ڕەسول گەردی کە یەكەم جار گوێی لە دەنگی خۆی بوو
ڕەسول گەردی کە یەكەم جار گوێی لە دەنگی خۆی بوو

وەك زۆربەی هونەرمەندە گەورەكانی تر، بەسەرگەردانییەوە لەو گوندەوە بۆ ئەو گوند، لەو شارەوە بۆ ئەو شار، ئارامیی لە خۆی بڕی، تا بتوانێ هونەرەكەی بگەیەنێتە ترۆپكی ڕەسەنایەتی.
ڕەسووڵ بێزار گەردی لەگەڵ لەدایکبوونیدا لە ١٩٢٦ لە گوندی قەرادگەی دەڤەری بەڕانەتی، هێشتا فامی نەکردووە بابی ماڵئاواییی کرد، دوو برای هەبوو، مەرگ ڕاپێچی کردن، بە تەنها خۆی ماوەتەوە و داپیرەی گرتوویەتییە خۆی و هێناویەتی بۆ هەولێر.
چووەتە قوتابخانە و تا پۆلی پێنجی سەرەتاییی خوێندووە، نۆرەی گەڕان بەدوای بژێویی ژیاندا هاتووە، لە هەمان كاتدا هەستی كردووە بەهرەی دەنگخۆشیی تێدایە، لە سەرەتای چلەکاندا چووە ڕادیۆی کوردیی بەغدا، لەسەر دەستی مامۆستا میوزیکزانەکان تاقی کرایەوە و سەرکەوت، لە پاڵ عەلی مەردان، محەمەد عارف جەزراوی، حەسەنێ جزیری و مریەم خاندا ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆ بەشداریی ئاهەنگەکانی ڕۆژانەی دەکرد، چونکە ئەوکات هێشتا ئامێری تۆمارکردن نەگەیشتبووە ڕادیۆكە.
پاش ماوەیەک کۆمپانیای چەخماخچیی قەوان لە بەغدا داوایان لێ کرد چەند حەیرانێک و گۆرانییەکیان لەسەر قەوان بۆ تۆمار بکات، لەم بارەیەوە ڕۆژێك خۆی گێڕایەوە كە یەکەم جار حەیرانی کیژۆڵە ئەسمەرێی لەو کۆمپانیایە لەسەر قەوان تۆمار کرد، جگە لەوەی سێ دینار پاداشتی وەرگرت، دوای ئەوەی قەوانەکەیان لە بەیرووت هێنایەوە، یەکەم جاری بوو گوێی لە دەنگی خۆی بێت و بەلایەوە شتێكی خۆش و لە هەمان كاتدا سەیریش بوو.
هەروەها باس لەوەش دەكات كە ئەو کات جیهازی قەوان و ڕادیۆ تەنها لە ماڵە ئاغا و چایخانەکان و ماڵە دەوڵەمەندەکان هەبوو، بەڵام ئەو قەوانەی ئەو حەیرانەی لەسەر تۆمار کرابوو لە هەموو ئەو ماڵانە بەتایبەتی لە دەڤەری دەشتی هەولێر و خۆشناوەتی و چایخانەی عەلی فلەیح لێ دەدرا، دەڵێ “ئەو دەمی کەیفی دنیایێم بەخۆ دەهات”.
ڕەسووڵ گەردی لە بواری داهێنانی حەیران بە بەراورد لەگەڵ حەیرانبێژانی پێش خۆی و سەردەمی خۆی، دەستپێشخەر بووە، چونکە ئەوان نەیانتوانیوە لە قاوغی دیوەخان و مەجلیسان بیهێننە دەرەوە، بەڵام ئەو هەر زوو ئەو زیرەکییەی لێ بەدەرکەوت کە بتوانێ نۆتە و تۆنەکان بناسێتەوە و دەنگی خۆی لەگەڵ ئەواندا بسازێنێ و بەپێی ئەم خاسیەتە حەیران و گۆرانی بچڕێت، هەر زووش شارەزاییی پەیدا کرد لە ناسینی مەقامەکان، بەتایبەتی مەقامی بەیات.
بەهۆی ئەوەی ڕەسووڵ گەردی خاوەنی هەناسەیەکی درێژ بوو، دەیتوانی سەربەند و ناوبەند و دوابەند وەستایانە لە شوێنی خۆی بەپێی مەقامی داڕێژراوی بەیات تەواو بکات، ئەم خاسیەتە هونەرییانەش بەتەواوی لای ئەو هەبوو، ڕەنگە لای هەندێ لە حەیرانبێژەکانی سەردەمی خۆی نەبووبن.
دوای هاتنی جیهازی تۆمارکردن بۆ ڕادیۆ، بەپێی مێژووی ئەرشیفی مەکتەبەی ڕادیۆی کوردی بەغدا، ڕەسووڵ گەردی یەکەم کەس بووە حەیرانی لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا و تەلەڤزیۆن تۆمار کردووە، یەکەمین هونەرمەندی کوردیشە حەیرانی لەسەر قەوان تۆمار کردبێ، لە هەمووشی بەهرەدارتر زیرەکیی ئەو بوو، کە خودی خۆی وەک یەکەم کەسیش حەیرانی نووسیوەتەوە و دایڕشتووە.
دوای شارەزابوونی بە تەواوی لە چۆنیەتیی هونەری گۆتنی حەیران، توانی حەیران لە مەقامی بەیاتەوە بگوازێتەوە بۆ سەر مەقامەکانی سەبا، حیجاز و نیوەشەوە، تا بەم جۆرە مەقامانەش حەیران بڵێ، زۆر جار شیعری کلاسیکیی شاعیرانیشی بەنەزمی حەیران گۆتیتەوە، بەبێ ئەوەی کەس هەستی پێ بکات، هەروەها نوێکارییەکی دیکەی لەناو سیستەمی حەیرانگۆتن هێنا کایەوە، ئەویش تەنها نوزەی شمشاڵێک یان دوزەلەیەکی وەک میوزیک بۆ حەیرانگۆتن گواستەوە بۆ حەیرانگۆتن لەگەڵ تیپی مۆسیقای هاوچەرخ و وەرگرتنی سۆڵۆ بە ئالەتە میوزیکییەکانەوە، لەمەشیاندا ئەو پێشڕەو بووە و تا ئێستە وەکو میراتێک بۆ عەقڵیەتی ئەو ماوەتەوە.
ڕەسووڵ گەردی شاعیرێکی بەسەلیقە بووە، ٤٢٧ شیعری بۆ گۆرانییەکانی خۆی داناوە، بێجگە لە نووسین و داڕشتنی هەموو حەیرانەکانی، لە پاڵ ئەمانەشدا ئاوازدانەرێکی لێهاتوو بووە، هەر خۆی ئاوازی بۆ هەموو گۆرانییەکانی خۆی داناوە و تا ئێستەکە سێ دیوانی شیعری بە ناوەکانی بژار، گوڵە مێلاقەی کوردستان و شیلان و شلێر چاپ كراون، یەکەم گۆرانیبێژ بووە لە سەرەتای پەنجاکان لە شیعر و ئاوازی خۆی گۆرانیی بۆ هەولێر گوتووە.
هونەرمەند ڕەسووڵ گەردی لەگەڵ ئەوەی بە تەنها دەژیا، بەڵام بەردەوام کەسێکی پۆشتە و قۆز بوو، هەرگیز ڕێگەی بە هیچ کەسێک نەدەدا بەپێڵاوەوە بچێتە ماڵەکەی، خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ئەلبوومی وێنەکانی خۆی و هاوڕێکانی بوو، کە گوزارشتیان لە کاروانی هونەرەکەی دەكرد جا هەر لە چلەکانەوە تا کاتی بەر لە ماڵئاواییکردنی، ئامادەش نەبوو هیچ وێنەیەک بداتە هیچ کەسێک و دەیگوت ”ئەمە سەروماڵی منە“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved