”دەف پیرۆزە، شوێنێکی گونجاوە بۆ هەڵگرتنی وشە“
لە ژوورێکی ماڵەکەیدا، بەسەرنجێکی قووڵەوە بە پەنجە باریكەكانی خەریکی نووسینی دێرەکانی شیعرێکی نالییە لەسەر پێستی دەفێکی دەستکرد. سینا ڕێکانی (تەمەن 24 ساڵ) ماوەیەكە هونەرێکی تایبەت بەخۆی دروست كردووە، شیعری کلاسیکیی کوردی، هونەری خەتخۆشی و دەف لە یەک بەرهەمدا کۆ دەکاتەوە.
ئەو كە دەرچووی بەشی بایەلۆجیی گشتییە، بەهۆی حەز و خولیای بۆ هونەری خەتخۆشی و وێنەکێشان، هیچ کات لە بواری خوێندنەكەیدا کاری نەکردووە، سینا دەڵێ ”ڕاستەوخۆ دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، دەستم دایە ئەو کارەی خەونی من بوو، هونەری وێنەکێشان و خەتخۆشی“.
سەرەتا لە ماڵەوە لە ڕێگەی نامیلکە و ڤیدیۆ خۆی فێری سەرەتاكانی خەتخۆشی کردووە، دواتر لای مامۆستا عەلی ئەڵوەنی یەکێک لە ناسراوترین خەتخۆشەکانی کوردستان، فێری بنەماکانی خەتخۆشی بووە. ئێستەش قوتابیی خۆشنووسی نێوداری کوردستان کارزان ئەفەندییە، سینا دەڵێ ”لە هونەری خەتخۆشیدا، بەردەوام پێویستت بەڕاهێنانە“.
بۆ سینا، جۆری خەت بەپێی ناوەڕۆکی شیعر دەگۆڕێت، بەڵام زۆرتر خەتی سولس و ڕوقعە بەکار دەهێنێ، كە سولس یەکێکە لە جوانترین و سەختترین شێوازەکانی خەت، بە هێڵی ئەستوور و نەخشی ڕازاوە دەناسرێتەوە. خەتی ڕوقعەش شێوازێکی خێرا و سادەیە کە زۆرتر بۆ نووسینی ڕۆژانە بەكار دێت. سینا پێی وایە بەو دوو خەتە، شیعری كلاسیكیی كوردی ڕازاوەتر دەردەكەون.
ئەو كچە لە منداڵییەوە حەزی لە هونەری نووسین و وێنەکێشان بووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆش لە ڕێگەی دروستکردنی پێگەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی بە هونەری نووسین و وێنەکێشان كردووە و بەرهەمەکانی بڵاو كردووەتەوە، دەڵێ ”خەڵک زۆر داوایان لێ دەکردم تابلۆکانیان پێ بفرۆشم، بۆیە بڕیارم دا دەست بەفرۆشتن بكەم“. بەڵام بیرۆکەی نووسین لەسەر دەف کاتێک لای دروست بوو کە کەسێک دەفێکی لە ڕانیەوە بۆ ناردووە و داوای لێ كردووە وێنەیەکی مەولانا و شیعرێکی مەحوی؛ شاعیری کلاسیکی کوردی لەسەر بنەخشێنێ، ئەمەش بووەتە بیرۆکەی سەرەکیی بۆ داهاتووی کارە هونەرییەکانی سینا.
ئەو دەڵێ ”دەف لە کولتووری کوردیدا مێژوو و پیرۆزییەکی گەورەی هەیە، بۆیە پێم وا بوو جێگەیەکی گونجاوە بۆ هەڵگرتنی وشەکانی شاعیرە گەورەکانمان“.
بۆ هەڵبژاردنی شیعرەکان، سینا پێی وایە شیعری کلاسیکیی کوردی، بەتایبەت هی شاعیرانی وەک نالی، مەحوی، سالم، وەفایی و کوردی، قووڵایی و جوانییەکی تایبەتیان هەیە.
بەدیواری ماڵەکەیدا چەندین تابلۆی نووسین و وێنەکێشان لەسەر دەف دەبینرێن، وەک ئەوەی لەنێو گەلەرییەکدا بیت، یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کارەکان دەفێکە کە وێنەی قەڵای هەولێری لەسەر دروست کراوە و ئاسمانەکەی بەشێوازە بەناوبانگەکەی هونەرمەندی جیهانی ڤانکوخ تێکەڵ کراوە. شیعرێکی شاعیری کلاسیکی کورد نالی بەدەوریدا نووسراوەتەوە:
بە نەوعێ عاشقی ڕووتم خەریکم ڕوو لە سەحرا کەم
وەکو دەروێش و دێوانە بە جارێ تەرکی دونیا کەم
پرۆسەی کارکردنی سینا لە چەند قۆناغێک پێک دێت. سەرەتا شیعرێک هەڵدەبژێرێت یاخود لەسەر داواکاریی ئەو کەسانەی دەفەکان دەکڕن بەچەند شێوازێک دەینووسێتەوە. دواتر دەفێکی گونجاو لە ڕووی قەبارە و جۆری پێستەکەیەوە دیاری دەکات. پێش دەستکردن بەنووسین، نەخشەیەکی سەرەتایی دادەڕێژێت و دواتر بە قەڵەم و فڵچەی تایبەت دەست دەکات بەنووسین.
سینا دەڵێ، پرۆسەکە دەکرێ لە دوو ڕۆژەوە تا هەفتەیەک بخایەنێت، بەپێی ئاڵۆزیی شیعر و دیزاینەکە نرخی دەفەکانیش دەگۆڕێن. ئەو بۆیەی ئەكریلیك بەکار دەهێنێت کە لەگەڵ پێستی دەف گونجاوە، دەبێ بەرگەی کات بگرن و زیان بەپێستەکە نەگەیەنن و لە کاتی دەفژەنینیشدا نەکەوێت.
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم کاری سینا، مامەڵەکردنە لەگەڵ سروشتی ناسک و هەستیاری پێستی دەف. ئەو دەڵێ هەندێک جار دوای ماوەیەک، پێستەکە دەکشێت یان چرچ دەبێ، بۆیە دەبێت زۆر بەوریایییەوە کارەکە بکات و ئاگەدار بێت كە دەفەکان بە بۆیەکە پیس نەبن.
سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، سینا پێی وایە خۆشترین بەشی کارەکەی، بینینی ئەنجامی کۆتاییی کارەکانی و ساتەکانی وردبوونەوەیە لەسەر نووسینی دێرەکان. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەردەوام لە هەوڵی ناساندنی ئەم هونەرە نوێیەیە بەگەنجان و نەوەی داهاتوو.