نه‌وه‌ی ئاڵتوونی ڕۆژانی ڕاپه‌ڕین و كۆڕه‌وی ساڵی 1991یان له یاده، ڕۆژی 25ی نیسانی 1991یشیان لە یادە كە شڤان په‌روه‌ر به گۆرانی و موزیك ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ریی له سۆران ساز كرد، كۆمه‌ڵێك لاوی شارۆچكه‌ی ڕواندزی لەگەڵ بوو كە له چوارچێوه‌ی تیپی موزیكی پاشای گه‌وره گرد بووبوونه‌وه.
ئەو كات ئاهەنگەكانی نیشتمانپەروەریی شڤان و تیپی موزیكی پاشای گەورە له وڵاتانی هه‌رێمیش ده‌نگی دایه‌وه و ڕۆژنامه‌یه‌كی وه‌كو میللیه‌تی توركی لە لاپه‌ڕه دووی ژماره‌ی ڕۆژی 31ی ئایاری 1991دا به‌ناونیشانی (له مه‌رگه‌وه بۆ موزیك) بابه‌تی له‌سه‌ر بڵاو كردنەوە.
تیپی موزیكی پاشای گه‌وره له 1977/7/1 له ڕواندز و له‌سه‌ر ده‌ستی زرار محه‌مه‌د مسته‌فا له‌دایك بوو. سه‌ره‌تا وه‌كو تیپێكی منداڵان، كه زۆربه‌ی ئه‌ندامانی له به‌شێك له قوتابیانی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ی سه‌ره‌تاییی كوڕان پێك هاتبوون، ڕاگه‌یه‌ندرا.
له باره‌ی ناونانی به تیپی موزیكی پاشای گه‌وره، زرار محه‌مه‌د مسته‌فا له كتێبی (هونه‌ر له ڕواندزێ) وه‌ها ده‌نووسێت «چونكه هه‌موو ئه‌ندامانی له قوتابیانی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره بوون، خاڵێكی تریش مه‌به‌ست لێی به‌رز ڕاگرتنی ناوی میر محه‌مه‌د پاشای گه‌وره‌ی میرنشینی سۆران بووه«، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه به‌ئاسانی ئه‌و ناونانه‌یان بۆ چووبێته سه‌ر، به‌ڵكو ده‌زگەكانی به‌عس ڕێگرییان كردووه له هه‌ڵبژاردنی ناوه‌كه، ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تیی میر محه‌مه‌دیان به ده‌ره‌به‌گ و زۆردار وه‌سف كردووه، به‌ڵام زرار محه‌مه‌د ئەو كات سوور بووه له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ناوەكە.
یه‌كه‌مین ده‌سته‌بژێری تیپ پێك هاتبوون له چه‌تۆ ساڵح نه‌ورۆز، سیروان عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل، فاروق باپیر نیعمه‌ت، شێرزاد ئه‌كره‌م حه‌یده‌ری، ڕێبوار نووری سه‌عید، ئامانج غازی شاكر، سه‌ید ئه‌حمه‌د جه‌بار، ڕزگار جه‌وده‌ت جه‌میل، بژار نووری سه‌عید و نیعمه‌ت باپیر نیعمه‌ت، یه‌كه‌مین كاریشیان به‌شداریكردن بوو له ئاهه‌نگی ده‌ستپێكردنی ساڵی خوێندنی 1977-1978 كه له قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره ساز كرا.
سەرەتا له سنووری قه‌زای سۆران بوون، دواتر چاڵاكییەكانیان گەیاندە ڕواندز و ناو شاری هه‌ولێر، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و شاره‌كانی تری باشووری كوردستان و ته‌نانه‌ت به‌شدارییان له ئاهه‌نگه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی دیكەی عێراقیش كرد.
دوای ئاهه‌نگه‌كانی نیسانی 1991 لەگەڵ شڤان په‌روه‌ر، لە هەمان ساڵ چەند ئاهه‌نگێكیان بۆ هونەرمەند ناسری ڕه‌زازی ساز كرد.