“بە ئەتەکێتترین بینەری شانۆ لە هەولێرن”
لە حەوشەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، دەیان کەس چاوەڕێی کردنەوەی دەرگەی شانۆن، هۆڵەکە جمەی دێت لەو بینەرانەی بەبێدەنگییەکی پڕ لە تامەزرۆیییەوە چاوەڕوانی دەستپێکی نمایشی “باڵندەی کامەرانی” دەکەن؛ شانۆیییەکە ماوەی ١٧ ڕۆژە وەك دیاردەیەکی هونەری لە پایتەخت بەردەوامە.
نمایش بە گۆرانییەک دەست پێ دەکات کە ١٩ نوێنەری گەل لە هۆڵێکی پەرلەماندا دەیڵێنەوە “چیی تر نابینە هێلانەی حەسرەت، دەرگەی ئومێدمان لە بەردەم دایە”، بەدرێژاییی ماوەی شانۆیییەکە، ڕووداوەکان بینەر لەگەڵ خۆیدا دەخاتە نێو گێژاوێک لە گریان، پێکەنین، بێدەنگی، هاوار، ڕق و میهرەبانی.
شوان کەریم، نووسەر و دەرهێنەری شانۆیییەکە، چیڕۆکی لەدایکبوونی ئەم کارە بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە «ڕاستییەکەی، بیرۆکەی ئەم شانۆیە بۆ پێش دوو ساڵ دەگەڕێتەوە، پێنج مانگە كاری لەسەر دەكەین، لە نووسینەوە تا پڕۆڤە و دروستکردنی دیکۆر”.
جەخت لەوە دەکاتەوە سەرەتا بەبێ هیچ پشتیوانییەکی ماددی دەستیان پێ کردووە «هەموو ئەکتەرەکان لەسەر حیسابی خۆیان ئامادە بوون قوربانیی گەورە بدەن، تەنها لە پێناو ئیشەکە، ئێستە شوکر بۆ خوا بەرهەمەکەی دەبینینەوە”.
سەرکەوتنی کارەکە وای کرد ماوەی نمایشکردن لە ١٠ ڕۆژەوە بۆ ١٧ ڕۆژ درێژ بکرێتەوە، بەڵام وەک شوان کەریم دەڵێت، بەهۆی پابەندبوون بە کاتی ئەکتەرەکان و گەڕاندنەوەی کەلوپەلەکان، ناچار بوون دوای ١٧ ڕۆژ لە نمایش، لە ١٣ی ئەیلوول بیوەستێنن.
لە بارەی ئەو پرسیارە باوەی كە گوایە شانۆ بینەری نییە، دەڵێت «ئەو قسەیە هەڵەیە. بە ئەتەکێتترین و جوانترین بینەری شانۆ، بینەری کوردستانە، بەتایبەت لە هەولێر. کێشەکە ئێمەین کە تەمبەڵ بووین و پێمان وا بووە دەبێت شانۆیییەک پێشکێش بکەین کە خەڵک لێی تێ نەگات».
ئەو پێی وایە ئەگەر بە زمانێکی سادە و کارەکتەری بەهێزەوە کار بکرێت، بینەر هەمیشە ئامادەیە.
بابەتی شانۆیییەکە باس لە سیستمی نادادپەروەری و بێباکیی نوێنەرانی گەل دەکات و ١٩ ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆكە ڕۆڵ دەگێڕن.
یوسف ئەسعەد مامۆستای پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە، لە شانۆیییەكەدا ڕۆڵی باوکی ئارمای پاڵەوان دەگێڕێت و دەڵێت «چێژم لە کارکردن لەگەڵ ئەو گەنجانە بینی، هەرگیز پشتیان بەرنادەم. توانای زۆریان هەیە و دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە”.
یەکێک لەو گەنجانەش کیژێکی هەولێرییە، بەناوی سان سالار، دووەم ئەزموونی شانۆیییەتی، باس لەو ترس و دڵەڕاوکێیە دەکات کە پێش نمایشەکە هەیانبووە «سەرەتا پێیان دەگۆتین شانۆ لە هەولێرێ پێشوازیی باشی لێ ناکرێت و بینەری وا نییە. دەیانگۆت پاش چەندین ساڵ کە شانۆ نەکراوە، باوەڕ ناکەین لێرە پێشوازیی لێ بکرێت”. بەحەماسەتەوە باسی دڵسۆزیی بینەران دەکات و دەڵێت ئەو ڕۆحیەتەی لێرە هەبوو، جیاواز بوو.
ئەسکەندەر زرار شاعیر و سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیریی خەون، وەک بینەرێک ئامادەی نمایشەکە بووە. ستایشی قووڵی نووسینەکە و بابەتە گرینگەکەی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی ئەم چاڵاکییانە هەوڵی تاکە کەسیـن «پێویستە دامەزراوەی گەورە هەبێت پاڵپشتیی ئەم گەنجە بەهرەمەندانە بکات. من ئاگەدارم بەشێکی ئەم کارە لە هۆڵێکی بچووكدا پڕۆڤەی لەسەر كراوە”.
نمایش تەواو دەبێت، بینەران هەڵدەستنە سەرپێ و چەپڵەڕێزانێکی درێژخایەن هۆڵەکە دەتەنێت.
فرمێسک هێشتا بە ڕووی هەندێک لە بینەرەکانەوە دیارە و هەندێکی دیکەش بە ڕووگەشییەوە لە نزیکەوە ستایشی تیمەكە دەکەن؛ ستایشکردنێک کە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە هەوێنی دروستبوونی چەندان شانۆییی دیکە.
شوان کەریمی دەرهێنەر لە کۆتاییی قسەکانیدا لە ڕێگەی (گڵکەند)ەوە موژدەیەک دەدات و دەڵێت «نیازمان هەیە ناوەندێکی شانۆیی لە هەولێر دابمەزرێنین کە بەردەوام لە وۆرکشۆپ و نمایشدا بێت”.