ناو و نازناو پێش سەدەیەك لە هەولێر چۆن بوو؟
ناو و نازناو پێش سەدەیەك لە هەولێر چۆن بوو؟

سەدەیەکی تەواو دەگەڕێینەوە دواوە، بۆ بنکۆڵکردن و دۆزینەوەی هەندێک لە ناوی باپیران و داپیرانمان لە هەولێرێ، بۆ ئەوەی زانیاریمان لەسەریان هەبێت و بەچاوێکی پڕ لە خۆشەویستی و وەفاوە سەیرێکیان بکەینەوە.
توێژینەوەکەمان دۆسێی بەڵگەنامەکانی باری کەسی و پرسە دارایییەکانی دادگەکانی هەولێری پشکنیوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٣١٥ تا ١٣٣٠ی کۆچی، کە هاوتایە لەگەڵ ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٣٢ی زاینی، ئەگەر تەمەنی هەر نەوەیەک بە سی و سێ ساڵ بخەمڵێنین، ئەوا ئەو توێژینەوەیە نزیکەی نیو نەوە دەگرێتەوە. لێکۆڵینەوەکە چەشنی جیاوازی ناوەکانی دایک و باوک و منداڵانی نێر و مێ لەخۆ دەگرێت.
بەپێی بەربڵاوی ناوەکان دابەش دەبنە سەر سێ جۆر بەپێی ئەم ڕیزبەندییە:
باوترین ناوی نێر عەبد بوو کە لەگەڵ ناوی خودا دەبوو بە (عەبدوڵڵا) یان لەگەڵ هەر یەکێک لە سیفەت و ناوە جوانەکانی دیکەی خوای گەورە لێک دەدرا، ئەو ناوانە لەناو موسوڵمانان و ناموسوڵماناندا باو و بڵاو بوون. پاشان بە پلەی دووەم ناوی محەمەد دێت، کە تا ئێستەش باوترین ناوە لە کوردستان و تەنانەت لە جیهانیشدا. هەندێک جار سیفەتێکیش دەخرێتە پاڵ ئەو ناوە، وەک محەمەدساڵح و محەمەدئەمین. پاش ئەوانەش بەڕیزبەندییەکی نزیکەیی، ناوەکانی عەلی، ئەحمەد، مەحموود، حەسەن، مستەفا و عومەر دێن.
سەبارەت بەباوترین ناوەکانی مێیینە، سەرەڕای کەمیی ئاماژەکردن بەناوەکانی مێیینە لە بەڵگەنامەکاندا، کە تەنها بەدەستەواژەی (ژنی یان کچی فڵان کەس) هاتوون، بە ڕیزبەندی ناوی (خەدیجە) یەکەم بوو، پاشان مەریەم، فاتیمە و عائیشە، پاشانیش شەهناز، ساڵحە، میرۆش و شەفیقە هاتوون.
لە ئاماری ناوە کوردییەکاندا، دابەشمان کردنە سەر ئەو ناوانەی تەواو کوردین و ئەو ناوانەی لە عەرەبی و زمانەکانی دیکەی وەکو تورکییەوە کوردێنراون و تەنها کورد بەکاریان دێنن.
لەو ناوە باوە کوردییانەی نێرینەن کە لە بەڵگەنامەکانی لێکۆڵینەوەدا هاتوون: خورشید، ڕەسمان، شڵتان، حەوێز، کاڵ، دەروێش، خۆخان، پیرداود، ئۆشە، مالای، کاڕەسووڵ، بابە گەورە، ڕۆستەم، کاکەخان، خودادا، جەهانگیر، قۆجە، پیرە، شێخۆ، جوامێر و خولە.
ناوە مێیینە کوردییەکانیش سەرەڕای کەمیی بەرچاوکەوتنیان، ڕێژەی ناوە مێیینە کوردییەکان لە ناوە نێرینەکان بەرچاوترن، کەژێ، خانم، گورجی، زومرود، خاتوون، گوڵبەهار، غەواش، گوڵێ، نازەندە، ڕابی، میرۆش، نازلی، شازی و هیندولی. ناوە کوردێنراوەکانی نێرینەش بەم شێوانە نووسراون: سمایل/ئیسماعیل، ئۆمەر/عومەر، سوڵتان/سلطان، سافی/صافی، عەبۆ/عەباس، زەینەل/زەینولعابدین، هیدایەت، وەلی، فەیزی، قادر، ئاڵتوون، ئەڵڵاوێردی کە واتای بەخشینی خودا دەدات، توورسوون/دوورسوون بۆ نێر و مێ.
ناوە کوردێنراوەکانی مێیینەش، خەجێ/خەدیجە، شەمسی/شەمسە، هەیبەت، غەیرەت، دەرسونە، بەیاز.
کاتێک دەگەینە ناوەکانی ناموسوڵمانان، شەبەنگێکی فراوان دەبینین کە بەڵگەیە لەسەر ئامادەبوون و بەشداریکردنیان لە ژیانی گشتیدا. لە ناوە نێرینەکان: (شەمعون، ئیلیاهو، شائوول، خوک، ڕەسو، ناحوم، میرۆ، مەسقور، باروخ، حەنۆکە، شالۆم، مەرقوز/مەرقس/مەرقوس، ڕۆبیل، باروق/باروخ، ئەفرایم، گەبریێل، بویا، پیرەت، فرانس، شەعیا/ئەشەعیا). لە ناوە مێیینەکانیش (تشتی، ئەلیاسار، مەنتەش، یاعیل، لوسی، میمی، سارە، عەیشار).
سەبارەت بە ناسناو و پلەکان، زۆرترین و باوترین ناسناو (حاجی) بوو بەتێبینیکردنی ئەوەی کە وەک ناوی تایبەتیش بەکار هاتووە، پاشان بەدوای یەک (ئەفەندی)، (سۆفی)، (مەلا) و دواتریش بە ڕێژەیەکی نزیک (شێخ و ئاغا و فەقێ) و (بەگ و پاشا)ش بەپلەیەکی کەمتر.
لە کۆتاییدا، لە میانەی لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەو ناسناوانە دەکەین کە بەهەندێک پیشە پەیوەستن: (بەزاز/کوتاڵفرۆش، قەساب/سەربڕ و گۆشتفرۆش، سەرتاش، بەقاڵ، نەجاڕ، بەرگدروو، دامورچی/ئاسنگەر، شوربەچی/فرۆشیاری شوربە، نەععال/پینەدۆز و پێڵاوفرۆش، قەزاز بەخێوکاری کرمی ئاوریشم/دروستکەری دەزوولەی ئاوریشم).
وەرگێڕانی: ئیسماعیل خالید گەڵاڵی


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved