كوڕێكی سرێشمه‌یی له 24 ساڵیدا عاشقی كچێكی خزمی ده‌بێت و پێی ناگات، لە حەژمەتان گوندەكەی بەجێ دێڵێ و لاچه‌پێكی تاڤگه‌ی گه‌لی عه‌لی بەگ دەكاتە پەناگە و تا دەمرێت لەوێ دەبێ. ئەو گەنجە ناوی عه‌لی عه‌بدوڵڵا بوو، دوایێ ناسناوی عه‌لی عاشقی وەرگرت، له شوێنێك كه هه‌ر به عه‌لی ناسراوه تەمەنی خۆی بەڕێ كرد، بەڵام هی یەكەمیان عەلی بەگ و هی دووەمیان عەلی عاشق.
گه‌لی عه‌لی به‌گ كە 95 كم له ناوەندی هه‌ولێر دووره، به‌درێژاییی 12 كم له نێوان هه‌ردوو چیای كۆڕه‌ك و برادۆست هه‌ڵكه‌وتووه، هه‌ریه‌ك له ڕووباره‌كانی (ڕواندز، سیده‌كان و خه‌لیفان)ی پێدا ڕه‌ت ده‌بن. له باره‌ی ناونانی هه‌ژار موكریانی، له شه‌ره‌فنامه‌ی شه‌ڕه‌فخانی بتلیسی (1981) له درێژه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له‌سه‌ر میرنشینی سۆران هاتوون ده‌نووسێت ”عه‌لی به‌گ میری سۆران كاتێك له ساڵی 1601 فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی گرته ده‌ست، پایته‌ختی برده حه‌ریر، پردێكی به‌رینی بەردینی له دواوانی باڵه‌كیان و ڕه‌واندز له‌سه‌ر زێ هه‌ڵبه‌ست و ڕێگه‌ی گه‌لی بۆ كاروانه‌ڕێ خۆش كرد و له‌وساوه به‌گه‌لی عه‌لی به‌گ ناسراوه“، له هه‌مان كاتدا له‌سه‌ر ئه‌و پرده باجی له كاروانچییان وه‌رگرتووه. واته به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه مێژوویییه بێت، مێژووی ناونانی ئه‌و گه‌لییه به گه‌لی عه‌لی به‌گ بۆ سه‌ده‌ی حه‌ڤده ده‌گه‌ڕێته‌وه.
لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا وێنەیەكی تاڤگه‌ی گه‌لی عه‌لی به‌گ كه‌وته سه‌ر دراوی ئەو كاتی عێراق، ئه‌مه‌ش عێراقییەكانی به‌دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێشی گه‌شتیاریی كوردستان ئاشنا كرد، لەمەبەدوا گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری ئەو وڵاتەوە سەردانی كوردستانیان دەكرد بۆ دیتنی گەلی عەلی بەگ.
لەو كاتانەدا گەشتیاران له‌گه‌ڵ گه‌ڕان بەناو سروشته دڵڕفێنه‌كه، پیاوێكی ئه‌سمه‌ری قژ ماش و برنجیشیان له ده‌وروبه‌ری تاڤگه‌كه به‌رچاو ده‌كه‌وت.
به‌ر له‌وه‌ی وێنەی تاڤگه‌كە بكەوێتە سەر دراوی عێراقی، عه‌لی عاشق گۆشەیەكی ئه‌وێندەرێی وه‌ك مه‌نزڵگه‌یه‌ك بۆ خۆی هه‌ڵبژاردبوو، ئه‌و كە بەخۆشه‌ویسته‌كه‌ی نەگەیشت، خه‌م و ناسۆره‌كانی دڵی به خووڕه‌ی تاڤگه دەسپارد.
عه‌لی عاشق دەیگوت ئه‌گه‌ر جه‌ژن یان هه‌ر بۆنه‌یه‌كی تر بێت، ناتوانێ ئه‌و شوێنه به‌جێ بێڵێت، چەند جارێك داوەتیان دەكرد بۆ سۆران، بەڵام ئەو نەیدەتوانی چەند كیلۆمه‌ترێكیش لە تاڤگەكە دوور بكه‌وێته‌وه.
عه‌لی عاشق، كه له‌دایكبووی 1937 بووه، دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له 60 ساڵ له پاڵ گه‌لیدا ژیا، له 2020/10/13 كۆچی دواییی كرد، له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له ڕواندز نێژرا.