كۆنترین چایخانەی هەرێمی كوردستانە، ناوداران سەردانیان كردووە و هونەرمەندانی كۆن گۆرانییان تێدا گوتووە، ئێستە بەشێكە لە مێژوو و كولتووری ڕواندز، هێشتاش جمەی دێت لە خەڵك. چایخانەی سهید جهبار لە شارۆچكهی ڕواندز نزیكەی 150 ساڵە كراوەتەوە، لەناو بازاڕی ڕواندز هەڵكەوتووە، جگە لە ڕواندزییەكان، گەشتیار و خەڵکی بیانییش چای لێ دەخۆنەوە.
سێ نەوە و پشتی یەک لە دوای یەکی هەمان خێزان، کاریان لەو چایخانەیە کردووە، سەید عەزیز باوکی سەید جەبار چایخانەکەی دامەزراندووە، دوای خۆی سەید جەباری کوڕی بەڕێوەی بردووە، دواتریش سەید تەهای کوڕی سهید جەبار و ئێستەش سهید موسڵیحی کوڕی سەید جەبار بەڕێوەی دەبات. بەگوتەی سهید موسڵیح كە لە بارەی چایخانە کۆنەکەوە قسەی بۆ (گڵكەند) كردووە، جاری وا هەبووە هونەرمەندی گەورەی کورد کاوێس ئاغا هەفتەیەک لەوێ ماوەتەوە و ڕۆژانە لەو چایخانەیە گۆرانیی گوتووە، هەروەها هونەرمەندانی ناودار حەسەن زیرەک و محەمەد عارف و عەلی مەردان و زۆری دیکە لەوێ گۆرانییان چڕیوه.
سەید موسڵیح دەڵێ هەر جاران نا، ئێستەش خەڵکی ڕواندز بەو چایخانەیە ئاسوودهن و ئەوێ بووەتە بەشێک لە کولتوور و مێژووی شارەكە، لە هەموو تەمەنێک، گهنج و پیر سەردانیان دەکەن.
عەلی حهسهن پیاوێکی بەساڵاچووی ڕواندزە، لە چایخانەی سەید جەبار دانیشتووە و لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی تاوڵە دەكات، دەڵێ ڕۆژانە سەردانی چایخانەكە دەكات و کاتەکانی لەگەڵ هاوڕێكانی بەسەر دەبات.
میخایل وێنەگرێكی هۆڵەندییه دوای 51 ساڵ دەگەڕێـتەوە بۆ چایخانەی سەید جەبار و دهڵێت ”ساڵی 1973 بۆ یەكەم جار هاتمە ئەم شارە، ههر تهنها وێنهی تاوڵهكردنی پیاوانی ئێرهم نهگرت، بهڵكو چەندین چیڕۆكی سەیر و نەبیستراوم ئاشكرا كرد“.