یەکەم وەرگێڕانی قورئان لە هەولێر
یەکەم وەرگێڕانی قورئان لە هەولێر

کتێبی «ژیانی ئینسان» یەکێکە لە بەرهەمە ئاینی و فەرهەنگییە گرینگەکانی کورد، کە بریتییە لە وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی)، بەر لە ٩٢ ساڵ چاپ كراوە. ئەم کتێبە لە قۆناغێکی سەرەتای گەشەکردنی چاپەمەنی و نووسینی کوردیدا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە. بەپێی بەدواداچوونەكان، ئەمە بە یەکەم وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی کوردی دادەنرێت.

نووسەر و ناوەڕۆک:
نووسەری ئەم وەرگێڕانە شێخ مەلا حسێن ئەربیلی دزەیییە، ناوەڕۆکی کتێبەکە، بریتییە لە وەرگێڕانی ئایەتەکانی قورئان بە زمانی کوردی. بۆ سەردەمی خۆی کارێکی گەورە و پڕ بایەخ بووە.

ساڵ و شوێنی چاپ:
کتێبی «ژیانی ئینسان» بۆ یەکەم جار (چاپی یەکەم) لە ساڵی ١٩٣٣ی زاینی، لە شاری بەغدا و لە چاپخانەی «نجاح» چاپ کراوە، وەک لە لاپەڕەی زانیارییەکانی چاپکردندا ئاماژەی پێ کراوە. نرخی کتێبەکە لەو سەردەمەدا ٥٠ فلس بووە.
پشتگیریی چاپ:
چاپکردنی ئەم بەرهەمە بەنرخە بەپشتگیری و خەرجیی کۆمەڵێک کەسایەتی و ناوداری کورد ئەنجام دراوە، گرینگترینیان بریتین لە:
جەنابی شێخ مەحموودی حەفید مەلیکی کوردستان
جەنابی حاجی شێخ قادر
پیاوماقووڵانی عەشیرەتی دزەیی
جەنابی خدر بەگی کوڕی حاجی ئەحمەد پاشا
جەنابی حەسەن ئاغای کوڕی حاجی مەلا محەمەد ئاغا
حاجی شێخ عوسمان ئاغازادە
جەنابی حاجی ئەمین ئاغا
ئەمە نیشانەی بایەخ و پشتگیریی کۆمەڵایەتی بووە بۆ ئەم کارە ئاینی و فەرهەنگییە لەو سەردەمەدا.

پێشکێشکردن بە مومتاز حەیدەری:
ئەو دانە تایبەتەی کتێبەکە کە وێنەکانی گیراوە، دیارییەکە پێشکێش بە مومتاز حەیدەری کراوە. لەسەر بەرگی ناوەوەی کتێبەکە بە دەستخەتی وەرگێڕ نووسراوە: «هدية المؤلف للاخ الاعز حضرت ممتاز الحيدري المحترم”، مێژووی پێشکێشکردنەکەش بۆ ساڵی ١٩٧٢ی زاینی دەگەڕێتەوە. واژووی نووسەر (مەلا حسێن)یش لە ژێرەوەی نووسراوەکەدا هەیە.

گرینگیی کتێبەکە:
«ژیانی ئینسان» وەک یەکێک لە وەرگێڕانە هەرە سەرەتایییەکانی قورئان بە زمانی کوردی، نەک هەر لە بواری ئاینیدا گرینگە، بەڵکو لە ڕووی مێژووی زمانی کوردی و پەرەسەندنی نووسین و چاپەمەنیی کوردیشەوە بایەخێکی زۆری هەیە. ئەم کتێبە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر هەوڵ و کۆششی زانایانی کورد بۆ خزمەتکردنی زمان و ئاین.

نموونەی وەرگێڕانەکە وەک خۆی:
«(بسم الله الرحمن الرحيم ) دەخوێنم به ناوی خدایی بخشندەی رەحمبەر (الحمد لله رب العالمين ) وصف به چاکەی اختياری بۆ خدايه که به خیوکەری هەمو مخلوقاته له انسان و جن و ملائكه وحيوانات. (الرحمن الرحيم) احسان کنندەیه بو لائق احسان (مالك يوم الدين) خيوي روژی جزايه که روژی قيامته ( اياك نعبد) تەنیا تو دەپەرستین (واياك نستعين) ته نیا یاریده له تو دەخوازین (بو پی ويستی دنيا و قيامتمان) (اهدنا الصراط المستقیم) نیشانمان بده ریگای راست معنی رامان بگره له سر دین اسلام) (صراط الذين أنعمت عليهم) ريكاي أو كسانەی انعامت لەسر کردونه به هدایت (که ایمان دارەکانن) (غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ) كه غير غضب لى گيراوەکانن که قەومی جولەكەیه) (ولا الضالين) وه غيره ریکا بزرکەرەکانن ( که نصارانه)».


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved