تێچووی گۆڤارەكە بەشێكی له‌لایه‌ن شارەوانیی هەولێر و به‌شێكیشی له ڕێی كڕین و به‌شداریی مانگانه‌ی دەوڵەمەند و دوكاندارەكانی ناو بازاڕی هەولێره‌وه دابین كراوه
یەكێك لە شانازییە‌كانی شارەوانیی هەولێر دەركردنی گۆڤاری (هه‌ولێر) بوو، كه ڕاسته‌وخۆ دوای ڕێكکه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 بۆ بره‌ودان به‌ڕۆشنبیری و چاپەمەنیی كوردی ده‌رچووه، هەر لە سەرەتاوە ژماره‌یه‌كی به‌رچاو لە بابەتی نووسەرانی ژن به زمانەكانی كوردی و عه‌ره‌بی تێدا بڵاو دەكرایەوە.
سەرنووسەری گۆڤاره‌كه ڕووناكبیری ناودار محەمەد مەولوود (مەم) بوو و گۆڤارەكەش بەشێوەی مانگانه دەردەكرا، تەنها 12 ژمارەی لێ دەرچووە و بەدیزاینێكی سەردەمییانەی ئەو كات دەنەخشێندرا و چاپ دەكرا.
تێچووی گۆڤارەكە بەشێكی له‌لایه‌ن شارەوانیی هەولێر و به‌شێكیشی له ڕێی كڕین و به‌شداریی مانگانه‌ی دەوڵەمەند و دوكاندارەكانی ناو بازاڕی هەولێره‌وه دابین كراوه.
پیرباڵ مەحموود كە خۆی یەكێك بووە لە دابەشكارانی گۆڤارەكە، له دیمانه‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: زۆربەی كات خۆم گۆڤارەكەم دەبردە قەیسەری و پیاوە دەوڵەمەندەكان دەیانكڕی، نەك له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندەوار بوون، زۆربەیان هەر نەیاندەزانی كوردی بخوێننەوە، بەڵكو لەبه‌رئه‌وه‌ی دەیانزانی ئیشیان بەشارەوانی دەبێت.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، هەبوونی چه‌ندین قه‌ڵه‌می ژن بوو له گۆڤاره‌كه‌دا، لەوانە: د. كوردستان موكریانی، گەلاوێژ شەفیع، دایكی سۆران، جەمیلە ئیبراهیم، سوڵتانە عەبدولوەهاب، ئیمان و سامیە چاوشلی و چەند ژنی تر.
گەلاوێژ شەفیع، لە ژمارە یەكی گۆڤارەكە بابەتێكی نووسیوە بەناونیشانی «دەوری ئافرەت لە خەباتی گەلەكەماندا»، لە ژمارە (2 و 3)ی گۆڤارەكەدا كە بەیەكەوە دەرچوون، دایكی سۆران بابەتێكی نووسیوە بەناونیشانی «شیردانی ساوا»، لە ژمارە (4 و 5)دا، جەمیلە ئیبراهیم بابەتێكی بەناونیشانی (تەله‌ڤزیۆن) نووسیوه، باس لە هاتنی ئامێری تەلەڤزیۆن دەكات بۆ كوردستان بەتایبەت بۆ هەولێر، كه چۆن خێزان لە دەوری ئەم ئامێرە كۆ ده‌كاته‌وه و بابه‌تێكی سه‌رنجڕاكێشه.
لە ژمارە یەكی ساڵی دووەمی گۆڤارەكەشدا سامیە چاوشلی بابەتێكی نووسیوه بەناونیشانی «ئافرەت و خوێندەواری». هەر لە هەمان ژمارەدا (د. كوردستان موكریانی) چیڕۆكێكی بۆ منداڵان بڵاو كردووەتەوە بەناونیشانی (قەڵەڕەش و مام ڕێوی).
گۆڤارەكە دوای ژمارە (3) بۆ ماوەی شەش مانگ وه‌ستاوه، پاش ئه‌وه شارەوانیی هەولێر ژمارە (4 و 5) بەیەكەوە دەردەكاتەوە، كه تێیدا سه‌رنووسه‌ری گۆڤارەكە له گۆشه‌ی «وتاری ژماره«دا وتارێك به‌ناونیشانی «هەولێر.... بۆچی...؟» بڵاو كردووەته‌وه، تێیدا باس له هۆی ده‌رنه‌چوونی گۆڤاره‌كه له‌و شه‌ش مانگه‌دا ده‌كات و بۆ دوو خاڵی ده‌گێڕێته‌وه:
یەكەم: دەستكورتیی شارەوانیی هەولێر، كه ته‌نانه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نییه ئەركی سەر شانی خۆی بەرامبەر شاره‌كه جێبه‌جێ بكات، له بارێكی وایشدا ده‌ركردنی گۆڤار لە ڕیزی دووەمی ئه‌ركه‌كانیدا ده‌بێت. هه‌ر بۆیه داوا له حكوومه‌ت ده‌كات ئاوڕێكی زیاتر له شارەوانیی هه‌ولێر بداته‌وه و بودجه‌ی پێویست بۆ ئه‌ركه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و ڕۆشنبیری ته‌رخان بكات.
دووەم: كزیی بایه‌خدانی خوێنده‌واری كورد به‌خوێندنه‌وه و چاپەمەنیی كوردی، ڕاشكاوانه ده‌ڵێت «بەداخەوە ئەڵێم ئێمە پاش هەموو شتێك بیر لە خوێندەواری و كڕین و خوێندنەوەی نووسراوی كوردی دەكەینەوە!! ئەوەی چەند دینارێكی هەیە هەوڵی ئەوە دەدا دینارەكانی پتر بكات، جا بەهەر ڕێگەیێك بێت، ئەوەی گەنج و خوێنگەرمیشە ئەوا لاپەڕەكانی (الموعد) و (الشبكة) و (الف لیلة) بەگوێرەی دڵی ئەوان ڕازاوەتەوە!».
گۆڤاری هەولێر دوو ساڵ بەردەوام بوو، لە ساڵی سێیەمیدا، كە دەكاتە ساڵی 1972 تەنیا یەك ژمارەی لێ دەرچووە، كە سه‌رنووسه‌ری نەماوە و نووسراوە «لەلایەن دەستەیەكی نووسەران بەڕێوە دەبرێ»، دوای ئەوە به‌یه‌كجاری وەستاوه.