لە شێستەکان و حەفتاکان، هەولێر چەقی بازرگانیی گوند و لادێیەكانی دەوروبەری بوو، خەڵکی گوندی زۆربەی بەروبوومەکانیان لە هەولێرێ ساغ دەکردەوە. هەفتەی جارێک یان دووجار دەهاتنە شار و کاروبارەکانی خۆیان جێبەجێ دەكرد و نیوڕانانیش نان و کەبابێکی چەوریان دەخوارد ئەوجە دەگەڕانەوە، بەتایبەت كە ئەو کات کەبابی هەولێرێ ناوبانگێكی زۆری هەبوو.
هەر لەو ساڵانەدا تازە سینەما وەك شتێکی نوێ كرابووەوە، بۆ خەڵکی گوند و دێهاتەکان سەیر بوو. بیستبوویان کە لەو شوێنە شتی عەنتیکە و خۆش پیشان دەدرێت. بۆیە تاکوتەرا ئەو خەڵکەی گوند و لادێیانە دەچوونە سینەما.
لەو قۆناغەدا فیلمی کاوبۆی و شەڕ باو بوو، وەک فیلمەکانی لی ڤان کلیف و جۆلیانا جیما و ڕینگۆ.
ڕۆژێک لە سینەما حەمرا، گوندییەك بەدەمانچەوە دەچێتە تەماشای فیلمێکی کاوبۆی، ئەو سەردەمە شار ئارام بووە و لە كاتی چوونە ژوورەوەدا كەسیان نەدەپشكنی، بەڵام پێ دەچێت كابرای گوندی دوژمندار بووبێت و یەکەم جاریشی بووە بچێتە سینەما و فیلم ببینێت.
لە کاتی پیشاندانی فیلم و دەرکەوتنی ئەکتەرەکاندا، لە دیمەنێکی فیلمدا دەبێتە شەڕە تەقە و پاڵەوانی فیلمەكە پڕ بەشاشەی سینەماکە ڕوو لە بینەران دەكات و دەمانچەكەی ڕادەکێشێت، کابرای گوندییش لە هێكڕا وا دەزانێت ڕاستییە و قەوماوە، دەمانچەکەی دەردێنێت و دەڵێت ئەوە دەمانچە لە کێ ڕادەکێشی؟ دوو گوللە بەشاشەكەوە دەنێت. لە سینەما دەبێتە هەرا و گڵۆپەکان هەڵدەکرێن و فیلمەکە دەوەستێت.
دواتر کابرا هێور دەکەنەوە و دەمانچەکەی لێ وەردەگرن، تێی دەگەیەنن کە ئەمە فیلمە و ڕاستی نییە، خاوەن سینەما حەمرای ئەو كات كە بەقەمبوور ناسرا بوو، دەزانێت کابرا ساویلەکە و سادەیە، بێ ئەوەی بەگرتنی بدات، بەڕێی دەكات. بەم شێوەیە ڕووداوەكە نەبووە هەواڵ، بەڵكو بووە نوكتە و لە نێوان خەڵك بۆ خۆشی دەگێڕدرایەوە.