سینەمای هەولێر هەنگاوی گەورە بە کەلوپەلی سنووردار
سینەمای هەولێر هەنگاوی گەورە بە کەلوپەلی سنووردار

لە چلەكانی سەدەی ڕابردوودا كە تازە سینەما لە هەولێر كرایەوە، بینەرێكی یەكجار زۆری هەبوو، سینەما سەڵاحەدین بەدەستی بنەماڵەی یەعقوبی دروست کرا و یەکەم فیلمی بەناوی “یوم سعید” پێشانی ئامادەبووان دا. دواتر سینەماكانی حەمرا، سیروان و کریستاڵیش کرانەوە، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات، بەرپابوونی شەڕ و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری، ئەو پەردانە بۆ هەمیشە داخران.
ئەمڕۆ لە هەولێر دوو هۆڵی سینەما دەرگەیان بە ڕووی بینەراندا كراوەیە، سینەما ئیمپایەر و سینەما هەولێر، لەو سینەمایانەدا تەنها فیلمی بیانی پەخش ناکرێن، بەڵکو چەند ساڵێكە بە فیلمی سینەماییی کوردی ئاشنا بوون و خەڵکیش بە تامەزرۆیییەكی زۆرەوە بینەریانن.
ماوەیەكیشە لە هەولێر ژمارەیەك فیلمی سینەمایی بەئاستی بەرز و ژانری جیاواز بەرهەم دەهێندرێن، كە لە سینەماكانی پایتەخت و شارەكانی دیكەی كوردستان پێشان دەدرێن.
سەید کەمال دەرهێنەری یەكێك لەو فیلمانەیە كە بەم دوایییە لە هەولێر بەناوی (تیمساح) بەرهەم هێنراوە و چاوەڕێ دەكرێت بەم نزیكانە لە سینەماكان پەخش بكرێت، دەڵێت ئێستە سینەمای كوردی دەتوانێت كێبەركێی سینەمای وڵاتانی ناوچەكە بكات و بەئاستێكی بەرزی هونەری فیلم دروست دەكرێت.
تا ئێستە لەسەر ژانرە كۆمەڵایەتییەكان، ئاكشن، كۆمیدی و ترس كار لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییی كوردی كراوە، سەید كەمال بەپێویستی دەزانێت سینەماكاری كورد دەست بۆ بابەت و ژانری مێژووش ببات، كە كوردستان هەگبەیەكی گەورەی لەم ژانرەدا هەیە و گەوهەرێكی دەست لێ نەدراوە.
هەروەها باس لە فیلمە سینەمایییەكەی دەكات بەناوی تیمساح كە لە ژانری درامی و ئاكشنە و دەڵێت بابەتی فیلمەكە بۆ ئێستە گرینگە و لەسەر مادەی هۆشبەرە، زیادبوونی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەو مادانە و بەهێزی دەزگا ئەمنییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەیان و نەهێشتنیان پیشان دەدات. ئەو دەرهێنەرە بیری لەوەش كردووەتەوە كە فیلمەكەی داهات و قازانجێكی وای هەبێت، بتوانێت لە داهاتوودا دەست بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییی دیكەش ببات.
لای خۆیەوە هەدار ئەرگۆشی بەڕێوەبەری کۆمپانیای (سەڤین ئارت) کە لە 2015ەوە دەستی بەکارکردن لە پیشەسازیی فیلمدا کردووە، دەڵێت لە دوای ئەزموونی زیاتر لە ١٢ فیلم و دوو درامادا، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گۆڕانێکی سەرنجڕاکێش لەناو بازاڕی بەرهەمهێنانی فیلم دروست بووە، بەڵام هێشتا پێویستیان بەبینەری زیاتر و پلانێكی باشتری بەبازاڕكردنی فیلمە لە هەولێر.
جارێ لە هەرێمی كوردستاندا تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەكانی پیشەسازیی سینەما بەگوێرەی پێویست و لە چاو وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بەردەست نین. ئەرگۆشی پێی وایە سینەمای كوردی هێشتا ئاستەنگی تەکنیکیی لە بەردەم دایە، لە قۆناغی بەربەستی دابینكردنی کامێرا و ڕووناكیدا ماوەتەوە و ئەو كێشانەی تێنەپەڕاندووە، بەڵام كاتێك بەرهەمێكی سینەماییی بەو كەلوپەلە سنووردارانەی لەبەردەستی دایە دەخاتە سەر پەردە، ئەو جیاوازییە گەورەیە هەستی پێ ناكرێت و توانیویانە لە ڕێگەی خۆماندووكردنی زۆر و داهێنانی خۆماڵییانەوە كاری تا ڕادەیەك سەركەوتوو بەئەنجام بگەیەنن.
بەبۆچوونی هەدار، ئەو گەنجانەی لە هەولێر دەستیان داوەتە كاری سینەما خەونی گەورە دەبینن و دەیانەوێت كارێك بۆ كوردستان و داهاتووی سینەما لەو وڵاتە بكەن، بۆیە زۆربەی جار بەسەر بەرژەوەندیی تایبەتی و پێداویستییەكانی خودی خۆیاندا باز دەدەن و بەرانبەر بڕێكی كەمی داهات و كرێ، سەدان كاتژمێر كار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی سینەمایی دەكەن كە ئاستی لەوانەی پێشتر بەرزتر بێت و ببێتە شەقاوێكی باش بەرەو پیشەسازیی سینەما.
بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیا هونەرییە نیگەرانە لەوەی سینەماكانی كوردستان بڕێكی زۆری داهاتی بەرهەمە سینەمایییەكان بۆ خۆیان دەگێڕنەوە، نموونە بەوە دەهێنێتەوە كە داهاتی بلێتی سەیركردنی فیلم، ڕێژەی 50%ی بۆ سینەما دەچێت، ئەمەش وا دەكات دەرهێنەر و ستافی فیلم و تەواوی خەرجییەكانی فیلمەكە لەسەر ئەو 50%یە بێت كە لە داهاتی بلێتەكە دەگەڕێتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved