یەکەم فەلافل لە هەولێر
یەکەم فەلافل لە هەولێر

فەلافل بۆ یەکەم جار ساڵى ١٩٨٥ لەسەر دەستی کەسێک بەناوى موحسین هاتە هه‌ولێر، كە دواتر بە موحسین فەلافل ناوبانگی دەركرد و چێشتخانەیەكی لە شەقامی باتە كردەوە و وەستایەكی فەلافلی میسریی لەسەر دانا.
موحسین فەلافل كە بەخۆی گەنجێكی هەولێری بوو، پیشەكەی بە دەست و پەنجەی وەستایەكی میسری هێنایە شار، كە ناوی وەستا مستەفا بوو.
مستەفا میسری بەماوەیەكی كورت‌ فێری کوردییەکى باش دەبێت، خەڵکی هەولێرێ دەبنە برادەری و چێژ لەو فەلافلەی دەبینن كە وەك خواردنەكی نوێ و خێرا لەناو بازاڕ دروستی دەكات.
هێندەی پێ ناچێت موحسین فەلافل چێشتخانەكەی دەگوازێتەوە بۆ ئەوبەری شەقامی باتە و چێشتخانەیەكی فەلافلی ڕێكوپێكتر دادەنێت و ناوی دەنێت (فەلافل وەنتە ماشى)، ئێستە شوێنی ئەو فەلافلە بووەتە ساردەمەنیی بروسك، دیارە دوای كۆچكردنی موحسین فەلافل، كوڕەكانی چێشتخانەكە دادەخەن.
به‌دوای چێشتخانەی (فەلافل وەنتە ماشی)دا، چەند چێشتخانەیەكی دیكەی تایبەت بەفرۆشتنی فەلافل و باینجان و تەماتەی سووركراوە كرانەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كاسبكارەكانی هەولێر بینییان خەڵكێكی زۆر حەزیان لە تام و بۆی فەلافلە و كڕیاری بەرەو زیادبوونە، هەروەها نرخیشی هەرزان و گونجاو بوو بۆ ئەو سەردەمە.
سەرباری ئەوەش، دروستكردنی فه‌لافل ئاسان و كەمتێچوون بوو، ته‌نها نۆک و بەهاراتی دەویست، له‌ ڕۆندا سوور دەكرایەوە و بەزەڵاتەوە لە سەموون یان ناندا پێشكێشی كڕیار ده‌كرا، بەمەش زوو بووە یەكێك لە باوترین و پڕفرۆشترین خواردنەکانی هەولێر.
لە ڕووی مێژوویی و كولتووریشەوە، ئیسرائیل خۆی بە خاوەنی فەلافل ناساندووە و لە لیستى خواردنە کولتوورییە جیهانییەکان بەناوى خۆی تۆماری کردووە، بەڵام بۆچوونى جیاواز هەن، كۆنترینیان ئەوەیە قیبتییەکانى میسر وەکو جێگرەوەیەکی بەرهەمە ئاژەڵییەکان لە کاتی بەڕۆژووبوونیاندا دایانهێناوە. لە سەردەمى ئەیوبییەکانیشدا فەلافل گوێزرایه‌وە بۆ وڵاتی شام. میسرییە كۆنەكانیش فەلافلیان لە پاقلە و سەوزەوات دروست ده‌كرد و بە جۆرە نانێك پێشکێشیان دەکرد كە ناوی عیش بوو.
لەبارەی هاتنی فەلافلیش بۆ عێراق، نەجیبە خانی دایكم كه‌ ساڵی ١٩٥٣ تا ١٩٧١ لە بەغدا ژیاوە، دەیگێڕێتەوە كە فەڵەستینییەک لە بازاڕى (بەغدا ئەلجەدیدە) به ‌عاره‌بانه‌ فەلافلى دەفرۆشت، بەڵام بازاڕى باش نەبوو، ئەوەى بازاڕى هەبوو عەنبەكەی بوو كە جۆرە تورشیاتێکى هیندیی تیژ بوو لە مانگۆ و بەهارات، بیبەر، کەمون و کارى دروست دەکرا، لەگەڵ هاتنى لەشکرى هیندیی سەر بەئینگلیزەکان لە بەغدا و بەسرە بڵاو بووه‌وه‌. ئەو كات بەناوبانگترین عه‌نبەفرۆش فالح ئەبو عەمبە بووه‌، كه‌ سەرەتا پایسکیلێکى هەبووه‌ و گەڕاوە و هاواری كردووە “عەمبە و سەموون یا وەلەد”، نیو سەموون بە پێنج فلس و سەموونی ته‌واوی بە ١٠ فلس داوە. دواتر فالح ئه‌بو عه‌نبه‌ ساڵى ١٩٨١ لە بازاڕى بەغدا ئه‌لجدیدە یەکەم چێشتخانەى فەلافلى بەناوى فەلافل فالح ئەبو عەنبە دانا و عەنبەى لەگەڵ پێشکێش دەکرد.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved