هەر کوردەک لە ئەمەریکا، وەختی بۆ یەکەم جار تامی ماستی هەولێر دەکات، ئێکسەر بێ دوودڵی وێنەی دەفری ماستەکە لەسەر سۆشەڵمیدیا بڵاو دەکاتەوە. تومەز ناتوانێ ئەو هەستە بشارێتەوە، کە بەهۆی تامی ماستەکەوە تێکەڵی ناخی دەبێت.
بیستوومە لەگەڵ یەکەم پاروو، مرۆ یادگارییەکی سەردەمی منداڵیی بیر دێتەوە، دەگەڕێتەوە ئەو ڕۆژانەی کە تەواوی خێزان بەدەوری خوانی بەیانی، هەڤڕا پاروویان لە ماست دەکوشی.
ڕۆژەک د. بیلال وەهاب، نووکە سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکییە لە سلێمانی، لەسەر دەفری ماستی هەولێر نووسیبووی "ئەوجا ئەمەریکا ئەمەریکایە”. ڕۆژنامەنووسەکی عەرەب بەناوی شەبان عەبود لەگەڵ وێنەی ماستی هەولێر، چیڕۆکی سەردەمی منداڵیی خۆی گێڕابووەوە، ئەوەشی نەشاردبووەوە، هەفتانە چەند کیلۆمەترێک دەبڕێ، تەنێ بۆ کڕینی شیری هەولێر لە ولایەتی ڤێرجینیا، "ئەوە تاکە شیرە لە نێو ئەو هەموو شیرە عەرەبی و تورکی و یۆنانییە، تامەکەی دەتباتەوە سەردەمی منداڵی”.
تێبینیم کردووە، هەر کەسێک تامی ئەم شیر و ماستە "کوردییە" دەکات، یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیی لە مێشکی زیندوو دەبنەوە.
ئەوەی ڕاستی بێت، من تا ئێستە تامی ماستی هەولێرم نەکردووە، بەڵام زۆرم لەسەر بیستووە. من لە ولایەتی نیوهمشێر دەژیم، هێشتا لەم ناوچەیەی بە "نیو ئینگلاند" ناسراوە، ماستی هەولێر بەردەست نییە. ئەوجا بڕیارم داوە، وەختی سەفەری ڤێرجینیا یان شیکاگۆم کرد، یەکەم شت لە جیاتیی کەباب، تامی ماستی هەولێر بکەم. ئەم بەڵێنەشم بە 'هەڵمەت نانەکەلی' خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ماستی هەولێر داوە.
هەڵمەت نانەکەلی لە ساڵی ١٩٨٤ لە هەولێر هاتیتە دونیا. هەر لە شاری قەڵا و منارە چووەتە بەر خوێندن. باوکی هەڵمەت، ڕەشید نانەکەلی، لە ساڵی ١٩٩٦ لە ترسی شەڕ و ماڵوێرانی و ڕژێمی سەدام، بەرەو ئەمەریکا کۆچ دەکات. هەر چەند ژیانی ئەم ماڵباتە خۆش بووە، کێڵگەیەکی گەورە و بزنسی دیکەیان هەبووە، بەڵام وڵاتی خەونەکان لە کەللەی ڕەشید دەدات. سەرەتا بەتەنیا ڕێگەی مان و نەمان دەگرێتە بەر، لە پاش خۆشی ژنێک و دە منداڵ لە هەولێر جێ دەهێڵێت.
پاش ڕۆیشتنی ڕەشید، ئەو خانەوادە یازدە کەسییە، سەختترین ژیان دەبەنە سەر، "ئێمە هێشتا منداڵ بووین، ناچار چووینەوە لای ماڵی خاڵم لە گوندی سەردار”. هەڵمەت ڕۆندک لە چاوی قەتیس مابوون، کاتێک ئەوها باسی چیڕۆکی سەردەمی منداڵیی خۆی دەگێڕایەوە.
هەڵمەت و دایکی و زارۆکەکانی دی، دوو ساڵ لە ماڵی خاڵی هەڵمەت، کە خاوەنی کێڵگەیەکی گەورە و دەیان سەرئاژەڵ بوو، دەگیرسێنەوە.
