قادر وەها بەشان و باڵی کۆترەکانیدا هەڵدەدا، تووشی شۆکی دەکردی، دەیگوت ئەو کۆترە لە هەڵفڕینی دوو بست، سێ چار تەقڵەی لێ دەدا. دوای مشتومڕی زۆر لەسەر ئەوە ڕێک کەوتین کۆترەکی بە شەش درهەم لێ بکڕین، بەڵام من تەنها دوو درهەمم لە گیرفان بوو، ماڵی قادری لە کۆڵانەکەی ماڵی شێخ تاهیر نەقشبەندی بوو، باوکی شێخ ئەحمەد نەقشبەندی و نەشئەت و خالید، کە دەیکردە ماڵی خوشکەزای شێخ مستەفای نەقشبەندی.
ئەوان وەک بنەماڵە و ناوبانگ مایەی ڕێز و حورمەتێکی زۆر بوون. هەر بەو ئیعتیبارەش کە ئەمن خزمی وانم و ناونیشانی دوکانەکەی باوکیشم دا. قەناعەتمان بە قادری هێنا کە دوو درهەمەکەمان لێ وەرگری، باقییەکەش دواتر بیدەینێ. کۆتری تەقلەباز دوای سێ چوار ڕۆژان لە پڕ بزر بوون. نەمزانی لە ماڵی خۆمان شوێنبزریان کردن لۆ ئەوەی دوورم خەنەوە لە غارەغاری سەر دار و دیواران؟ یان بەگەر ڕەوە کۆتری قادری ساحێبەکەی کەوتینەوە کە بەردەوام لە ئاسمانێ بوون.
بەو حارە باقی قەرزەکەی کۆترەکەم لەبیر کرد، بەڵام ڕاستیان گوتووە كە قەرز کۆن دەبێ بەڵام ناسڕێتەوە. ڕۆژێکیان زەنگی مۆبایلەکەم لێی دا، زەلامێک چاک و خۆشی لەگەڵ کردم، ئەوە بەر لە دە ساڵ، دەنگەکەم لا نامۆ نەبوو. گوتم کێی جەنابت؟ گوتی من کابرایێکم چاک دەمناسی. قەرزێکی کۆنمان لە نێوانە. گوتم قەرز! قەرزی چی؟ گوتی ئەگەر لە بیرت بی لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو خۆت و برادەرێکت هاتن جووتە کۆترێکی شینتان لێ کڕیم و دوو درهەمتان.. من یەکسەر مامەڵەکەم بەبیر هاتەوە و قسەم پێ بڕی. گوتم: ئا، وەڵڵاهی ڕاست دەکەی. بەپێکەنینەوە گوتی دەکەواتە کاک سەباح دونیا مەرگ و مردنە. با ئەو حەق و حیسابەی نێوانمان ساغ کەینەوە. بێ یەک و دوو گوتم کاک.. ببوورە ناوەکەم لە بیر کردی، ئامادەم ئەوڕۆ قەرزەکەت بدەمەوە، کوی کەیفت لێ بی. بەڵام ڕاستیێکیشت پێ بڵێم کاتی خۆی کۆترەکانم بزر کرد، لۆیێ ئەمنیش خۆم لە توو بزر کرد. هاتە قسە و گوتی:- دەبا ئەمنیش خۆم لۆت ئاشکرا بکەم. ئەمن مام قادرم. لە ڕاگەیاندنی ناوچەی زانکۆی سەڵاحەدین کار دەکەم. ئەوجا ئەو نهێنییەشت پێ ڕابگەینم. کۆترەکانی من ڕەسەن و ماڵی بوون، پاش سێ چوار ڕۆژان گەڕانەوە لای خۆم.
ئیتر بووە پێکەنین و سوعبەتی خۆش. پاکاوپاک دەرچووین و کەس لە کەس.
مام قادر کەسایەتیێکی بەئاگا و ڕۆشنبیر بوو، زۆریش چاڵاک بوو لە پەیوەندیی بە ڕاگەیاندنی بیستراوەوە، هەمیشە کۆمێنتەکانی پوخت و بەجێ بوون. ئەو بەسەرهاتە ئەوەی بۆ سەلماندم کە وەفاداری و ڕاستگۆییی مرۆڤ وەک ئەو نەمامەیە کە ڕەگوریشەی قووڵی هەبێت، ئەگەر وشکیش بێتەوە، ڕۆژگارێک دێت سەرهەڵبداتەوە و سەوز بێتەوە.
