ئەگەر یه‌كه‌مین كچ له كوردستان شان به‌شانی كوڕان چووبێته به‌ر خوێندن، نه‌جیبە‌ی كچی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه بووە لە ساڵی 1924دا، ئەوا كچه كوردێكی دیكەی كۆیە به ناوی زه‌ینه‌ب لە ساڵی 1906دا لە بەغدا چووەتە بەر خوێندن و دەبێتە یەكەم كچی كورد چووبێتە قوتابخانە.
دڵدار جه‌لیزاده نووسەرێكی شاری كۆیە و شارەزای مێژوو، لەسەر ئەم بابەتە بۆ (گڵكه‌ند) قسەی كردووە و دەڵێ زه‌ینه‌بی مه‌لا ڕه‌ئووفه فه‌ندی، كاتی خۆی باوكی له ئیستەنبوڵ خوێندنی حقووقی تەواو كردبوو، یه‌كێك بوو له ڕۆشنبیر و شاعیره دیاره‌كانی ئەو سه‌رده‌مە، ساڵی 1906 له قوتابخانه‌ی ڕوشدییه‌ی به‌غدا چووه‌ته به‌ر خوێندن، به‌ڵام نه‌جیبه خانی كچی مه‌لای گه‌وره ساڵی 1924 له كۆیه چووه‌ته قوتابخانه.
هەروەها د. مەهاباد ئازاد سەرۆكی ئینستیتیوتی زەینەب خان باس لەوە دەكات كە زه‌ینه‌بی خوشكی گه‌وره‌ی دڵداری شاعیر، یه‌كێك بووه له چاڵاكوان و شاعیره ڕچه‌شكێنه‌كانی سەردەمی خۆی و كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی دڵداری برا بچووكیدا هه‌بووه، به ڕاده‌یه‌ك دڵدار له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ڕاشكاوانه ده‌ڵێت ”خوشكی گەورەم مورشیدم بوو“.
زەینەب جگە لە شیعر، كاری لە بواری فۆلكلۆر و كۆكردنەوەی ئەدەبی زارەكیشدا كردووە، له دامه‌زرێنه‌رانی ڕێكخراوە سیاسی و نوێخوازەكانی وەكو حیزبی ( هیوا) و (داركه‌ر) و (كۆمه‌ڵه‌ی خۆییبوون) بووه و لە گۆڤاری گەلاوێژدا شیعر و چیڕۆكی بڵاو كردووەته‌وه، له‌وانه چیڕۆكێك به‌ناونیشانی (دوو مەل لە گوڵزارێك)دا.
به‌گوته‌ی دڵدار جه‌لیزاده، نه‌جیبه جه‌لیزاده جگه له‌وه‌ی یه‌كه‌م كچ بووه له ناوەخۆی كوردستاندا بچێته قوتابخانه، له بواری چاڵاكیی ڕێكخراوه‌یی و هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئافره‌تاندا كه‌سێكی چاڵاك بووه و ساڵی 1953 بووەتە بەرپرسی لقی كۆیه‌ی یەکێتیی ئافرەتانی كوردستان.
ئەو ژنە كۆیییە خاوه‌نی ئه‌رشیڤێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو له بیره‌وه‌ری، كه به‌شێكی تایبه‌ته به ڕووداوه‌كانی كۆیه و یاداشتەکانی مەلای گەورەی باوكی و مێژووی بنەماڵەكه‌یان، كه به‌شێكی كه‌میان نه‌بێت چاپ نه‌كراون.