بژی بەنگلادیشی
بژی بەنگلادیشی

بەیانیان زوو قاوەیەک لە بالکۆنە بەرزەکەمان دەخۆمەوە، لەو بەرزایییەوە دەبینم پیاوێکی لاوازی باریک، ورد ورد هەنگاو بەهەنگاو کیسەیەکی ڕەشی گەورەی لە دەستە، چەند کیسەی درێژی نایلۆنی تریشی بەقایشەکەی پشتییەوە بەستاوە، دەڕوا، زبڵ دەماڵێت، خاشاک کۆ دەکاتەوە، سەیری پێشەوەی دەکات، بەڵام سەری لەسەر قالبی شۆستەکەیە، دەڕوا و پاشماوەی خەڵکەکە، شەقامەکان، کۆ دەکاتەوە. ئەوانەی لە جامی ئۆتۆمۆبێلە گرانبەهاکانیان، لەناو تاکسییە ماندووەکان، دەستە درێژەکانیان فڕێیان دەدەنە سەر جادەکە، سەرکەشانەش لەبەر خۆیانەوە دەڵێن: ئەدی حکوومەت ئیشی چییە، با هەڵیان بگرێتەوە، سامانی ئەو وڵاتە لە کن ئەوانە!
هەر لەوێم، چاوم لەسەر ڕێبوارەکانە، دەبینم پایسکیلێک کە زۆر کۆن و شڕە، بێ ئاوێنە، چاملغ، قایشی قووڕ، خێرا وەک پەیک دەڕوا، تەنگاوە، دەیەوێ زوو بگات، زووش بگەڕێتەوە. ئەو بەو پایسکیلە بەقەد باری پیکەبێکی مۆدیل کۆن پاشماوەی پێیە. بەشێکی بارەکەی بۆ کارتۆن داناوە. لایەکی بۆ قوودی شەربەت، بیرە، ساردەمەنی تەرخان کردووە. باری ناو کیسە گەورە دڕاوەکانی باش پۆلێن کراوە، بەرنامەڕێژە، پێشەوەی بۆ شووشەیە، تەنیشتی بۆ هەڵگرتنەوەی دەبەی ئاوە!
بەنگلادیشییەکانی ناو هەولێر کار دەکەن، چونکە زبڵ، پاشماوەکانی شار و خەڵکەکە زۆرن! هەموومان باش دەزانین ئەو شارە بە شارەوانی پاک ناکرێتەوە، تەواو ناکرێت، هەڵناگیرێت، ئەگەر دەست و پایسکیل و کیسە گەورەکانی بەنگلادیشییە لاواز و ڕەشتاڵەکان نەبێت!
لەو شارەدا سەدان جەستەی ماندووی بەنگلادیشی پیساییی خەڵك پاک دەکەنەوە.
ئەوانیش لەبەر خۆیانەوە، لە تەلەفۆنەکانی بەردەوام بەگوێیەکانیەوە وەنووساوە، قسە دەکەن؛ بە خزم و کەس، برادەر و ژنەکانی جێیان هێشتوون دەڵێن: لەو شارە دەیان ماتۆڕ و بۆدی باریکی ئێمە نەبێت، ئێمەی بەنگلادیشی لاوازیی خەمباری موسوڵمان نەبێت، هەولێرە دێرینەکەیان، پایتەختەکەیان، بەبن زبڵ، کارتۆن، قوودی؛ ئاوی تەماتە، چەرەزات، گۆشت و ماسی دەکەوێت!
منیش دەڵێم؛ ئێوە نەبن، ئێمەی لووتبەرز، ئێمەی ڕەخنەگر، ئێمەی خوێندەواری زمانزان، دەکەوینە بن زبڵ و دەخنکێین!
ئامادەین ژوورەکانمان، ئۆفیسەکانمان، بەر دەرگەکانمان، ناو ئۆتۆمۆبێلەکانمان پاک بکەینەوە، جوانیان بکەین، خزمەتیان بکەین! بەڵام بەهیچ جۆرێک؛ ئامادە نین؛ شەقام، گۆڕەپان و بن دیوارەکانمان پاک بکەینەوە، جوانیان ڕابگرین، خزمەتیان بکەین، دیارە ئەوەش بوویتە کار و بەرنامەی بەنگلادیشییە خوێنشیرینەکانی زوو زوو لێت تێدەپەڕن، بە دەموچاوە ماندووەکانیان بزەیەکت بۆ دەکەن؛ بۆ یارمەتییەک، بۆ نیگایەک پێت دەڵێت؛ ‹›سلام علیک››!


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved