ئۆف سەلام بۆ كێ گوتراوە؟
ئۆف سەلام بۆ كێ گوتراوە؟
July 02, 2025

ئیبراهیم سابیر هونەرمەندی ناسراوی کۆیە کە خاوەنی ٦٥ گۆرانیی تۆمارکراوە، لە مێژووی هونەریی خۆیدا بە گۆرانیی ئۆف سەلام دەناسرێتەوە، ئەو لە دیدارێكی (گڵكەند) نهێنیی پشت ئەو گۆرانییە و خۆشەویستیی بۆ هاوژینەكەی ئاشكرا دەكات.
سەرەتای چیڕۆكەكە بۆ ساڵی ١٩٧٤ دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی هونەرمەند پەیوەندی بەشۆڕشەوە دەكات لە شاخ و دەبێتە پێشمەرگە.
ئەو ڕۆژانەی سوپای ڕژێمی بەعس سنووری چۆمانی بۆردوومان دەكرد، هونەرمەند لە پێناو پاراستنی گیانی خۆی، لە چۆمانەوە دەچووە حاجی ئۆمەران، ڕۆژێکیان لەناو ئۆتۆمۆبێلێکدا دەبێت لە ڕێگەی حاجی ئۆمەران، بەڕێککەوت یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمۆبێلەکە کە کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، گۆرانییەک دەڵێ بەناوی ئۆف سەلام، کار لە هونەرمەند ئیبراهیم سابیر دەکات، بەهۆی جوانیی هۆنراوەكە و ئاوازی گۆرانییەکە، هەروەها بەو هۆیەوە كە ئەوی بردووەتەوە خەیاڵی خۆشەویستەکەی، بۆیە دوای گۆرانییەکە دەستبەجێ داوا لە شۆفێرەکە دەکات کە لە لای دوکانێک ئۆتۆمۆبێلەکە بوەستێنێ، لەوێ گۆرانییەكە تۆمار دەكات، بۆ ئەوەی لەبیری نەچێتەوە.
لە دوای شۆڕش، هونەرمەند ئیبراهیم سابیر دەگەڕێتەوە شار و گۆرانیی ئۆف سەلام ئامادە دەكاتەوە، بەجۆرێك كە هەستی خۆی تێدا بۆ خۆشەویستەکەی دەردەبڕێ و پێی دەڵێ “عەشقی کیژێکی کۆیەم ماڵیان لەسەر کانییە، ناوەڵا ئەمن سەهووم خۆ بەئەسڵی ئیسکانییە”.
ناوهێنانی گەڕەکی (ئیسکان)ی شاری کۆیە ئاماژە بووە بۆ ماڵی خۆشەویستەکەی کە هاوکات کچە خاڵیشی بووە، ئەو کاتە ماڵیان لە گەڕەکی ئیسکان بووە.
هونەرمەند ئیبراهیم سابیر بەهۆی ئەم گۆرانییەوە تووشی ناڕەحەتی بووە بەتایبەت ئەو کاتەی دەچێتە بەغدا بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکە، لەوێ ڕێگریی لێ دەکرێ، چونکە وشەی (ساچمە) لە گۆرانییەکەدا هەیە و ڕەتیان کردووەتەوە لەو شوێنەی کە دەڵێ پێم خۆشە وەک ڕاوچییان بمکوژێ یەک ساچمە، وشەی ساچمە بمێنێ و لە دیدێکی سیاسییەوە لە گۆرانییەکەیان ڕوانیوە، گوایە هونەرمەندەكە مەبەستی شۆڕشە و دەیەوێ خەڵک هان بدات دژ بە ڕژێم. بۆیە بەناچاری وشەی (ساچمە) دەگۆڕێت بۆ (ساتمە) و دەچێت تۆماری دەکات، بەڵام هەر لە دڵی دەمێنێتەوە کە ئەو وشەی گۆڕیوە، بۆیە لە دواتردا دووبارە گۆرانییەکە لە (تیپی هونەریی هەولێر) تۆمار دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە بەبێ گۆڕینی وشەكە.
بە وتەی سامانی کوڕە گەورەی ئیبراهیم سابیر، باوکی پاش ساڵێک لە تۆمارکردنی گۆرانییەکە، چووەتە خوازبێنیی کچە خاڵەکەی کە ناوی پەروین خانە، گۆرانییەکە جێگەی خۆی لە دڵی پەروین خان گرتووە و ڕازی بووە کە شووی پێ بكات.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی نیو سەدە لە هاوسەرگیرییان و هەڵکشانی تەمەنیان، هونەرمەند ئیبراهیم سابیر بەردەوامە لە گوتنی گۆرانی و بەخشینی گوڵ بۆ هاوژینەكەی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved