جێبەجێكردنی پڕۆژە چاوەڕوانكراوەكەی پشتێنەی سەوزاییی دەوری شەقامی 150 مەتری دەستی پێ كرد. ئێستە کار لە قۆناغی یەکەم و سێیەمی پڕۆژەكە دەكرێ، پانیی پشتێنەكە دوو کیلۆمەتر و درێژییەكەی 12 دۆنم زەوی دەگرێتەوە.
ماسته‌رپلانێكی گشتگیر بۆ پڕۆژه‌كە ئاماده كراوه، پشتێنەكە به‌سه‌ر هه‌شت زۆندا دابه‌ش دەكرێت، لە قۆناغی یه‌كه‌مدا كار له زۆنی یه‌كه‌م و سێ ده‌كرێت، زۆنی یه‌ك له‌سه‌ر ڕووبه‌ری دوو هەزار و 91 دۆنم، زۆنی سێش له‌سه‌ر ڕووبەری یەك هەزار و 490 دۆنم پشتێنەكە بە ئاراسته‌ی ڕێگەی به‌حركه بۆ ڕێگەی هه‌ولێر– مووسڵ درێژ دەكرێتەوە.
كارزان عەبدولهادی سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر له‌باره‌ی پڕۆژەكەوە بۆ (گڵكه‌ند) ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كە ئێستە ڕێژەی سه‌وزایی له هه‌ولێر 20%ی ڕووبەری شار پێك دێنێت، به‌ته‌واوبوونی پڕۆژه‌ی پشتێنه‌ی سه‌وزایی ڕێژه‌كه زۆر بەرز ده‌بێتەوە، هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه پڕۆژەکە دروستكردنی 10 پۆند بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو، چاندنی ملیۆنان دار لەخۆ دەگرێت، كه به‌شێكیان داری به‌رهه‌مدارن وه‌ك زه‌یتوون و فستق.
ماوه‌ی ته‌واوبوون و تێچوونی پڕۆژه‌كه دیار نییه، چونكه هێشتا ڕێكارە یاسایی و هونه‌رییه‌كانی ته‌واو نه‌بووە، بەگوتەی كارزان هادی، به‌شێك له زه‌وییه‌كان موڵكی هاووڵاتیانن و به‌شێكی تریشی موڵكی وه‌زاره‌ته‌كانی ترن و پێویستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایییە، هەروەها لە بارەی ڕێكاره هونه‌رییه‌كانیشەوە ئاماژە بەوە دەدات كە نموونه‌ی نه‌مامه‌كان نێردراون بۆ پشكنین بۆ ئه‌وه‌ی له چاندنی بزانرێت، داخۆ تا چەند له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای هه‌ولێر ده‌گونجێن.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر، ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه شێوازی پاراستن و ئاودانی پشتێنه‌ی سه‌وز له ڕێگه‌ی بیری ئاوەوە ده‌بێت، ئاوه‌كه له بیره‌كه ده‌خرێته ناو عەمباری گه‌وره و دواتر به‌بۆڕی ده‌گوازرێته‌وه.
خزمه‌تكردن و پارێزگاریكردن له نه‌مامه‌كان ئه‌ركی شاره‌وانییه، به‌ڵام ئەو بەرپرسەی شارەوانی گلەیی لە هاووڵاتیان دەكات ئەوانەی دار و سەوزایی ناپارێزن و زیانیان پێ دەگەیەنن، بەم هۆیەشەوە چه‌ندین جار به‌پێی یاسا ڕێكاریان دژی ئه‌و كه‌سانه گرتووەتە بەر كە زیانیان بە ڕووبەرە سەوزایییەكانی شار گەیاندووە.
لەناو سەنتەری شاریش هەوڵەكانی زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی بەردەوامە، كارزان هادی نموونە بەدروستكردنی پاركی ڕه‌شكین دێنێتەوە كە دەبێتە یە‌كێك له گه‌وره‌ترین پاركه‌كانی شار و ڕووبه‌رەكەی 120 هه‌زار مه‌تری دووجایە، 30 هه‌زار مه‌تری ده‌كرێت به فریز و 11 هه‌زار مه‌تریشی تارتانه بۆ وه‌رزشكردن، لەسەر ڕووبەری 15 هه‌زار مه‌تریش دار ده‌چێندرێت له‌گه‌ڵ 20 هه‌زار گوڵی جۆراوجۆر.
هه‌روه‌ها سه‌وزكردنی چوارڕیانی (هه‌ولێر - مووسڵ) له شه‌قامی 120 مه‌تری له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 205 هه‌زار مه‌تر دووجا به‌تێچووی سێ ملیار و 422 ملیۆن دینار، یه‌كێكی تره له پڕۆژه‌كانی شاره‌وانیی هه‌ولێر بۆ سەوزكردنی ڕووبەری زیاتری شار و له قۆناغه‌كانی كۆتایی دایه.