پیرە قەڵاتی هەولێرێ، تەمەنی لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار ساڵه، یەکێک لە کۆنترین نشینگەكانی مرۆڤە لە مێژوودا، لە شێوەی هێلکەیی هه‌ڵكه‌وتووه و ڕووبەرەکەی نزیکەی دە هێکتارە، دەکەوێتە ترۆپکی گردێکی 28 بۆ 32 مەتر بەرز لە ئاستی ئەو شەقامەی دەوری داوە.
نه‌وزاد بیلال له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل له‌دایك بووه، پاشان ماڵیان گواستووەتەوە ئەو بەرزایییە، بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و باس لەوە دەكات كە ئەو كات به‌شه‌كی دانیشتوانی قه‌ڵات، ئاغا و زه‌نگینه‌كان بوون، وه‌ك بنه‌ماڵه‌كانی پاشا و چه‌له‌بی و ده‌باغ و موفتی. خه‌ڵكی كاسبیشی تێدا بوو وه‌ك قه‌ساب و كه‌بابچی و عه‌تاره‌كان. دیوه‌خانێكی گەورەش له گه‌ڕە‌كی سه‌رای بوو، ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نیشی لە 18 ساڵ كه‌متر بوایه نه‌یده‌توانی بچیته دیوه‌خانێ.
قەڵات سێ گەڕەک بوو، سەرای، تەکیە و تۆپخانە. تەکیە لە ناوی شێخ شەریفەوە هاتووە، شوێنی مەراسیمی ئاینی بوو. گەڕەکی سەرا زیاتر کەسانی کاربەدەستی دەوڵەت و دەوڵەمەندەکانی لێ نیشتەجێ بوو. تۆپخانەش لە سەردەمی عوسمانییەکان چەک و جبەخانە و تۆپی لێ بوو.
نه‌وزاد بیلال ده‌ڵێ جگه له‌و سێ گه‌ڕه‌كه‌ی سه‌ر قه‌ڵاتێ، چه‌ند گه‌ڕه‌كه‌كی دی له ده‌وری قه‌ڵاتێ هه‌بوون، وه‌كی خانەقا، كۆڵانی عاره‌بان، ته‌عجیل و ته‌یراوه، ئه‌وی دیكه هه‌موو ده‌غڵ بوو. هەروەها دەگێڕێتەوە “جاران خه‌ڵك بۆ سەیران ده‌چوونه ئەو شوێنەی كە به‌رامبه‌ر هۆتێل شیراتۆنی ئێستەیە، ئه‌و كات پێیان ده‌گۆت ئاوی كه‌سك و سۆر، ئه‌من له‌وێندەرێ شه‌ربه‌تم ده‌فرۆشت، دوو به‌رداغ شه‌ربه‌ت به عانه‌كی بوو”.
پێکهاتە شارستانییەتەکەی قەڵات لە خانووی کەلەپووری و حەوشەکراوە پێك هاتبوو، لە کۆڵانی تەنگەبەر و باریکی پیادەڕۆ، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر قەڵا حەمام هەبووە بە شێوازی عوسمانی دروست کراوە، قوتابخانە و مزگەوتی تێدا بووە، دوکتۆر یادگار ئەرگۆشی مامۆستای زانکۆ و شارەزای مێژووی قەڵات بۆ (گڵکەند) دەڵێت “حەمامی قەڵا ساڵی ١٧٠٠ لەلایەن عەبدوڵڵا ئاغاوە دروست کرا. هەروەها دوو مزگەوتیش بەناوەكانی مزگەوتی شێخان و مزگەوتی گەورەی قەڵا پێش نزیكەی سێ سەدە بنیات نراون”. لەبارەی حەمامی قەڵاتیشەوە، مام نه‌وزاد دەیگێڕێتەوە “حاجی بیلالی بابم حه‌مامی قه‌ڵاتێی به‌كرێ گرتبوو، ئه‌و كات نرخی خۆشوشتن به 60 فلسی بوو، هه‌موو شتەكیش له‌سه‌ر قه‌ڵاتێ هه‌بوو، به‌لەدیه، خەستەخانە، مزگه‌فت و پێداویستییه‌كانی دیكەی ژیان، قه‌ڵات شاره‌ك بوو لۆ خۆی”.
قەڵاتی هەولێر دوو دەرگەی سه‌ره‌كیی هەبوو، یەكیان دەکەوتە بەشی باشوور و بەرانبەر بازاڕی قەیسەری، دەرگەیەکەی دیكەش ده‌كه‌وته به‌شی باكور كه به ده‌رگەی ئه‌حمه‌د‌یه ناسراوه، سه‌رده‌مانێك ته‌یراوه‌یی و قه‌ڵاتییه‌كان لەو دەرگەیە ڕووبه‌رووی یه‌كتر ده‌بوونه‌وه. خەیاڵی مام نه‌وزاد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له نیو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر و ده‌ڵێ “با ئه‌وەشتان لۆ باس كه‌م، ئه‌مه تازه گه‌وره ده‌بووین، لە قه‌راتێ له‌گه‌ر گه‌نجه‌كانی ته‌یراوه‌ی زوو زوو بەشەڕ دەهاتین، ئه‌مه جێ‌مان برند بوو، موسه‌یتەر بووین، شه‌ڕە بەردەقانی گه‌رم دەبوو، جار جارە سه‌رمان ده‌شكا و سەرمان دەشكاندن”.
بەگوتەی ئەو، كێشەی قەڵاتییەكان لەگەڵ ته‌یراوەیییه‌كان ئەوە بوو كە تەیراوەیییەكان لێ نەدەگەڕان گەنجەكانی قەڵات بچنه خوارێ و بەناو ته‌یراوەدا بگەڕێن، تەیراوەیییەكانیش حەزیان دەكرد بچنە سەر قەڵات و قەڵاتییەكان پێیان خۆش نه‌بووە تەیراوەیییەكان لەناو كۆڵانەكانی قەڵات ببینن.
زۆربەی خانووەکانی قەڵات یەك نهۆم بوون، ژمارەیەكی كەمیان نەبێت كرابوونە دوو نهۆم، دیواری خانووەکان لە کەرپووچی دەستی خۆماڵی و بنمیچەکانیشی لە شێوەی نیمچە کەوانە دروست كرابوون. خانووە کەلەپوورییەکانی بنەماڵە ناودارەکانیش بەوە جیا کرابوونەوە کە ئەندازەیەكی جیاوازیان هەبوو. شێوازی سەرنجڕاکێشیان دەنواند، بە ستوونی بەردی ئەلەباستەر ڕازێندرابوونەوە. هەرچی پەنجەرەکانیش بوون، لە دار دروست کرابوون و ڕووپۆش کرابوون بە جامی ڕەنگاوڕەنگ. هەروەها کەتیبەی ئاسنی نەخشێندراو بۆ بەشێک لە خانووەکان بەکار هاتبوون.
نه‌وزاد لەبارەی شێوەی خانووەكانیشەوە دەڵێ بەشێكیان له‌ناو یه‌كتری بەكەرپووچ و قووڕ دروست كرابوون و تێكه‌ڵی یەكتری بوون، سه‌ریان كاریته و دیواره‌كانیان ئه‌ستوور بوو، ده‌لاقه‌یان تێدا دروست كرابوو، ئه‌و تێكه‌ڵییه بۆ ئه‌و سه‌رده‌می گرفت نه‌بوو، خه‌ڵك هه‌مووی یه‌ك ماڵ بوون.
بەگوتەی دوکتۆر یادگار ئەرگۆشی، قەڵات لە نزیکەی ٤٢٠ خانوو پێك هاتبوو، لە ناویاندا خانووی شەهابەدین چەلەبی هەبوو، كە چەندین تایبەتمەندیی بیناسازیی تێدا بووە، دەروازەکەی بەشێوازێکی پێچاوپێچ دروست کراوە و دیوارەکانیشی پتەو و ئەستوور بوون، بەجۆرێك سمکی دیوارەکان یەک مەتر دەبن، لە سەرەوە كونی هەواگۆڕكێ و دەلاقەی هاتنە ژوورەوەی تیشكی ڕووناكی هەبووە. کەوانی سەر دەرگە و پەنجەرەکانیش هەندێكیان کەوانی نووکتیژ و هەندێكیان کەوانی بازنەیی بوون، نەخشەكانیشی نەباتی و ئەندازەیی بوون.
بەهۆی کەمتەرخەمیی دانیشتوانەوە، لە ڕابردوودا چه‌ندین خانووی قەڵات داڕماون، سروشتیش کاریگەری زۆری هەبووە، بەتایبەت گەرما و بارانبارین، بەڵام بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و پارێزگاریکردن لە پێگەی مێژووییی قەڵات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٧ەوە کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵاتی دامەزراند، لە حوزەیرانی ٢٠١٤ قەڵاتی هەولێر وەک یەکێک لە سەد شوێنەواری کەلەپووری جیهانی لەلایەن یۆنسکۆوە ناسێندرا.