ساڵی ١٩٧٥، لە شەوەزەنگی نائومێدی كورداندا، بڵاوبوونه‌وه‌ی شیعری (ئه‌شق و ئازادی)ی هێمن موكریانی و پاشتریش كردنی بەگۆرانی و تۆماركردنی بەده‌نگی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د جه‌زا، دڕی به‌و تاریكییه دا و ئاهێكی وه‌به‌ر خه‌ڵكی تینوودا هێنایه‌وه. خه‌ڵك پاش كه‌وتن، ئومێدی هه‌ستانه‌وه‌ی له‌ده‌ست نه‌دا، به‌ڵكو هونه‌ر و ئه‌ده‌بی كرد به‌چه‌كی مانه‌وه و هه‌ستانه‌وه، ئەوێ ڕۆژێ خەڵک تینووی كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه، چریکەی دەنگی مۆسیقا، نەعرەتەی ئەکتەرانی سەر شانۆ، كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی، كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاری بوون، ساڵی ١٩٧٦ لە هەولێر و سلێمانی و بەغدا (تیپی موسیقای سلێمانی) بە گوڕەوە هاتەوە مه‌یدان و شۆڕشێکی هونەریی به‌رپا كرد. له‌و ده‌مانه‌دا بوو هێمن موكریانی شیعری (عەشق و ئازادی) لە گۆڤاری (بەیان)دا بڵاو کردەوە، كه پاشتر لە دوو توێی کۆمەڵە شیعری (ناڵەی جودایی)دا چاپی کرد خه‌ڵك بۆ كڕینی پێشوه‌خت ناویان له كتێبخانه‌كان تۆمار ده‌كرد، ساڵی 1977 ڕزگار خۆشناوی میوزیکژەن و هونەرمەند محەمەد جەزا بوێرانه شیعرەكەیان به‌كاسێت تۆمار و بڵاو كرده‌وه. لە بارەی تۆماركردنی ئەو گۆرانییەوە، هونەرمەند ڕزگار خۆشناو بۆ (گڵكه‌ند) گێڕایه‌وه كه پاش ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی مامۆستا هێمنی شاعیر ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له كوردستاندا هه‌بوو، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د جه‌زا داوای لێ کرد شیعرەكه بەشێوەی مەقامی (بەیات) تۆمار بکات، پاش چه‌ند جارێك پرۆڤه‌كردن، لە هەولێرەوە ده‌چنه سلێمانی و له ژوورێكی ماڵی باوكی حه‌مه جه‌زا كه وه‌ك ستۆدیۆی لێ كردبوو، شیعره‌كه بەتەسجیلی (گرۆنیک تاک ٤٦) کە (ئیفێکت)ی سەدای تێدا بوو، بە شەوێک تۆماری ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به‌گه‌یشتنی كاسێته‌كه‌ش به‌هه‌ولێر، جیهانبەخش کۆیی خاوەنی تۆمارگەی خەیام لە شەقامی موزەفەرییە، كه مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی كاسێته‌كه‌ی به‌سه‌ر تۆمارگەکانی سنووری هەولێردا پێ درابوو، ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد؛ نوسخه‌ی ئۆریژناڵی كاسێته‌كه‌یان لای تۆمارگه‌ی شێخ عوسمان له سلێمانی هێنا، هەزاران دانه‌یان لێ فرۆشت، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ”له به‌رده‌م تۆمارگه‌كاندا ڕیزی بۆ ده‌گیرا و بە چوار تەسجیل پێ ڕانەدەگەیشتم“ له‌وه‌یش ترساوه ده‌زگه ئه‌منییه‌كان به‌سه‌ریدا بده‌ن و بیگرن. ئەوان ڕۆژان کاسێتی (عەشق و ئازادی) بەدەنگی (حەمە جەزا) شۆڕشێکی هونەریی نەتەوایەتییانەی بەرپا كرد، بۆیه دوای ئەو کاسێتە، عەبدولغەفار سائیغ ئەمینداری گشتیی ڕۆشنبییری و لاوانی ئه‌و كاتی ڕژێمی لەناوچوو، بڕیاری به‌شداریكردنی هه‌ر ئاهه‌نگ و ده‌ركه‌وتنێكی هونەریی له حه‌مه جه‌زا قه‌ده‌غه كرد.