زانکۆی سەڵاحەدین لە هەنگاوێكی سەرنجڕاكێشدا، نەریتێک دەشكێنێت كە تێچوویەكی زۆر و زیادەی دەخستە ئەستۆی قوتابیانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا. لەمەودوا هاتنە ژوورەوەی میوانی دەرەوەی زانكۆ بۆ هۆڵەکانی بەرگریكردن لە توێژینەوەكانی قوتابیانی ئەو دوو ئاستە، قەدەغەیە.
بۆ ئەو بڕیارە، بەرپرسانی زانكۆكە بیانووی ئابووری و ئەكادیمی دێننەوە، كە لە ئەنجامدا بەقازانجی قوتابیان دەشكێتەوە، چونكە هەر لە خەرجییە زیادەكە ڕزگاریان نابێت، بەڵكو ئەو گوشارە دەروونییەشیان لە كۆڵ دەبێتەوە كە بەهۆی میوانی دەرەوەی زانكۆ لە كاتی تاقیكردنەوە و بەرگرییە ئەكادیمییەكە تووشی دەبن.
سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ئاماژه به‌وه ده‌كات كە ساڵی ٢٠٢٢ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌بڕیارێك میوانی له هۆڵی گفتوگۆی نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا قه‌ده‌غه كرد، به‌ڵام به‌شێك له كۆلێژه‌كان كه‌مته‌رخه‌م بوون له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه، بۆیه ئه‌وان له ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌ركردووه و لێژنه‌یه‌كی تایبه‌تیان پێك هێناوه بۆ جێبەجێكردن و چاودێریی بڕیاره‌كه.
دكتۆر كامه‌ران یونس له باره‌ی بڕیاره‌كەوە بۆ (گڵكه‌ند) گوتی “لایه‌نی ئابووری و زانستی هەیە، بووه‌ته نه‌ریتی قوتابیان دوای گفتوگۆ، خه‌ڵكێكی زۆر داوه‌تی مەتعەم ده‌كه‌ن و خەرجییەكی زۆریان لەسەر دەكەوێت، لایه‌نی زانستییه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه له كاتی گفتوگۆدا میوان هه‌بووه لەخۆڕا قسەی كردییه و كاری كردووەتە سەر ڕێڕه‌وی گفتوگۆ”.
ساڵانه نزیكه‌ی دوو هه‌زار گفتوگۆی ماسته‌ر و دكتۆرا له سه‌رجه‌م كۆلێژه‌كانی زانكۆی سەڵاحەدین ئه‌نجام ده‌درێن.
لای خۆیەوە دكتۆر عومه‌ر عه‌لی مامۆستا له كۆلێژی زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كە گفتوگۆی ماسته‌ر و دكتۆرا بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه‌یه و زۆر جاریش ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی قوتابییه‌كه ده‌كرێت، به‌ڵام ئاماده‌بووان وه‌كو لایه‌نێكی لاوازی قوتابییه‌كه ده‌یبینن، بۆیە پێی وایه ئاماده‌نه‌بوونی میوان جگه له‌وه‌ی بارسووكییه بۆ قوتابییه‌كه، لایه‌نی ده‌روونیشی ئاسووده‌تر دەكات.
به‌پێی به‌دواداچوونی (گڵكه‌ند)، خه‌رجیی هه‌ر قوتابییه‌كی ماستەر به‌م شێوه‌یه:
١٢٠ هه‌زار دینار بۆ قبووڵكردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی ناونیشانی گفتوگۆ له گۆڤاری زانكۆ.
١٥٠ هه‌زار دینار بۆ لێژنه‌ی زانستیی توێژینه‌وه‌كه.
١٥٠ هه‌زار دینار بۆ لێژنه‌ی زمانه‌وانی و پێداچوونه‌وه.
٩٢٥ هه‌زار دینار بۆ لێژنه‌ی تاوتوێی توێژینه‌وه‌كه.
٦٠٠ هەزار دینار بۆ چاپكردنی ١٠ دانە لە توێژینه‌وه‌كه.
لەناو هۆڵی گفتوگۆشدا خواردن و خواردنەوە پێشكێش دەكرێت، كە خەرجییەكی سەربارە بۆ قوتابی، كە دەچنە دەرەوەش بۆ داوەتی خواردنگە، خەرجییەكە زیاتر دەبێت، بەو بڕیارە نوێیەی زانكۆكە، قوتابی لەو خەرجییانە ڕزگاری دەبێت.