كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئاستەنگەکانی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دروست دەکران لە نەناردنی بوودجەی ساڵانە و دروستکردنی کێشەی بەردەوام، لە ڕێگەی دەیان پڕۆژەی ستراتیژییەوە، هەنگاوی گەورەی لە پەرەپێدان و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی نا، سەرباری هەنگاوی گەورە لە سێکتەرە جیاوازەکانی كارەبا، ئاو و گەشتیاری.
(گڵکەند) نوێترین داتای لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەست کەوتووە، ئەمانەی خوارەوە بەشێكیانن:
ڕێگەوبان
کابینەی نۆیەم ٧١٧ پڕۆژەی ڕێگەوبانی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، ڕاپەڕین، زاخۆ و گەرمیان تەواو کردووە، کە تێچوویان یەک تریلیۆن و ٢٩ ملیار و ٣٥ ملیۆن دینار بووە.
لەو ماوەیەدا، ١٧٠ پڕۆژەی ڕێگەوبان لە هەولێر بەگوژمەی ٤٨٠ ملیار و ٩٩٩ ملیۆن دینار تەواو كراوە، بەدرێژیی یەک هەزار و ١٤٩ کیلۆمەتر.
هەروەها ٢٣٨ پڕۆژەی ڕێگەوبان بەگوژمەی ١٤٢ ملیار و ٧٩١ ملیۆن دینار و درێژیی ٤٣٦ کیلۆمەتر لە سلێمانی، ٧٢ پڕۆژەی ڕێگەوبان بەگوژمەی ٣٢٦ ملیار و ٦٧٧ ملیۆن دینار و درێژیی ٥٣٤ کیلۆمەتر لە دهۆک و ٢٤ پڕۆژەی ڕێگەوبان بەگوژمەی چوار ملیار و ١٢٢ ملیۆن دینار و درێژیی ١٢٢ کیلۆمەتر لە هەڵەبجە، جێبەجێ کراون.
لە سۆران، ٧٨ پڕۆژە بەبڕی ١٥ ملیار و ٧٨٥ ملیۆن دینار و درێژیی ٣١٩ کیلۆمەتر جێبەجێ كراوە، لە ڕاپەڕین ٧٩ پڕۆژە بەبڕی ٤٢ ملیار و ٧٧٢ ملیۆن دینار و درێژیی ٩٨ کیلۆمەتر جێبەجێ كراون. لە زاخۆش نۆ پڕۆژە بەبڕی یەک ملیار و ٢١٩ ملیۆن دینار و درێژیی پێنج کیلۆمەتر، لە گەرمیانیش ٤٧ پڕۆژە بەبڕی ١٤ ملیار و ٦٧٠ ملیۆن دینار و درێژیی ١٧ کیلۆمەتر و ٩٥٠ مەتر جێبەجێ كراون.
چەندین پڕۆژەی دیکەی ڕێگەوبانی نێوان پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانیش جێبەجێ کراون، وەک: ڕێگەی هەولێر- دهۆک، درێژییەکەی ٨٦ کیلۆمەترە، بڕی تێچووی ٣٩٩ ملیار دینارە. ڕێگەی سپیلک - خەلیفان، درێژییەکەی هەشت کیلۆمەتر و ٥٠٠ مەترە، بڕی تێچووی ٦٤ ملیار دینارە. تونێلی پیرمام، درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر و ٥٠٠ مەترە، بڕی تێچووی ١٨٩ ملیار دینارە. پردی زێی گەورە، درێژییەکەی ٩٠٠ مەترە، بڕی تێچووی ٤٣ ملیار دینارە. بەرزەپردی سۆرانیش بڕی تێچووی ٤٤ ملیار دینارە.
ئاوی خواردنەوە
گرینگترین پڕۆژەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاودا لە سنووری پارێزگەی هەولێر، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرە، کە لە کاتژمێرێکدا ٢٠ هەزار مەترسێجا ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکات و گوژمەی پڕۆژەکەش ٤٨٠ ملیۆن دینار بوو. پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەش کە بەگوژمەی ١٩٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێ و زیاتر لە ٥٥٪ی پڕۆژەکە تەواو بووە.
پۆند و بەنداو
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، شەش بەنداوی (چەمرگە، ئاقوبان، شەوگێڕ، گۆمەسپان، بەستۆڕە و دوین) لە سنووری پارێزگەی هەولێر بەگوژمەی تێکڕای ٢٢٤ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ کراون کە توانای گلدانەوەی ٢٢٢ ملیۆن و ٨٠٠ ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەیە.
هەروەها بەنداوی خنس لە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆک بەگوژمەی نۆ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار دروست کراوە کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، جگە لە دوو بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان و توڕەجار لە گەرمیان، کە بەگوژمەی ٣٢ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار دروست کراون و توانای گلدانەوەی ٢٣ ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەیە.
هەر لەو ماوەیەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەستبەکار بووە، چەند پۆندێک لە سنووری پارێزگەی هەولێر تەواو کراون، کە بریتین لە:
پۆندی کاریتان، لە ساڵی ٢٠٢١ دروست کراوە.
پۆندی چالەگردەلە، لە ساڵی ٢٠٢٢ دروست کراوە.
پۆندی قادیانا، لە ساڵی ٢٠٢٣ دروست کراوە.
پۆندی بانی ماران، لە ساڵی ٢٠٢٣ دروست کراوە.
پۆندی سولێ، لە ساڵی ٢٠٢٣ دروست کراوە.
پۆندی زانکۆ، لە ساڵی ٢٠٢٥ دروست کراوە.
جگە لەو پۆندە تەواوکراوانە، ٥٨ پۆندی دیکە لە بواری جێبەجێکردن دان.
پیشەسازیی خۆراک
لەو چەند ساڵەی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران و سوودوەرگرتن لەو گەنمە بۆ بەکارهێنانی ناوەخۆیی، چوار سایلۆی نوێ دروست کراون، کە یەکێکیان لە پارێزگەی هەولێرە و دەکەوێتە سنووری قوشتەپە، بەگوژمەی ٢١ ملیار دینار دروست کراوە و توانای کۆگاکردنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە.
هەروەها ٣٠ هەزار خانووی پلاستیکی بۆ کشتوکاڵ دروست كراون، ١٨ کارگە بۆ پەتاتە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دیکە، جگە لە دروستکردنی ١٠١ کۆگەی ساردکەرەوە بۆ کۆگەکردنی بەروبوومی جووتیاران.
هەناردەکردنی بەرهەمە ناوەخۆیییەکان
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرینگیی زۆری بە زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان داوە. بەهۆی ئەوەی خاک و ئاو و هەوای کوردستان بۆ چەندین جۆرە کشتوکاڵ لەبارە و حکوومەتیش بەچەندین شێواز هاوکاریی جووتیارانی کردووە، لەو ماوەیەدا توانرا وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە ١،٨٪ـەوە بۆ ١٠٪ بەرز بکرێتەوە. هەوڵەکانی حکوومەت سەریان گرت و بەهۆیەوە چەند ساڵێکە بەرهەمەکانی برنج، سماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، سێو، قارچک (کوارگ) و پەتاتە بەڕێژەیەکی باش لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا و کەنداوی عەرەبی بەتایبەت ئیمارات، دەکرێن.