ماوەیەكە له ئارایشتگەکانی هەولێر باو باوی كڕین و فرۆشتنی كەزیی خانمانە.
لە ژمارەیەك ئارایشتگە له پاڵ ڕازاندنه‌وه‌ی خانماندا، كەزییش سەودا دەكرێت. داخوازیی زۆر لەسەر كەزیی درێژ هەیە، تا درێژتر و پڕتر بێت بەنرخی بەرزتر دێتە فرۆشتن.
خاوه‌نی ئارایشتگەیەكی ڕازاندنەوە لە هه‌ولێر دەڵێ ئه‌و خانمانه‌ی پرچیان درێژ نابێت یان ته‌نكه، ئەو كەزییانە دەكڕن.
كەزیی ئه‌ستوور و جۆری داوە موو و درێژییەكەیان، هەروەها چۆنیەتیی خزمەتکردنی و نوێیەتی و زیندوویەتیی مووەكان، پێوەری كەزیی باشن بۆ ئەوەی زوو بێنە فرۆشتن. جیا لەوانەش، خاوه‌نی ئەو ئارایشتگەیە كە ناوی ساماڵ عەلییە، پێی وایە ته‌مه‌نی خانمی بەخشەری كەزییەكە ڕۆڵی هەیە و تا گەنجتر بێت، باشتره.
بەشێك لە كەزییەكانی ئەو بازاڕە نوێیە، لەلایەن خانمانی ناوخۆوە دابین دەكرێت، بەشێكیش لە بازاڕەكانی جیهانەوە هاوردە دەكرێن.
بە گوتەی ساماڵ، هەندێك خانم دەچنە ئارایشتگە و داوای بڕینی پرچیان دەكەن، ئینجا لە بریی ئەوەی فڕێی بدەن، دەیفرۆشنەوە. بەڵام ئه‌و پرچەی كڕین و فرۆشتنی له‌سه‌رە، نابێت درێژییه‌كه‌ی له 80 سانتیمه‌تر كه‌متر بێت، هه‌ر كه‌سێكیش كە كەزی بكڕێت 150 تا 200 تاڵی بۆ داده‌ندرێت، كە هەر تاڵێك نێزیكه‌ی 100 داوه مووه.
خاوەنی ئارایشتگەكە دەڵێ كڕیار زۆرن، بەڵام ژمارەی فرۆشیار كەمە، بۆیە سەرەی چاوه‌ڕێكردنی دەستكەوتنی كەزیی درێژە.
پاش ئه‌وه‌ی كه‌زی و پرچه‌كه دەست دەكەوێت و بۆ كڕیاری دادەنێن، بەئارەزووی خاوەنە نوێیەكە پرچەكە بۆیاغ دەكەن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پرچه‌كه‌ی خۆی ببێتە یه‌ك ڕه‌نگ. ئەوەش ئاشكرا دەكات كە نرخی هەر كەزییەك لە 300 هه‌زار دینارەوە ده‌ست پێ ده‌كات.
ئەو پرچانە به‌چه‌ند ڕێگەیه‌ك بۆ خانمی كڕیار دادەنرێت، وەك لە ڕێگەی لێزه‌رەوە، هەروەها لە ڕێگەی بورغی و له‌زگه‌وە، خاوەن ئارایشتگەكە ده‌شڵێت ئه‌و پرچه بۆ دوو مانگ یان سێ مانگه، دوای ئەوەی پرچی كڕیارەكە درێژ ده‌بێت، پێویست دەكات شوێنی پرچە زیادكراوەكە بگۆڕدرێت، دەنا هه‌ڵده‌وه‌رێت.
«ئه‌من پرچم زه‌عیفه، بە هیچ درێژ نابی، لۆیێ پێش دوو مانگ چوومه ساڵۆنه‌كی ئه‌و پرچه‌م به سێ وەرەقەی كڕی، به‌س ده‌بی زۆر ئاگام لێ بی و به شانه‌ی دنك گه‌وره دایده‌ینم، بەهێواشی ده‌یشۆم نەكو ئارۆز بی، بەس ده‌تانم كریاتین و نیگرۆی بكه‌م”، هه‌نار مۆفه‌ق یه‌كێك لەو كچانەیە پێشتر پرچی کڕیوە و دایناوە، درێژیی پرچەكەی 90 سا‌نتیمه‌تره و وه‌ك خۆی باسی دەكات زۆری پێ جوانە، دەشڵێت پاش ماوه‌كی دی پرچه‌كه‌ی لێ دەكاتەوە و بەس پرچی خۆی دێڵێتەوە، بۆ ئەوەی پشوو بدات.
ئاره‌زوو حه‌یده‌ر خانمێكی باڵاپۆشه و وه‌ك خانمانی تر ناتوانێت خزمه‌تی پرچه درێژه‌كه‌ی بكات، تا ئێستە دوو جار پرچی خۆی فرۆشتووه، دەڵێ زۆر زوو پرچی درێژ ده‌بێته‌وه و لەبەرئەوەش كە لە دەرەوە لەچك دەكات، بەپێویستی نازانێت خزمەتی پرچی درێژ بكات، بۆیە هەموو جارێ بەمەبەستی فرۆشتنەوە دەیبڕێت.