەوە بوون داوای لێبووردن بکەن کە بەهرەدارن.
لەگەڵیاندا دەیان و سەدان بیرەوەریی شیرینم هەنە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە هونەرمەند زایەر عەبدوڵڵام ناسیوە و قەت لە برایەتی و هاوڕێیەتی درێغی نەکردووە، لەگەڵ سامی هادیی شاعیردا بیست ساڵ بەیەکەوە کارمان کردووە و سەرپەرشتیی دەیان فیستیڤاڵ و سەدان سیمینارمان کردووە، لەگەڵ شێوەکار قەرەنی جەمیلدا کارم کردووە و مۆتیڤی سێ کتێبی منی نەخشاندووە. 

٢
خەمی زەمینیان بوو
بەو چاوانە نەبینرێ، کە وردە زیخی وەسفی ناخۆشیان تێدایە.
خەمی ئاسمانیان بوو
چۆن هەر ئەو کڵاوە بمێنێتەوە کە بەشی سەری هەمووان بکا.

٣
خەڵکی تەیراوە بوون، بەڵام بڕوایان بەوە بوو لە هەموو جیهان، لە مێژوودا: جەستەی جوانی و نوێگەری یەک جەستەیە،
دەکرێ قەرەنی جەمیل پەنجەیەکی، هەمان پەنجەی دیلاکروا بێت.
لۆی هەیە وشەیەکی سامی هادی، دێرێکی پەڕیوی تێکستێکی سوهرابی سوبهەری بێت.
دەشێ جووڵەیەکی زایەر عەبدوڵڵا هەمان جووڵەی ئەکتەرێکی یەڵماز گۆنای بێت.
هەموو ئەوانەی جوانییان خۆش ویستووە، ناسیاوی سامی و قەرەنی و زایەرن.

 

٤
قەرەنی، ڕەنگەکانی گەرمن..
وەک گەرمیی پشتی کوشنی پاسێک کە لە زستاناندا پیرەمێردێک لێی دادەبەزێ.
سامی، وشەکانی فێنکن..
وەک فێنکی بەرەبەیانانی پایزی هەولێر، کە منداڵێک خۆی لە چەرچەفەکەی گرمۆڵە دەکا.
زایەر، نواندنی توندە..
منداڵەکانی لە خۆی دەکردە نەیار، لە پێناو ئەوەی کە گەورە بوون چاکەیان خۆش بووێ و بزانن ڕق و کینە مرۆڤ بەرەو هەڵدێر دەبەن.


٥
سەرسام بوون بەسەرسامی
سێ بەهرەی ئاڵۆز بوون لەوپەڕی ڕوونیدا
سێ بەهرەی ڕوون بوون لەوپەڕی ئاڵۆزیدا
لە نیگەرانیدا بوون، نیگەرانیی وشە و ڕەنگ و نواندن..
لە یەقیندا بوون، یەقینی جوانی و پاکی و خۆشەویستی. 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved