لە مێژووی کوردستاندا، زۆر جار ژن لە ڕۆڵی دایک و ماڵدارییەوە بازی داوە بۆ سیاسەت و ڕێبەرایەتیكردنی کۆمەڵگە و سەركردایەتیكردنی مەیدانەكانی جەنگ. لە نێو ئەوانەدا خانزادێ میری سۆران هەیە، كە دەسەڵاتدارێكی ناوداری سەدەی شازدە بووە، بەزیرەكی و سەرکردایەتی و تینووێتیی بۆ سەپاندنی دادپەروەری، جێپەنجەیەکی نەسڕاوەی لە مێژووی ناوچەكەدا بەجێ هێشتووە.
لە سەردەمێکدا کە خیانەت و خوێنڕشتن چارەنووسی خانەدانەکانی دیاری دەکرد، خانزادێ میری سۆران نەک هەر وەک ڕزگاربوویەک بەڵکو وەک ڕێبەرێك سەری هەڵدا، بەستراتیژێكی پۆڵایینەوە میرنشینەکەی بەڕێوە برد.
میرنشینی سۆران (١٣٩٩-١٨٣٥) یەکێک لە میرنشینە کوردییەکان بوو، قەڵەمڕەوییەكەی لە سەردەمی میر محەمەدی ناسراو بەپاشای كۆرە، لە ١٨١٦-١٨٣٥دا گەیشتە لووتكە و جۆرێك لە سەربەخۆییی بەدەست هێنا.
میرنشینی سۆران بەهۆی بارودۆخی جیاواز و سەربازییەوە چەندین پایتەختی هەبووە، وەک هاودیان، دوین، هەولێر، شەقڵاوە، هەریر و خەلیفان، شاری ڕواندزیش دواهەمین پایتەختی بوو.
خانزاد له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شازدە لەدایک بووە، له ١٥٩٧ کۆچی دواییی کردووه. كچی شاقوڵی به‌گ و خوشكی میر سوله‌یمان به‌گی میری سۆران بوو، دوای ئەوەی میر سولەیمان ژەهرخوارد دەکرێت و دەکوژرێت، خانزاد فەرمانڕەواییی میرنشینەکە دەگرێتە دەست، بەزیرەکی و لێهاتوویی میرنشینەكە لە سەردەمێكی ئاڵۆز و سەختدا دەگوازێتەوە بۆ گەشانەوە و خۆشی.
لە سەردەمی خانزاد، ناوچەکانی سۆران بە تایبەت هەریر ڕوو لە خۆشگوزەرانی بووە، ئەمەش بەهۆی كارامەیی و دادپەروەریی ئەو خاتوونە میرە، کە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتییەكەیدا چەندین قەڵا و حوجرە دروست کران، کە ئێستەش هەندێک لە شوێنەوارەکانیان ماوە و لە هەموویان دیارتر قەڵای خانزادە لەسەر ڕێگەی هەولێر – پیرمام.
دوای ئه‌وه‌ی میر سوله‌یمان به‌گ به‌پیلانگێڕیی كەسێك بەناوی لەشكری له‌ناو ده‌چێت، خانزاد پێی دەزانێت، بۆیه له‌شکری له ترسان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ریر، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ داروده‌سته‌که‌ی سه‌ر هه‌ڵده‌گرن به‌ره‌و ناوچه‌ی شنگال. خانزاد ویستوویه‌تی تۆڵه‌ی براکه‌ی لێ بکاته‌وه، بۆ ئەو مەبەستە پلانێك دادەڕێژێت، نامه‌یه‌ک به‌دەستی مه‌لای هه‌ریر ده‌نووسێت بۆ له‌شکری و دەڵێت “هه‌ریر و سوپای سۆران بێ تۆ شپرزه‌یه و میرایه‌تیی سۆران به من ناکرێت، خۆت شیاوی ئه‌و مه‌نزڵه‌ی، داوات لێ ده‌که‌م به‌گه‌یشتنی ئه‌م نامه‌یه ده‌ستبه‌جێ بگه‌ڕێیه‌وه بۆ هه‌ریر، خۆزگه‌ی ڕابردووشت جێبه‌جێ ده‌که‌م و تا ئێستە له تۆ شیاوترم نه‌دۆزیوه‌ته‌وه ببێته هاوسه‌رم”. هه‌رکه نامه ده‌گاته ده‌ستی له‌شکری، باوەڕ بەگفتەكانی دەكات و بڕیار دەدات بگه‌ڕێته‌وه هه‌ریر، سەرباری ئەوەی داروده‌سته‌که‌ی ئاگەداری ده‌که‌نه‌وه که ئه‌و نامه‌یه فێڵ و پیلانه، به‌ڵام له‌شکری به‌هۆی وشه‌ی میرایه‌تیی سۆران و ئه‌وینی میر خانزاد و به‌ده‌ستهێنانی، دەخەڵەتێ و ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ سه‌ت سوارچاک ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ریر.
کاتێک هه‌واڵی گه‌یشتنی له‌شکری ده‌گاته خانزاد، به‌خۆی و سه‌ت پیاوماقووڵ پێشوازی له له‌شکری و داروده‌سته‌که‌ی ده‌که‌ن و به‌ره‌و ماڵی خۆیان ده‌یانبه‌نه‌وه، هه‌ر ئه‌و کاته خانزاد بانگی مه‌لا ده‌کات، خۆی لە له‌شکری ماره ده‌کات، به‌ڵام گواستنه‌وه دوا ده‌خات به‌بیانووی ئه‌وه‌ی هێشتا جلی ڕه‌شی له‌به‌ردایه، له‌به‌ر مردنی براکه‌ی. به‌ڵام سه‌رلەبه‌یانیی ڕۆژی دواتر جلی سوور له‌به‌ر ده‌کات و له‌شکری ده‌به‌ستنه‌وه و به‌رامبه‌ر خانزاد چۆکدا ده‌دات، بۆی ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌وه پیلان بووە و ڕۆژی تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه، دەیکوژێت و یاوەرەكانیشی لەناو دەبات.