مامۆستا خدر مەولوود بەڕێوەبەری قوتابخانە ناودارەکان
مامۆستا خدر مەولوود بەڕێوەبەری قوتابخانە ناودارەکان

خدر مەولوود لە چلەکان، پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا یەكێك بووە لە مامۆستا كارامە و پێشڕەوەكانی مێژووی نوێی هەولێر، لە سێ قۆناغی جیادا بەڕێوەبەری قوتابخانە ناودارەكانی ئیبن خەلەکان، ئیبن مستەوفی و ئەربیل ئولا بووە.
لە ساڵی (۱۹۳٥-۱۹۳٦) خوێندنی سەرەتاییی لە ئەربیل ئولا تەواو کردووە، ئەو كات ئەحمەد ناجی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بووە. خوێندنی ناوەندیشی لە (۱۹۳۸-۱۹۳۹) هەر لە هەولێر تەواو کردووە. ساڵی (۱۹٤۱-۱۹٤۲) خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کردووە، بەیەکەمی سەر قوتابیانی عێراق دەرچووە.
تا ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، لە هەموو شارەکانی عێراق، قوتابیان دەچوونە بەغدایێ بۆ تەواوکردنی خانەی مامۆستایان، بەئاست و زانیارییەکی بەرز خوێندنیان تەواو دەکرد، وەزیری مەعاریفی ئەوسا خۆی ئیمزای لەسەر بڕوانامەی دەرچوونیان دەکرد.
یەکەم دامەزراندنی خدر مەولوود بەمامۆستا و مووچەی (۱۰) دینار لە ۲٤-۱۰-۱۹٤۲ بوو لە قوتابخانەی (ئەربیل ئەلسانیە)، کە دواتر ناوی قوتابخانەکە گۆڕا بۆ (ئەلموزەفەریە).
دوای ئەوە خدر مەولوود لە قوتابخانەكانی ئیبن خەلەکان، ئیبن مستەوفی و ئەربیل ئولای تەتبیقی وەك مامۆستا و بەڕێوەبەر كاری كرد، تا ساڵی 1971 لەسەر خواستی خۆی بەمووچەی ۹۰ دینار خانەنشین کرا.
مومتاز حەیدەریی نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە بارەیەوە نووسیویەتی مامۆستا خدر مەولوود لە سەرژمێریی ۱۹٤۷دا یەکێک بوو لە بژمێرەکانی هەولێر، فۆڕمی پێ بووە، ناوی خێزانەکانی دەنووسییەوە، ناوی ئەندامانی خێزانەکەی ئەوانیشی تۆمار کردووە، ئەو كاتە دراوسێی یەكتر بوون لە کۆڵانی ژمارە سێی گەڕەکی عارەبان.
حەیدەری یادگارییەكی خۆی لەگەڵ مامۆستا خدر دەگێڕێتەوە و دەڵێ ”كاتێ لە ساڵی 1948دا، قوتابیی سێی سەرەتایی بووم، ئیخوانەکان تازە سەریان هەڵدابوو، ڕۆژێکیان لەسەر ئەوەی بلوزێکی سۆرم لەبەر کردبوو، ئیخوانەکان ڕقیان لێ هەڵگرتم، بە دە منداڵە ئیخوان شەڕیان پێ فرۆشتم و لێیان دام، ئەمنیش چوومە لای مامۆستا خدر و شكاتم لێ كردن، مامۆستا خدریش لەگەڵ مامۆستا حەیدەر عوسمان لێپرسینەوەی لەگەڵ كردن و سزایەكی توندی دان“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved