له بناره‌كانی چیای هه‌ندرێن، له پاڵ ئه‌و كانییه‌ی جنۆكه‌كان بوونه هه‌وێنی ده‌ردانی و پاشان ناوی جندیانی هه‌ڵگرت، له قه‌د ئه‌و شوێنه‌ی كه سه‌رده‌مانێك ڕژێمه‌كانی عێراق گه‌وره‌ترین قشڵی سه‌ربازییان لێ بنیات نابوو، ئێستە باوه‌ش بۆ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری به‌ناوی (پڕۆژه‌ی كۆڕنیشی كاولۆكان) ده‌كرێته‌وه.
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی مێژوویی باس له‌وه ده‌كه‌ن به‌ر له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ١٩١٤ - ١٩١٨ ڕواندز له‌و كاولۆكانه‌ی ئێستە بووه، كه له‌نێو دۆڵێكدا هه‌ڵكه‌وتووه و ده‌كه‌وێته باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێستەی ڕواندز و ڕووبارێكیش به ناویدا ڕه‌ت ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی هێرشی ڕووس بۆ سه‌ر ناوچه‌كه و داگیركردنی شارۆچكه‌كه له ١٣ی ئایاری ١٩١٦، به‌ره‌و سه‌ره‌وه هه‌ڵكشاوه.
سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووباری كاولۆكان له كانیاو و به‌فراوی كوێستانه‌كانی باڵه‌كایه‌تی هه‌ڵده‌قووڵێت، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پلانی دایه له‌سه‌ر ئه‌و ڕووباره كۆڕنیشێك بنیات بنێت، كه چوار وێر له‌خۆ ده‌گرێت.
ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌شێكه له‌و پلانه ستراتیژییه‌ی ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیداره‌ی سەربەخۆی سۆران. پڕۆژه‌كه لە قۆناغی یه‌كه‌می خۆی دایه و كاركردن تێیدا بەرده‌وامە، پێك هاتووه له دروستكردنی چوار وێر به‌درێژاییی چوار كیلۆمه‌تری ڕووباره‌كه، ئێستە یه‌ك وێری ته‌واو بووه، وه‌ك هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران باسی لێوه كرد.
ده‌سته‌واژه‌ی وێر كه له weirی ئینگلیزی وه‌رگیراوه به‌واتای به‌ربه‌ستێكی بچووك یان به‌نداوێكی گچكه دێت، بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو لەسەر ڕووبار یان جۆگەلەیەك دروست ده‌كرێت، ئه‌م شێوازه له پونگاندنه‌وه‌ی ئاو له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌دیزاینی جۆراوجۆر دروست ده‌كرێت، به‌ڵام له ڕووباری كاولۆكان له پاڵ كۆكردنه‌وه‌ی ئاو ڕه‌چاوی لایه‌نی گه‌شتوگوزارییش كراوه. وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران باسی لێوه كرد، مەبەستی سەره‌كییان له‌و پڕۆژه‌یه بنیاتنانی ژێرخانی گەشتیارییه له سنووره‌كه‌یان، تا له‌و ڕێگەیه ڕێژه‌ی گەشتیار زیاد بكه‌ن، كه دواجار هه‌لی كاری زیاتریش ده‌ڕه‌خسێنێت.
به‌بوونی ئه‌و وێرانه ئاوی زۆر گل ده‌درێته‌وه، ڕووبه‌رێكی فراوانتر له هه‌ردوو لای ڕووباره‌كه ده‌گرێت، به‌مه‌ش هه‌م دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێش ده‌به‌خشێت، هه‌میش هێشتنه‌وه‌ی ئاو له ڕووباره‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر لێ ده‌كات، نه‌ك وه‌ك دۆخی ئێستەی كه له ڕووبارێكی گه‌وره بۆ جۆگه‌له ئاوێك به‌رته‌سك بووەته‌وه.
به‌رپرسانی ئیداریی شاری سۆران باوه‌ڕیان وایه، بۆ ئه‌م جۆرە ناوچانه وێر له به‌نداو گونجاوتره، ئه‌مه‌شیان بۆ كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌كانی به‌نداو گه‌ڕانده‌وه و به‌بڕوای ئه‌وان دروستكردنی بەنداوێكی گەوره لەو شوێنە، كێشەی ژینگەیی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت یاساییشی ده‌بێت، به‌هۆی لاوازیی كاریگه‌رییه سروشتییه‌كانیشی وێریان پێ له به‌نداو گونجاوتر بووه، باوه‌ڕیشیان وایه چه‌ند وێرێكی به‌دوای یه‌ك له ڕووی گلدانه‌وه‌ی ئاو و نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌ی لافاو، ده‌توانن هه‌مان ڕۆڵی به‌نداوێكی گه‌وره ببینن.
فه‌یسه‌ڵ سادق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، له باره‌ی ئامانجی پڕۆژه‌ی كۆڕنیشی كاولۆكان دەڵێت «ئامانجی كردنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیارییه بۆ خه‌ڵكی سنووری سۆران، تا له شوێنێكی ئارام ڕۆژگار بكه‌نه‌وه، له پاڵ ئه‌وانیش گه‌شتیاری ده‌ره‌كی بۆ سنووره‌كه ڕابكێشن».
به‌بڕوای به‌رپرسه‌كه‌ی گه‌شتوگوزاری سۆران، پڕۆژه‌كه پانتایییه‌كی فراوان ده‌گرێت و چه‌ندین چاڵاكی له‌خۆ ده‌گرێت وه‌ك كافێ، چێشتخانه، كه‌پری گه‌شتیاری و كۆشك، تا بتوانرێت له چوار وه‌رزی ساڵ خۆی بنوێنێت.
له باره‌ی هه‌لی كاریشەوە، فه‌یسه‌ڵ سادق گوتی «به‌هۆی فراوانیی پڕۆژه‌كه، هه‌لی كاری باش بۆ گه‌نجان و هاووڵاتیانی سنووری سۆران ده‌ڕه‌خسێت، له پاڵ ئه‌وانیشدا خه‌ڵكی شار و شارۆچكه‌كانی دیكەش ناڕاسته‌وخۆ ده‌بنه كرێكاری ئه‌و شوێنه گه‌شتوگوزارییه».