شەکیب حەسەنەكانی هەولێر
شەکیب حەسەنەكانی هەولێر
September 17, 2025

لەناو تۆز و خۆڵی عاردەكی لابەلای هەولێرێ، دوور لە یاریگە قەرەباڵغ و سەوزەكانی بەنگلادیش، هەموو هەینییەک فیكەی دەستپێكی یاریی کریکێت لێ دەدرێت. دەیان کرێکاری بەنگلادیشی، دوای بەسەربردنی شەش ڕۆژی پڕ ئیشوكار، هەڵگرتنی بلۆك و پاككردنەوەی شەقام و بیناکان، جلەكانی ئیشكردنیان دادەكەنن، جلوبەرگی وەرزشی دەپۆشن، بۆ ئەوەی یارییەك بکەن کە ماڵ و نیشتمانیان بیر دەخاتەوە.
بەنگلادیشییەكان پێیان وایە کریکێت زیاترە لە وەرزشێك، ئەو یارییە بە لێدانی دڵی کۆمەڵگە دەزانن.
كرێكارانی بەنگلادیشی ساڵانێکە بەمەبەستی کارکردن و پەیداکردنی بژێوی، ڕوویان لە کوردستان کردووە، بەدڵسۆزی و كارزانی، شوێنی خۆیان لە بازاڕی كاردا كردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەی كاتژمێرەكانی كاركردنیان پڕە، دەستبەرداری چەند نەریتێکی كۆمەڵایەتیی خۆیان نەبوون، کە یەكێكیان ئەنجامدانی یاریی کریکێتە.
بەنگلادیشییەكان دەڵێن چەند جارێك لە هەولێر زەویی خەڵكیان ڕەخساندووە بۆ یاریی كریكێت، بەڵام بەهۆی فرۆشتنی زەوییەکە یان ڕازینەبوونی خاوەنەكانی و هەندێك جاریش بەهۆی دروستکردنی باڵەخانەی نوێوە، یاریگەكەیان لەدەست چووە و پەکیان کەوتووە، ئیتر نەیانتوانیوە لەو شوێنانە بەردەوام بن، ناچار یاریگەکەیان گواستووەتەوە و لە شوێنێکی نوێدا درێژەیان پێ داوە.
عەشقی بەنگلادیشییەكان بۆ ئەم یارییە، وای کردووە چەندین شوێن بگۆڕن، بێ گوێدانە هیلاکی و ماندووبوون، بێ وچان بەدوای یاریگەی نوێدا بگەڕێن، تا ڕۆژانی هەینی لێی كۆ ببنەوە.
سەچن كرێكارێكی بەنگلادیشییە و کارمەندی یەکێک لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانە لە هەولێر، بەکوردییەکی پاراو بۆ ‌(گڵکەند) گوتی “ئێمە هەموو هەینییەک لە شوێنی کارەکانمان پشوومانە، لە بریی پیاسە و چوونە بازاڕ، خەریکی یاریی کریکێت دەبین. حەزی زۆرمان بۆ ئەم یارییە، وای کردووە کە ئەم تاکە ڕۆژەی پشوومانە، بیر لە چێشتەخەو و پاڵدانەوە لە ماڵ نەکەینەوە.
بەپێی قسەکانی، سەچن خۆی ڕێکخەری یارییەکەیە و هێنانی تیمیش هەر لە ئەستۆی ئەو دایە. ساڵانە چەند جارێک خولی بەهێز لەم یارییە بۆ تیپە بەنگلادیشییەکان دەکاتەوە.
گڕ و تینی یاریزانەکان و ‌ئامادەبوونی هاندەرانی هاوزمانی خۆیان‌، سەلمێنەری ئەوە بوون کە چەندە هۆگری ئەم یارییەن.
بۆ یاریی كریكێت، هەر تیپێك پێویستی بە یازدە یاریزانە، بەڵام سەچن دەڵێت زۆر لەو ژمارە زیاتر ئامادە دەبن. بۆ ئەوەی هەموویان بتوانن یاری بکەن، لە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبن لە یاریكردن.
یاریی کریکێت لە ئەسڵدا بەریتانییە و لە سەدەی ١٦ سەری هەڵداوە، بەڵام وڵاتانی هیندستان و بەنگلادیش لە دیارترینی ئەو وڵاتانەن كە هۆگری ئەم یارییەن.
شەکیب حەسەن لە دیارترین و باشترین یاریزانی یاریی کریکێتە لە مێژووی بەنگلادیش، خاوەنی چەندین ناسناوە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە خۆشەویستییەکی زۆری وڵاتەکەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. بەنگلادیشییەکان هەر کاتێک خاڵێکی جوان لە یارییەک وەرگرن، بۆ گاڵتە و خۆهەڵکێشان دەڵێن، ئەم جۆرە خاڵانە تەنیا بە من و شەکیب حەسەن دەگیرێ.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved