زۆرترین خواردنگە لە كۆیە هی ژنانن، جگە لەوەی ژن كاریان تێدا دەكەن، خاوەنەكانیشیان ژنن و هەلی كاریش بۆ پیاوان دابین دەكەن.
بەهۆی ئەوەی خواردنەكانیان كوردەواری و خۆماڵین، خەڵك زۆر ڕوویان تێ دەكەن، چەند ژنێكیش لە ماڵەكانی خۆیان هەر لە كۆیە خواردن دروست دەكەن و بە ئۆنڵاین دەیفرۆشن، ئەوەش جگە لەوەی چەند ژنێكی دیكە لە كۆیە شیرینەمەنی دروست دەكەن و لە دوكانەكان ساغیان دەكەنەوە.
ڕێزان عەبدوڵڵا لە ٢٠٢٢ەوە خواردنگەیەكی كردووەتەوە، هەر خۆی خواردن دروست دەكات و خواردنگەكەش بەڕێوە دەبات، دەڵێت ئەگەر گەنج بوایە سێ خواردنگەی وەك ئێستەی بەڕێوە دەبرد. ئێستەش جار جارە ژنی دیكە دێنێت بۆ ئەوەی وەك كارمەند هاوكاریی بكەن لە ئامادەكردنی خواردنەكاندا، بەتایبەتیش بۆ پاككردنەوەی سەروپێ، كە جگە لە برژاوەكان، زۆربەی خواردنە كوردەوارییەكانیش پێشكێشی میوانان دەكات.
سەبارەت بەكاتی كاركردنی ڕێزان گوتی هەموو ڕۆژ لە هەشتی بەیانییەوە دەچێتە خواردنگەكەی و تا ئێوارە دەمێنێتەوە، دوو كچی خۆی لەگەڵ ژنێك كاری بۆ دەكەن. چوار پیاویش گۆشت دەبرژێنن، هاوژینەكەشی كارەكانی دەرەوەی خواردنگەكەی بۆ ڕادەپەڕێنێت.
ئەو ژنە خاوەن كارە سەبارەت بەبیرۆكەی خواردنگەكەی دەڵێت پێش نزیكەی ٢٠ ساڵ خواردنگەیەكیان لە كۆیە كردەوە، حەزی كردووە كاری تێدا بكات، بەڵام هاوژینەكەی گوتوویەتی خەڵك قسە دەكەن، بەبۆچوونی ڕێزان، هێشتا كۆمەڵگە باییی ئەوە نەكرابووەوە ڕێگە بە ژن بدرێت خواردنگەی هەبێت.
ئەو پێی وایە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان خواردنگەكەی و خواردنگەكانی دیكە هەیە كە پیاو بەڕێوەی دەبەن، بەتایبەتیش ئاماژە بەلایەنی پاكوخاوێنی دەدات. سەرباری ئەوەش دەڵێت دەستاوی ژن خۆشترە لە هی پیاو.
ئالا شوان سێ ساڵە خواردنگەیەكی دیكەی لە كۆیە كردووەتەوە، هەستێكی خۆشی هەیە كە هەلی كاری بۆ ١٠ ژن و چوار پیاو ڕەخساندووە و خواردنگەكەی ناوبانگێكی گەورەی پەیدا كردووە.
لە بارەی بیرۆكەی دانانی خواردنگەكەیەوە دەڵێت “لە ٢٠١١ەوە كۆلێژی وەرزشیم تەواو كرد، دەمویست لە بەشەكەی خۆم خزمەت بكەم، بەڵام ڕێك نەكەوت، بۆیە بیرم لەوە كردەوە خۆم كارێك بكەم”.
دەشڵێت “بەهۆی ئەوەی بابم بۆ ماوەیەكی زۆر چێشتخانەی هەبووە، بەخۆشم نەوسنم و زۆرم حەز لە خواردن بوو، فێری دروستكردنی چێشت بووبووم، بڕیارم دا یەكەم خواردنگەی ژنانە لە كۆیە بكەمەوە”.
ئالا پێی وایە كە پیاوان و ژنانیش حەز دەكەن بچنە خواردنگەیەك كە ژن خاوەنیەتی و خواردنەكان دروست دەكات، چونكە دڵنیا دەبن لە پاكوخاوێنییەكەی، دەشزانن ژن بەدڵسۆزی دایكانە ئیش دەكات و دەستڕەنگینترن و دەستاویشیان خۆشترە.
خوانی ئالا سەرەتا تەنها خواردنی ڕەسەنی کوردەواری بوو، بەڵام ئێستە هەموو جۆرە خواردنێك و شیرینی و قاوەشیان هەیە، دەڵێت جگە لە كۆیییەكان، زۆر جار خەڵكی شاری دیكە تایبەت بۆ خواردنەكانیان سەردانی كۆیەیان كردووە.
سارا زانست كچە ئەندازیارێكی كۆیەیە، لە كاتێكدا بۆ كۆمپانیایەك كاری كردووە و داهاتەكەی كەم بووە، ڕۆژێك ئەو ڕستەیەی خوێندووەتەوە كە دەڵێت تا كهی ئێمه خهڵكی دیكه دەوڵهمهند بكهین؟ بۆچی خۆمان دهست پێ نهكهین؟ لەو ڕۆژەوە بڕیاری داوە ببێت بەخاوەن كاری خۆی و خواردنگهیەكی كردووەتەوە، ئێستە هەشت كەس لای ئەو كار دەكەن و میوان له شارهكانهوه سەردانی دەكەن، چونكە وەك خۆی دەڵێت لە سۆشیال میدیا چاڵاكن و زوو ناوبانگیان پەیدا كردووە.
خواردنگەكەی سارا كە دوو ساڵە كراوەتەوە، زۆربەی میوانەكانی قوتابیانی زانكۆن، چونكە بەشێوەیەكی بەردەوام داشكانی بۆ قوتابیانی زانكۆی كۆیە كردووە. هەروەها خواردنی بەكۆمەڵیش بۆ بۆنە كۆمەڵایەتییەكانی وەك پرسە و ئاهەنگ و جەژنەكان دروست دەكەن.
سارا پێی وایە جیاوازیی بنچینەیی لە نێوان خواردنگەكاندا نییە بەهۆی ئەوەی ژن بەڕێوەیان ببات یان پیاو، بەڵام سەلیقە و لێهاتووییی خاوەنەكەی ڕۆڵ دەبینێت جا ژن بێت یان پیاو، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە “من چۆن لە ماڵی خۆم خواردن حازر دەكەم و گرینگی بە خاوێنی دەدەم، لە خواردنگەكەشم هەر وام”.