ئه‌كته‌ر و شانۆكاری ناوداری كوردستان حاجی مه‌كی عه‌بدوڵڵا، كه به‌كاره‌كته‌ری «عه‌لییه فه‌ندی» ناوی ده‌ركرد و له شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانه‌وه به ته‌مسیله كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بووه میوانێكی ڕۆح سووک، ساڵانێك به ماڵه‌وه له هه‌ولێر ژیاوه و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ هه‌ولێرییه‌كاندا هه‌بوو.
كچه تاقانه‌كه‌ی دەڵێت، حاجی فه‌رمانبه‌ری زانكۆی سلێمانی بووه، كاتێك ساڵی 1983 بڕیاری گواستنه‌وه‌ی زانكۆكە بۆ هه‌ولێر دەدرێت، ئه‌وانیش ماڵیان دێته ئێرە و ماوه‌ی چوارده ساڵ لێرە ده‌مێننه‌وه.
لانه حاجی مەكی بەشێكی چیڕۆكی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ژیانیان له هه‌ولێر بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه «كاتێك هاتینه ئێرە، باوكم خانوویه‌كی له گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی ئیسكان به‌كرێ گرت، دواتر زه‌وییه‌كی له گه‌ڕه‌كی زانیاری كڕی و كردی به خانوو، تا گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ سلێمانی له‌و گه‌ڕه‌كه ماینه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ومان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌ولێر هه‌بوو».
ئەو كچە، بەخشینی نازناوی «عه‌لییه فه‌ندی” بەباوكی، بۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كاتێك حاجی مه‌كی له فیلمێكدا ڕۆڵی كه‌سایه‌تییه‌كی بینی به‌ناوی «عه‌لی ئەفه‌ندی»، خه‌ڵكی هه‌ولێر ئه‌و نازناوه‌یان بۆ هه‌ڵبژارد، ئێستەش خه‌ڵكی كوردستان به‌و نازناوە ده‌یناسنه‌وه.
كچە تاقانەكەی عه‌لییه فه‌ندی له باخچه‌ی ساوایانه‌وه تا قۆناغی ئاماده‌یی له هه‌ولێر خوێندووێتی، به‌هۆی باوكییه‌وه مامۆستاكان و قوتابییه هاوڕێكانی زۆر ڕێزیان گرتووه، به «كیژی عه‌لییه فه‌ندی» بانگیان دەكرد، هه‌ر كاتێكیش باوكی سه‌ردانی قوتابخانه‌كه‌ی بكردایه مامۆستاكان لێی كۆ ده‌بوونه‌وه. لە زاری هەولێرییەكانیشەوە دەیگێڕێتەوە كە بەباوكیان ده‌گوت «یاخوا به‌خێر بێی عه‌لییه فه‌ندی، ئاوه‌دانت كرده‌وه”.
جگه له ده‌رودراوسێ و هاوڕێكانی، تەواوی هەولێرییەكان ڕێزی زۆریان لە عه‌لییه فه‌ندی ده‌گرت، كچەكەی دەڵێت كاتێك له‌گه‌ڵ باوكی دەچوونە نه‌خۆشخانه یان فه‌رمانگه‌یه‌ك، كاره‌كانیان ڕایی ده‌كردن و ده‌یانگوت «برام ماری عه‌لییە فه‌ندی هاتینه، ئیحتیرامیان بگرن، چی‌یان ده‌وێ لۆیان بكه‌ن»، بەم هۆیەوە دەشڵێ كە حه‌زیان نه‌ده‌كرد هه‌ولێر به‌جێ بێڵن.
عه‌لییه فه‌ندی به‌شداریی زیاتر له سێ هەزار و 300 كاری هونەریدا كردووه، له گرینگ‌ترین كاره‌كانیشی له‌و ماوه‌یه‌ی له هه‌ولێر بووه، فیلمی كۆلاره، نێرگز بووكی كوردستان، پاداشت و فیلمی به‌رد له جێی خۆی سه‌نگینه بوو.
حاجی مه‌كی ساڵی 1939 له شارۆچكه‌ی ئامێدی سه‌ر به‌پارێزگەی دهۆك له‌دایك بووه، له 18ی دیسه‌مبه‌ری 2015 لە شاری سلێمانی کۆچی دواییی کرد، لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.