دایکی هەڵمەت بەسەختی کار دەکات، تاریک و ڕوونی بەری بەیان لە خەو ڕا دەبێت، مانگا و بزن دەدۆشێ، ماست هێوێن دەکات، خەوتانی پەنیر و ژاژی دەکات و بازاڕی شار بەو بەرهەمە خۆماڵیانە ئاوەدان دەکاتەوە. وەکی هەڵمەت لۆی باس کردم، لە ساڵانی هەشتاکان، ئەو ماستەی دایکی هەڵمەت دروستی دەکرد، ناوبانگی لە هەموو هەلێر دەنگی دەدایەوە.
باوکی هەڵمەت دەگاتە ئەمەریکا، دوای پێنج ساڵ چاوەڕوانی، دواجار خێزانەکەی ڕادەکێشێت و هەموویان لە ساڵی ٢٠٠١ لە شیکاگۆ بەیەکتر شاد دەبنەوە. وەکی هەموو خێزانێکی ئاوارە، ماڵباتی هەڵمەتیش دیسان لە سفرەوە دەست پێ دەکەنەوە. سەرباری سەختیی ژیان، بەڵام کۆڵ نادەن. "کوردبوون، خۆڕاگری و شانازی بەمیراتەکەم و ڕێزگرتنی قووڵم بۆ دابونەریتی کوردەواری لە ناخمدا چاند". وەختێک پرسیارم لێ کرد، چۆن بەسەر ئەم ژیانە سەختەدا سەرکەوتن؟ هەڵمەت ئەم ڕستەیەی کردە دەستپێکی قسەکانی.
پشتی چەندین ساڵ لە ئەمەریکا، دیسان هەوێنی ماست و دروستکردنی بەرهەمی خۆماڵی دەبێتەوە دەمەتەقێی نێو ماڵباتەکەی ڕەشید. هەر جارەک هەمووان وێکڕا کۆ دەبنەوە و مەجلیسەکەیان بە چایە و گوڵەبەڕۆژە گەرم دەکەن، دایباب، دەیانەوێ هەتا خۆیان لە ژیاندا ماون، منداڵەکانیان بخەنە سەر ڕێچکەیەک، نەک تەنێ پشت بەخۆیان ببەستن و قازانجی ماددی بکەن، بەڵکو بەم هۆیەشەوە بتوانن کولتوور و مێژووی کوردستان بەدونیا بناسێنن.
سەرەتا لە ماڵەوە دەست بەهەوێنکردنی ماست دەکەن. دایکی هەڵمەت دووبارە دەبێتەوە کابان و وەستای ماستە ناوازەکە. چەند ساڵەک وەها بەردەوام دەبن، بەڵام دەبینن خواست لەسەر ماستە کوردییەکە تا دێت زیاتر دەبێت. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٨ بەفەرمی کۆمپانیای 'ماستی کوردیی هەولێر' لە ولایەتی ئیلینۆیس دەکەنەوە.
چەند ڕۆژەک لەمەوبەر بە تەلەفۆن دەمەکی خۆش لەگەڵ هەڵمەت ئاخفتم. ئەو بەوپەڕی شانازییەوە دەیگوت، "ماستی کوردیی هەولێر تەنێ بزنس نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ ناساندنی کولتوور و مێژوو و شارستانیەتی کوردستان. هەر لە ناوی کۆمپانیاکەوە بگرە، هەتا دەگاتە دیزاین و خودی بەرهەمەکان." ئەوجا بەڕاستی وەختی دیقەت دەدەیە دەفری ماستەکە، هەموو وردەکارییەکان بەسەلیقەیەکی لەبننەهاتوو نەخشەسازییان بۆ کراوە، ڕەنگدانەوەی جوانی سروشتی کوردستان و دەوڵەمەندیی مێژوو و شارستانیەتی کورد، هەر لە دوورەوە نیشان دەدات، کە بەڵێ، ئەمە وڵاتی کوردانە، ئەو خاکەی یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتی کشتوکاڵی لێ چاندرا.
