حاکم رەشید سێ ساڵ لە نوگرە سەلمان و ساڵێک لە کەرکووک
حاکم رەشید سێ ساڵ لە نوگرە سەلمان و ساڵێک لە کەرکووک

ساڵی ١٩٢٥ لە گەڕەکی تەعجیل، یەکەم کوڕی عەبدولقادر سەلیم حەماوی لەدایک بوو، ناویان نا ڕەشید، گەنجێکی جوان و بە ویقار، بەژن و باڵا کەڵەگەتی لێ دەرچوو.
لە کاتی لاویدا کە قوتابی بوو لە ناوەندیی هەولێر و دواتر لە دواناوەندیی هەولێر، لەگەڵ چەند گەنجێکی دیکە بەسەرپەرشتیی ساڵح حەیدەری یەکەم شانەی چەپیان لە هەولێر دروست کرد. دواتر کە پارتی هیوا دامەزرا، ڕەشید عەبدولقادر بووە ئەندامێکی چاڵاک و لە خوێندنیش بەرەوپێش دەچوو، ساڵی ١٩٤٨ کۆلێژی (ئەلحقوق ئەلعێراقییە)ی لە بەغدا تەواو کرد.
دیارە ئەو کاتەی قوتابیی کۆلێژی حقوق بووە لە بەغدا، بەشدار بووە لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد بەسەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی.
لە کتێبە مێژوویییە هاوچەرخەکان ناوی ڕەشید عەبدولقادر هاتووە و سەرۆك مەسعود بارزانی لە (البارزاني و حرکة التحریر الکوردیة) ناوی هێناوە.
لەو کاتەی قوتابی بووە و دواتر ماوەی چەند ساڵێک کاری پارێزەرایەتیی کردووە، لەسەر هەڵوێستی کوردانەی، ماوەی سێ ساڵ لە بەندیخانە بەدناوەکەی (نوگرە سەلمان) گیراوە کە نەک بەندیخانە، بەڵکو بەهۆی دووری و شوێنە چۆڵ و دوور لە شارانی، بووبووە (مەنفا).
ڕەشید عەبدولقادر گەنجە جوانەکەی هەولێر لەو ناز و نیعمەتەی تێیدا بوو کە لە خانەوادەیەکی خواپێداو بوون، سێ ساڵ تۆز و گەردەلوولی بیابانی لە نوگرە سەلمان هەڵمشت.
دواتر ساڵی ١٩٥٨ بە دادوەر دامەزرا لە دوبس، لەوێ تۆرانییەکان دژایەتییەکی زۆریان کرد. ساڵی ١٩٥٩ دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت و مانەوەی بۆ ماوەیەک لە بەغدا، بارزانییەکان بە شەمەندەفەر گەڕانەوە بۆ هەولێر، مەلا مستەفا بارزانی و پاسەوانەکانی و کاک سادقی برازای بەترومبێل لە بەغدا بەرەو هەولێر هاتنەوە، لە دوبس سەردانی حاکم ڕەشیدیان کرد.
دوای ماوەیەک، تۆرانییەکان ئەو میواندارییەیان قۆستەوە و سکاڵایان لە دژی کرد و بەهۆی ئەوە، حاکم ڕەشید ساڵی ١٩٥٩ بۆ ماوەی ساڵێک لە کەرکووک گیرا، کە ئازاد کرا، گواسترایەوە بۆ دادگەی حیللە، دواتر بۆ خانەقین و لەوێشەوە بۆ دادگەی کۆیە، پاشان دادگەی هەولێر و لە هەولێریشەوە بۆ دادگەی دهۆک، جارێکی دی وەک سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوە هاتەوە هەولێر و لە ١٩٨٨/٦/٣٠ خانەنشین کرا.
دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ كە دەزگاكانی حكوومەتی ئەوسای عێراق لە هەرێمی كوردستان كشانەوە، ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە بەردەوامبوونی دادگەکان. کاتێ دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزرا، وەک یەکەم سەرۆکی دادگەکە دەستبەکار بوو تا ٢٠٠٤ و دووبارە خانەنشین کرایەوە.
لە ماوەی سەرۆکایەتیی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، بەگرینگترین فلتەر و پارێزەری ڕەوشی دادوەری دادەنرێ کە خودی خۆی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و وردبینی لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرد کە بۆ بوونە دادوەر لەلایەن دەسەڵاتداران دەپاڵێوران و زۆر کەسیان لەو پارزونگ و فلتەرە دەرنەدەچوون.
ئەوانەی دەرچووبان، حاکم ڕەشید خۆی تاقی دەکردنەوە و پرسیاری لێ دەکردن. بە خۆشحاڵی دەڵێم خۆم یەکێک بووم لەو دادوەرانەی ڕەزامەندیی حاکم ڕەشیدم وەرگرت.
ئەو کاتەی سەرۆکی دادگەی پێداچوونەوە بوو، هێشتا دەسەڵاتی دادوەری جیا نەکرابووەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادگەکان لە ڕووی کارگێڕی سەر بەوەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان بوون. ئەوکات پەیمانگەی دادوەری لە هەرێمی كوردستان نەبوو بۆ پێگەیاندنی دادوەران و بەهۆی کەمیی ژمارەی دادوەر بەتایبەتی پلە یەک و دوو، سەرۆکایەتیی دادگەی پێداچوونەوە بەنووسراو داوایان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو کات کردبوو چەند پارێزەرێکی زیرەک و بەئەزموونیان بۆ دەستنیشان بکەن تا تاقیکردنەوەیان بۆ دانێن و ئەوەی دەربچێ، بیانکەن بە دادوەری پلە یەک و دوو بەپێی ساڵەکانی خزمەتیان.
لە یەکێک لە میواندارییەکانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی وەزیراندا، سەرۆکی ئەنجوومەن بە حاکم ڕەشیدی گوتبوو: ئێوە داوای ناوی پارێزەری بەئەزموون و زیرەکتان کردووە تا بیانکەن بە دادوەر، جا (فڵان) پارێزەرێکی بەئەزموون و زیرەکە، کاتی خۆیشی ئەفسەرێکی پۆلیسی لێهاتوو بووە، بەڵکو بیکەنە دادوەر کە ئێستە لای ئێمە کار دەکا. حاکم ڕەشید گوتبووی ئەم داواکارییە دەبێ بەنووسراو بێت و کۆبوونەوەی لەسەر دەکەین، ئینجا بەفەرمی وەڵامتان دەدەینەوە. هەر لەو کات نووسراوێکی بۆ دەکەن و دەیدەنە دەست حاکم ڕەشید، جەنابی نووسراوەکە هەڵدەگرێ و دەڵێ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ جێگر و ئەندامانی دادگەی پێداچوونەوە، بڕیاری لەسەر دەدەین.
دیارە ئەو کات لە میواندارییەکە داوای لە حاکم ڕەشید و ئەندامەکان کردبوو لە یەکێک لە هۆڵەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن کۆ ببنەوە تا کاتی نانخواردنی نیوەڕۆ بۆ مەبەستی ناوبراو، بەڵام حاکم ڕەشید لە وەڵامدا گوتبووی: ئێمە فەرمانبەری ئێرە نین و جێگە و شوێنی خۆمان هەیە (کە مەبەستی بینای کۆنە دادگە بوو)، لەوێ لەو ژوورە کۆن و بچووکە بڕیاری زۆر گەورە و کاریگەر دەردەکرێ.
ڕۆژی دواتر لە کۆنە دادگە، دوای کۆبوونەوە، پاڵاوتنی ئەو کەسەیان پەسند نەکرد، بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ حاکم ڕەشید کردبوو بۆ هۆکاری قەبووڵنەکردنی کەسەکە، تا ئەگەر عەیب و عارێکی هەبێ لە ئەنجوومەن نەیهێڵن، حاکم ڕەشید لە وەڵامدا فەرمووبووی ئێوە گوتتان فڵان کاتی خۆی ئەفسەر بووە، کەواتە ئەفسەری لە خۆی باڵاتر هەبووە و پێی گوتوون (سەیدی) یا گەورەم، هەر کەسێکیش بە لە خۆی باڵاتر بڵێ گەورەم، بۆ کاری دادوەری دەست نادات و دەکرێ بکرێتە وەزیر، چونکە دادوەران بریکاری خودان لەسەر زەوی.
ئەوە بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی حاکم ڕەشید عەبدولقادری کوردپەروەر بوو بۆ دادوەر و ڕەوشی دادوەری، بۆیە سەربەخۆییی دادوەری لە کاتی سەرۆکایەتیی جەنابیان، بەسەردەمی زێڕینی دادەنرێ.
لە ٢٠٠٥/٦/١٢ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە گۆڕستانی (چراغ) بەخاک سپێردرا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved