ژنانی جیهان لە هەولێر ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە
ژنانی جیهان لە هەولێر ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە

سەقامگیری و ئارامیی هەولێر، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووکكراوەی جیهانیی هان دا بۆ ئەوەی شەرەفی میوانداریکردنی جامی جیهانیی تۆپی پێی بچووکكراوەی ئافرەتان بێنێتە پایتەختی هەرێمی كوردستان. ئەمەش جگە لە پەیامە وەرزشییەكە، ڕێگەیەکیش دەبێت بۆ ناردنی ئەو پەیامەی کە هەولێر بە ڕووی جیهاندا کراوەیە و ئامادەیە بۆ میوانداریكردنی بەرزترین كێبەركێیەكانی جیهان. بڕیارە ئەم هەفتەیە، هەشت هەڵبژاردەی جیهان لە هەولێر، ڕکابەری لەسەر نازناوی جامی جیهانیی ئافرەتان بكەن.
سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی کوردستان، لەسەر گرینگیی میوانداریکردنی هەولێر بۆ ئەو پاڵەوانیەتییە بۆ (گڵکەند) گوتی لە ١٧ تا ٢٣ی ئەم مانگە، هەولێر میوانداریەتیی جامی جیهانیی تۆپی پێی بچووکكراوەی ئافرەتان دەكات، یارییەکان لەسەر یاریگەی زانکۆی جیهان ئەنجام دەدرێن، ئامادەکارییەکانمان کردووە، دەبێتە دەسکەوتێکی گەورە و هەنگاوێکی مەزن”.
هەڵبژاردەی کوردستانیش لە پاڵەوانیەتییەکەدا بەشدارە، كە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووکكراوەی جیهان سەرپەرشتیی دەکات، سەردار ئیسماعیل دەڵێت بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە پاڵەوانیەتییانە لە ڕووی وەرزشەوە، دەبێتە هۆی پێشخستنی ئاستی وەرزش و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی بەشداربووی پاڵەوانیەتییەکە، هەنگاوێکی گرینگیشە بۆ هێنانی پاڵەوانیەتیی گەورەتر بۆ کوردستان، لە ڕووی ئابووری و کولتوورییشەوە گرینگییەکی زۆری بۆ هەولێر دەبێت، بەتایبەت ئەو ئارامی و ئاوەدانییەی هەیە، هۆکارێکی گرینگ دەبێت کە جارێکی دیكە خەڵكی ئەو وڵاتانە بۆ گەشتکردن سەردانی هەولێر بکەنەوە.
لە ماوەی ئەو شەش ڕۆژەدا زیاتر لە ٢٠٠ یاریزان و ڕاهێنەر و ناوبژیوان دێنە هەولێر.
هەولێر و هەرێمی كوردستان بەگشتی لەسەر ئاستی عێراقی فیدڕاڵدا لە ڕووی چاڵاكیی وەرزشییەوە پشكی شێری بەردەكەوێت، چاڵاكیی لەم جۆرەش هاوكار دەبێت بۆ سەربەخۆتربوونی وەرزش لە هەرێمی كوردستان. سەرباری ئەوەش زۆربەی یاریزانانی هەڵبژاردەكانی عێراق لە یارییە کۆمەڵی و تاکییەکانیشدا یاریزانی کوردن.
جێی باسە ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی خولێکی ڕاهێنەرایەتییەوە، سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووکكراوەی جیهانی سەردانی هەولێریان کرد، بەئارامی و ئاوەدانیی پایتەخت سەرسام بوون، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە سعودیە بە فەرمی هەولێریان دەستنیشان کرد بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانیەتییەكە.
ئێستە تیپی هەڵبژاردەی کوردستان سەرقاڵی مەشق و ئامادەکارییە، سەردار ئیسماعیل گەشبینە ئەنجام و دەسکەوتێکی گەورە بەدەست بهێنێت، یاریی دەستپێکی پاڵەوانیەتییەکەش لە نێوان هەڵبژاردەی کوردستان و لوبنان دەبێت. هەڵبژاردەكانی بەڕازیل، میسر و چەند وڵاتێکی ئەفریقیا و ئاسیاش بەشدارن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved