ماوەیەكە لە هەولێر باو باوی دروستكردنی خانووی قوڕە، وه‌ستایه‌كی ناسراو له بریی بلۆك و كۆنكرێت، پشت بە خشت و قوڕ دەبەستێت و دەشڵێت خانووی قوڕ كەمتری تێ دەچێت له خانووی كۆنكرێت. وەستا سامان عومه‌ری تەمەن ٥٠ ساڵ، تا پێنجی سه‌ره‌تاییی خوێندووه و له گونده‌كه‌ی خۆیان لە دیبەگە له‌گه‌ڵ وه‌ستای دیكەدا خانووی له قوڕ دروست كردووه، كه ماڵیان هاتووەته هه‌ولێر ده‌ستی به كاری دیكە كردووه، بەڵام ماوه‌یه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر پیشه‌ی جارانی.
چیڕۆكی دروستكردنی یه‌كه‌م خانووی قوڕ بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت، ”له‌گه‌ر براده‌ره‌كی ته‌ندوورمان دروست ده‌كرد، ساری 2018 یەك داوای لێ كردم خانییه‌كی به خشت و قوڕی لۆ دروس كەم، ده‌ستمان پێ كرد، هورده هورده خه‌رك دیتییان و دەعوایان دەكرد، له‌و وه‌ختییه‌وه ده‌ستم پێ كردیتەوە“. دروستكردنی خانوو لە قوڕ ماندووبوونی زیاتری گەرەكە له چاو ئی كۆنكرێت، چونكه به‌چه‌ند قۆناغێك ئه‌نجام ده‌رێت، ئاماده‌كردن و دروستكردنی خشتیش ڕۆژێكی پێویسته، بۆ كاری سواغكردنی دیوار و زه‌وییش، پێویسته قوڕه‌كه چوار بۆ پێنج ڕۆژ بمێنێته‌وه و بخووسێت، بۆ ئەوەی درز له خانووه‌كه دروست نه‌بێت. خانوو‌یه‌كی دوو ژوور و هه‌یوانێك پێویستی به نزیكه‌ی 3500 خشت هه‌یه، جیاوازیی دروستكردنی خانووی قوڕیش له‌گه‌ڵ خانووی كۆنكرێت ئه‌وه‌یه كه له ڕۆژێكدا ته‌نها سێ بۆ چوار ڕیز لێ دەدرێت، چونكه قوڕ ده‌خزێت ئه‌گه‌ر وه‌كو كۆنكرێت چوارده ڕیز بەیەك ڕۆژ لێ بدرێت.
له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی ئاماده‌كردنی قوڕی خشتیشەوە، وه‌ستا سامان ده‌ڵێت، «وه‌كی قوڕه‌كه‌ی ده‌گرینه‌وه كای تێ ده‌كه‌ین لۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌قی، خێشی تێ ده‌كه‌ین لۆ ئه‌وه‌ی زینده‌وه‌ر له خانی نێزیك نه‌بنە‌وه، لۆ هه‌ر خانییه‌كیش چار پێنج قه‌لاب خۆری ده‌وێ، ده‌چین له ده‌وروپشتی هه‌ولێرێ ده‌ینین، قه‌لابی به 70 هه‌زار دیناری لۆمان دێت، به بیست ڕۆژ لۆ مانگه‌كی خانییه‌كی دروست ده‌كه‌ین، به‌س ئیشه‌كه زه‌عمه‌ته، هه‌موو وه‌ستایه‌ك خۆی لێ نادات”.
به‌گوتەی ئەو وه‌ستایە، ئێستە لە هەولێر خواستێكی زۆر لەسەر دروستكردنی خانووی قوڕ هەیە، كه‌سانی خواپێ‌داو له ده‌ره‌وه‌ی شار خانووی قوڕ دروست ده‌كه‌ن، چونكە هەواكەی فێنكە و بۆ تەندروستییش باشترە.