جاروبارێک ئامۆزایەکانی باوکم لە خۆشناوەتی سەردانیان دەکردین، بەتایبەتیش لە وەرزی پەیدابوونی مێوەجاتی ڕەز و باخچەی هەنار و هەنجیران. وێنای ڕێوڕەسمی هاتنی مام ڕەسووڵم ئێستەش لەبەرچاوە. من باری سەر پشتی کەرێم لا گرینگ نەبوو. هەر کە کەرەکە دەگەیشتە ڕاست چایخانەکەی مام حوسەی، دەستی بەزەڕینە ناوازەکەی دەکرد، ئەو دەنگە ئەوەندە بەرز بوو دەتگوت بەبڵندگۆ بەستراوەتەوە.
من ئاشنای شێوەی زەڕینی بووبووم، ئەگەر دەستم لەناو هەنگینی بایە، جێم دەهێشت و غارم دەدا کۆڵانێ.
مام ڕەسووڵ هەرکە چاوی پێ دەکەوتم لە باوەشی دەكردم و ئەولا و ئەولای ماچ دەکردم. زۆری کەیف بە من دەهات. پەتکی کەرێی دەدا دەستم، لۆ خۆشی قەرتالە و شتەکانی دەهێنا خوارێ. دەیزانی ئەمن چاوەڕێی چمە. بەهەردوو دەستان لەبن پیلم هەڵی دەگرتم و دەیهاویشتمە سەر پشتی کەرەکەی. پەتکی دەدا دەستم و دەیگوت سەباح خۆت قایم بگرە، نەکەوی. هەتا سەری کۆڵانێ بڕۆ و بگەڕێوە، دوور نەڕۆی. هەرکە مام ڕەسووڵ چووە ژۆرێ من حەچەم لە کەرێ کرد. دوو جاران ئەوسەر و ئەوسەری کۆڵانێم پێ کرد. پاشان لای سەکۆی ماڵی حەمەوەیس چایەچی هۆششەم لە کەرێ کرد و هاتمە خوارێ، لۆ خۆم کێشم کەم بوو. ڕۆژ هەتا ئێوارێ ڕمبازیم دەکرد. تەقڵەم لێ دەدا و لەسەر دەستم دەڕۆیشتم، ویستم لە سواربوونی کەرێش خۆم بجەڕبێنم، چوومە سەر سەکۆیەکە و خۆم هەڵدا سەر پشتی، کەرێ بۆز خۆی لادا و من ئاودیو بوومە ئەوبەری و سەراوسەر شرپەم لێوە هات و زیڕەم لێ هەڵسا. گوڵشای مەلا ئەحمەدی لە بەردەرگەی ماڵی خۆیان بەهاوار غاری دا ماڵی مە. ئەمنیش لە ئازاری کەوتنەکەم هاوارم دەکرد. کەریش لەگەڵ دەنگی من دەزەڕی، وەک ئەوەی پێم بڵێ مستەحەقت بی. ئەو کۆڵانە بە هورد و درشتی خڕبوونەوە سەرم.
مام ڕەسووڵ لە باوەشی کردم و گەیاندمیە ژوورێ، خەبەریان دا وەستا ڕەحمانی باوکم. ئەویش بە غار هاتەوە. دەرکەوت باسکی چەپەم شکایە. ئەمنیان گەیاندە لای بەیتاری و شکانەکەیان هێناوە جێ، دوو هەفتە دەستیان پێچام و لە قوتابخانەش دابڕام، مام ڕەسووڵ و کەرەکەش بەشەرمەزاری کۆتایییان بەسەردانەکەیان هێنا. ماوەیێکی دوورودرێژیش سەردانیان نەکردینەوە. خەتاکەش هی من بوو.
(ئاوی کەسک و سۆر) نافورەكی ئاوی ڕەنگاوڕەنگ بوو لە چوارڕیانی شیراتۆن کە شەوانە خەڵکانێکی زۆری ئەو شارە بە ژن و منداڵ و پیاوەوە ڕوویان تێ دەکرد. کەشوهەوای ئەو کرانەوە کۆمەڵایەتییە بۆ من وەک منداڵێکی پڕ حەز و ئارەزوو و چاوکراوەی بزێو، دەرفەتێکی زێڕین بوو. بۆنە و جەژن و یادکردنەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی زۆر بوون. جادە و کۆڵانەکانی شار قەرەبارغیی پێوە دیار بوو، ئەو ژینگە تازەیە بۆ من مایەی خۆشحاڵی بوو. لە گۆڕەپانی ناو ئۆردوگای هەولێر ساڵانە نمایشی سەربازی ڕێک دەخرا. لە هەمووی سەیر و سەرنجڕاکێشتر نمایشی (عەریف خدر)ی بوو پیاوەکی کەڵەگەتی چوارشانە بە سواری ماتۆڕسیکلی دەردەکەوت، زەلامێک لە قەڵاقۆچکی دەوەستا دووانیش لەوبەر و ئەوبەری ماتۆڕەکە، هەمووی سەرباز بوون، لە ناکاو ئەو سێیە خۆیان لە ماتۆڕ هەڵدەدا. ئەوجا خۆی بەتەنیا بەدەم هاژووشتنی ماتۆڕ هەڵدەستاوە سەرپێ، چەندین جۆر پاڵەوانبازیی دەکرد، ئەو حەشاماتەی تەماشاکەرانیش تێکڕا بەفیتە و چەپڵەڕێزان هانی عەریف خدریان دەدا.
عەریف خدر خاوەنی دوکانێکی وێنەگرتن بوو لە شەقامی موزەفەریە. من لۆ خۆم ئەوەندە سەرسامی تواناکانی ئەو پیاوە بووم، هەرکە ماتۆڕی جاوە لە هەولێر پەیدابوو، لای پایسکلچییەکان بەکرێ دەدرا. زوو لەگەڵ برادەرانی گەڕەک خۆمان گەیاندە ئەو دوکانەی ماتۆڕی.
هێشتا مانگ و نیوەک بەسەر باسکشکانەکەمدا تێنەپەڕیبوو، ئەوجارە لە سواری ماتۆڕی دەمویست لاساییی عەریف خدری بکەمەوە، هەردوو دەستم لە سوکان بەر دا. ماتۆڕ بەلادا چوو و خۆم کێشا بە سەکۆی شۆستەکەی جادەی شێخەڵڵا. ماتۆڕ بەلایێکدا کەوت و منیش بە لایێکدا. دووبارە باسکم لە هەمان شوێن شکاوە. هەردوو برادەرەکانم خالید و سابیر گەیشتنە سەرم. خالید بە سواری ماتۆڕی خۆی منی گەیاندەوە ماڵێ و سابیریش ماتۆڕەکەی منی بردەوە دوکانی خاوەنەکەی. جارێکی تر دەستیان لە زەردێنەی هێلکە و سابوونی ڕەقی پێچا و سێ چوار چیلکە قامیشیان لەگەڵ چەسپاند بە چەفیەکی سپی بە ملیاندا هەڵواسیم. دووبارە حەفتەیێک لە خوێندن دابڕام. بەڵام هێشتا تەمبێ نەبووبووم.
هەرکە لە ماڵێ لێم خافڵ بان، غارم دەدا کۆڵانێ. دوای دە پازدە ڕۆژ، دەستیان کردمەوە، دیسان لە گەمە و ڕمبازی لە گۆڕەپانی قوتابخانە، ڕەمزیی برادەرم پاڵی پێوە نام و کەوتمە سەر هەمان دەستم. دیسان باسکم لە هەمان شوێن شکاوە. ئەوجارە بە پەلە گەیاندمیانە نەخۆشخانەی قوتابیان کە ڕێک بەرامبەر قوتابخانەکەمان بوو. تەڵعەت عارفیش نزیکترین برادەرم بوو، غاری دا دوکانەکەی باوکم، ئاگەداری کردەوە، ئەویش هات. ئەوجارە باسکیان لە گەچ بەستم و بە دۆراغیش بە ملیان هەڵواسیم. ئاگام لێ بوو باوکم قسەی لەگەڵ دوکتۆر و پەرستار خدر وادی دەکرد، دەیگوت دوکتۆر بکەنە ڕاهی خوای بیترسێنن، بەڵکو سکتر دەبی و دادەکەسێ. خدر وادیش بە کوردیێکی تێکەڵ بە عارەبی دەیگوت (لا اسمع زین. ئەگەر بشکێ. ئەوجارە گەسی دەکەین) بە دەستیش ئاماژەی بڕینی مشاری دەکرد. ئێستەش هەر وە دەزانم دوێنێیە. شکلوفیساڵی خدر وادیم بە باڵابەرزی و ڕەشتاڵیەکەی لەبەرچاوە. قسەکانیشی چووە گوێم.
هەر لەو ساڵەش خوشکم (حەمدیە) خوێندنی خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کرد. پاش چەند مانگێک وەک مامۆستا لە شەقڵاوە دامەزرا. خوێندنی منیش گوازرایەوە بۆ ئەوێ. لێرەوە فەزڵی گەورەی ئەو خوشکەم لە پێگەیاندن و پاڵپشتی و دروستبوونی کەسایەتی و پەرەسەندنی بەهرە و حەز و تواناکانم یەکجار زۆرن.
قۆناغی خوێندنی دوو ساڵی شەقڵاوە بۆ من دەستپێکی ڕەخساندنی هەموو ئەو دەرفەتانە بووە کە بەهرە و تواناکانی دەرخستم. زۆرێک لە حەز و ئارەزوو و داخوازییەکانم لەو دوو ساڵەدا هاتنە دی. لەو قۆناغەش متمانەیەکی زۆرم بەخۆم پەیدا کرد.