ڕەشید نانەکەلی وەختی خەونی خۆی و ماڵباتەکەی دەکاتە ڕاستی، کۆچی دوایی دەکات. هەڵمەت بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە، ئاخی بۆ نەمانی باوکی هەڵدەکێشا، هەنگین بەدەنگێکی لەسەرخۆ گوتی، "باوکم بەشێکی دانەبڕاوە لەم گەشتەدا. ئەو ئیلهامبەخش و مامۆستای ئێمە بوو. هەموو خەونی ئەوە بوو، ماستی هەولێر لەسەر ڕەفەی تەواوی فرۆشگەکانی ئەمەریکا ببینێت."
پشتی وەفاتی ڕەشید، هەڵمەت و شاڵاوی برای سەرکردایەتیی کارگەکەیان گرتە ئەستۆ. نووکە دەیان کارکەری کورد کار لە کارگەی ماستی هەولێر دەکەن. ئەوجا دوای ئەو هەموو دەربەدەری و ماڵوێرانییەی ئەم ماڵباتە خۆڕاگرە، زۆرم حەز دەکرد بزانم هەڵمەت هەستی چۆنە، کە ئەو لە بنەچەوە کوردە؟ نەیهێشت قسەکەم تەواو بکەم، ئێکسەر هاتە ئاخڤین، "کوردبوون، هەم شەڕەفە و هەم بەرپرسیارێتی." دواتر کەمێک وەستا، هەناسەیەکی هەڵکێشا، نەمزانی لەو دەمە بیری لە چی دەکردەوە. ڕەنگ بێ قسەکی باوکی کۆچکردووی بیر هاتبێتەوە. "خۆڕاگری و کۆڵنەدانی کورد، ڕۆژانە ڕێنوێنیم دەکات، نەک هەر لە چۆنیەتیی دروستکردنی بەرهەمەکانمان، بەڵکو چۆن بەدەستپاکی و بەخاوێنی ماست بگەینینە کڕیارەکانمان."
من لەو سوالفە دوورودرێژەی لەگەڵ هەڵمەت کردم، تێگەیشتم ئەوان بۆ گەیشتن بەئەمڕۆ تووشی زۆر دەردەسەری هاتوون. تەنانەت لەم ڕێگەیەوە هەڕەشەیان لێ کراوە، ئەگەر ناوی "کورد" لەسەر بەرهەمەکانیان لا نەدەن، تووشی زیان دەبن، چونکی هێشتان دەیان نەتەوەی جودا هەن، بەبیستنی ناوی کورد، دەڕەونەوە. "بڕاندەکەمان نوێنەرایەتیی کورد و مێژووی کوردستان دەکات، قەت سازش لەسەر ئەوە ناکەین." ئەمە بەرسڤی هەڵمەت بووە، بۆ هەموو هەڕەشەکان.
کەیفم لەو پەیوەندییە پتەوەی خۆم دێت لەگەڵ ڕەوەندی کوردی هەم لە باکوری ئەمەریکا، هەمیش لە ئەوروپا. هەر خێزانێکی کورد دەبینم، بەری هەموو تشتەک پرسیاریان لێ دەکەم، چەوا دەتوانین زمان و کولتووری نەتەوەکەیان بپارێزن؟ هەیە دەڵێت: منداڵەکان زوو فێری زمان بکەین. هەیانە پێی وایە، هەموو ساڵەک سەفەری کوردستان بۆ نەوەی تازە، دەرمانی گشت دەردانە. لێ هەڵمەت جودا، ئەڤ پرسگرییە دەبینێت، "خواردن یەکێکە لە بەهێزترین پەیوەندییە کولتوورییەکان، دەتوانین لە ڕێگەی ماستی هەولێر، پارچەیەک لە مێژوو لەگەڵ هەموو کڕیارێکدا هاوبەش بکەین." ئەوجا هەر بەڕاستی، کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر خۆڕایی نەیگوتووە، "لە بۆت دەمرم هەولێرە ماست."