مووچەخۆر یان مشەخۆر
مووچەخۆر یان مشەخۆر

بە ڕای من سەتا پەنجای مووچەخۆرانی کوردستان مشەخۆرن، لەبەرئەوەی هیچ ئیشێک ناکەن.
بڕۆ هەر فەرمانگەیەکی حکوومی، فەرمانبەر بەفەرمانبەر دەڵێ بالک.
ئەگەر فەرمانگەیەک هەشتا فەرمانبەری هەبێت، گرەوت لەگەڵ دەکەم، چل یان پەنجای زیادن، سەرئێشەن بۆ بەڕێوەبەر و ئەوانەشی کە ئیشەکە ڕادەپەڕێنن.
واتە زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر زیادن لە کوردستان.
ڕەگی کێشەکە لێرەدایە. خەتای کێ بوو؟
لە لای هێروە، خەتای پارتی و یەکێتی بوو، بۆ مەرامی دەنگدان، هەرچی جووتیار و کاسب و گوندنشین هەبوو، کردیان بە مووچەخۆر.
پاشی وان، خەتای خەڵکە، تەنبەڵ و تەوەزەلن، چاویان لە ئیشێ نییە.
کاتی خۆی، نێچیرڤان بارزانی گۆتی کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی تەنبەڵە، کردیانە هەرا، بەڵام قسەکەی ڕاستە. زۆربەی تاکی کورد نەک هەر تەنبەڵە، بگرە گەندەڵ و مفتەخۆرە، نایەوێت هیچ ئیشێک بکات.
کەمت گێ لەم قسانە بووە؟ تەعین بە لۆ خۆت، ئیسراحەت دەكەی! مووچەکی جوان وەردەگری و ئیشەکی واش ناکەی، لە داهاتووشدا لۆ خۆت تەقاویت دەبی، چ عەیبیتی؟ لۆ خۆم دەچمە ئەوروپای، هیچ ئیشەك ناکەم و لێ پار دەدەمەوە.
هەموو ئەوانەی چوونە ئەوروپا، تەنبەڵ بوون. لەوێ پاریان دایتەوە و بوونەتە مشەخۆر. ئەوجە هەندێک لەو مشەخۆرانە، لێرەش مووچە وەردەگرن. ئای کو بندیوار داکی مەی گەستییە.

چارەسەر چییە؟
کاتی خۆی بەرهەم ساڵح کە سەرۆک وەزیران بوو، گوتی هەر فەرمانبەرێک ئیستیقالە بدات، تا ساڵێک، نیو مووچەی دەدەنێ. ئەمە وەک هاوکاری و هاندانێک بوو، تا ئەو مشەخۆرانە لە کۆڵ حکوومەت ببنەوە. بیرۆکەیەکی باش بوو بەس بەرهەم نەوێرا جێبەجێی بکات.
ئەمن پێشنیازێکی دیكە دەكەم:
هەر فەرمانبەرێک واز بێنێت، یەک دەفتەر وەردەگرێت. هەر یەکێک بڕەک بجووڵێت، بە دەفتەرێک دەتوانێت ئیشێک بکات، دوو ئەوەندەی مووچەکەی پەیدا دەکات. بەس ئەو خەڵکە فێرە تەنبەڵی بووە.
پێم سەیرە گەنجی کورد چاوی لە مووچەیە.
بۆ ناچی خۆت فێری پیشەیەک بکەی؟ هەر پیشەیەک فێر بیت، چار هێندەی مووچەکەت بەدەست دەکەوی، بەس بجووڵێ. گەنج دەناسم زۆر لێهاتووە، چەندان پیشە دەزانێت، بەس لەبەرئەوەی فەرمانبەرە، دەستی لە خۆی بەردایە و یەک ئیش ناکات. هەر بەڕاستی بوونە فەرمانبەر، گۆج و گەوجت دەکات.
دەزانن هیچ حکوومەتەك پێویستی بەو هەموو فەرمانبەرە نییە؟ دەزانن یان نا؟.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved