میراتی گەچ لە زاری عەزیزی كوڕە وەزیری كۆیێ
میراتی گەچ لە زاری عەزیزی كوڕە وەزیری كۆیێ

 

 لە شاخ و گردۆڵكە چۆڵەكانی وراتی کۆیێ، ئەو ئیشە سپییەی سەردەمەك پیشەی گەشەسەندووی سەدان كەس بوو، ئەوڕۆ لە لەناوچوون و ڕەشبوونەوە نێزیك دەبێتەوە


عەزیز حەمەدی کوڕە وەزیر سەربوردەی میراتی تۆزی سپیی گردەکانی کۆیێ و ئەفسانەی مانەوە بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە “لە وەتەی بەبیرم دێت ئێمە لەسەر گەچ ژیاوین”.
ئەو وەستای گەچە لەدایكبووی 1949یە، بەهۆی ئەوەی باپیره ‌گه‌وره‌ی له ‌سه‌رده‌می پاشای گه‌ورەدا وەزیر بووە، لە كۆیە خۆی و باوكیشی بە كوڕه‌ وه‌زیر ناویان دەركردووە، بەڵام لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە لە باوكیەوە كاركردنی لە كوورەی گەچدا بۆ ماوەتەوە.
جاران به‌ كه‌ر و وڵاخ به‌باگردان گەچ دەكوتراوه‌، تا ساڵی 1958 باوكی عەزیز حەمەد تاحونه‌ی گەچی بۆ كۆیێ هێنا،‌ ئه‌و كات كوڕەكەی منداڵ بووە، عەزیز حەمەد دەڵێ “بەبیرم دێت خەڵك ده‌یانگوت باوكم لە مووسڵەوە‌ بەئۆتۆمۆبێل تاحونەكەی هێناوە و بە 250 دیناری كڕیبوو‌”.
هەروەها دەیگێڕێتەوە به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاحونەكە زۆر خێرا كاری ده‌كرد، كرێكاره‌كان ماندوو دەبوون و ده‌یانگوت ده‌ك به‌خێر نەیەتەوە لەگەڵ ئه‌و به‌ڵایه‌ی هێناویەتی‌.
دوای مردنی باوكی عەزیز حەمەد له‌ ساڵی 1968، ئه‌و كاره‌ بۆ كوڕەكانی بەجێ ما، به‌پشتی وڵاخ گەچیان دەبرد بۆ كۆیە، دەڵێ پێیان دەگوت باری گەچ و به‌ كۆر ده‌پێورا وه‌ك گه‌نم و جۆ. خانووی خۆی به‌ گەچ و به‌رد دروست كرد‌، پێی وایە زۆر باشتر و پتەوترە‌ له‌و بلۆكه‌ی ئێستە خه‌ڵك به‌كاری دێنن.
قوتابخانه‌ی گه‌ڕە‌كی بایزاغای كۆیێ و سه‌رای ڕانیه‌ باوكی عەزیزی كوڕه‌ وه‌زیر دروستی كردوون، ئەو بەشانازییەوە دەڵێ لە كۆیێوە‌ بەپشتی حوشتر گه‌چه‌كه‌یان گواستووەته‌وه.
وەستا عەزیز بەهەستێكی تژی نۆستاڵژیاوە باسی ئەو ساڵانەی تەمەنی دەكات كە لە كورەكانیانەوە گەچیان بۆ نۆژەنكردنەوەی زۆربه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كۆیێ دابین دەكرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی بازاڕیان نه‌ما، ناچار بوون واز بێنن و كورەكانیان دابخەن.
ئەو وەستایە لە سەردەمێكدا بەخۆی و براكانی و‌ 12‌ كرێكارەوە كورەیەكیان بەڕێوە دەبرد، 30 كورەی تری گەچ لە كۆیێ هەبوون، ئەوان بە تەنها ڕۆژانە‌ حه‌فت باری وڵاخیان له گونده‌وه‌ دەگەیاندە كۆیێ‌.
وەستا عەزیز دەڵێ گەچ كانزایە‌ و له‌ هه‌موو شوێنێك نییه، بەڵام‌ له‌ كۆیێ‌ زۆره، بەتایبەتی‌ بناری كۆسره‌ت تا كڵێسه‌ تژی گەچە، هەروەها له‌ ناوچه‌ی باوه‌ قوب و دێگه‌ڵه‌ش هەیە.
باسی جیاوازیی گه‌چیش لەگەڵ قسڵ دەكات‌، كە سەردەمێك هەردوو كاری كورەی گەچ و كورەی قسڵ لە سنوورەكە هاوشانی یەكدی برەویان سەندبوو، ڕوونی دەكاتەوە كە گه‌چ به‌رده‌كه‌ی كانزایە، به‌كارهێنانیشی جیاوازه‌، هه‌رچه‌ند‌ هه‌ردووكیان ده‌سووتێنرێن، وه‌ستای گەچ و قسڵیش جیاوازن‌، زۆر كه‌م وه‌ستا هه‌یه‌ بزانێت قسڵ بگرێته‌وه،‌ جاران له‌گه‌ڵ خۆڵ قسڵیان ده‌گرته‌وه‌ و زۆرتر بۆ حه‌مام و ئاشی كۆن به‌كار ده‌هات، له‌گه‌ڵ حه‌وزی ئاو و هه‌ر شوێنێك شێی ئاوی هه‌بووبێت، چونكه‌ به‌ئاو تێك ناچێت، به‌پێچه‌وانه‌ی گەچەوە كه‌ به‌رگه‌ی شێ ناگرێت، گەچ سپییه‌ و قسڵ ڕه‌نگی بۆره‌، ئێستە قسڵ به‌ لم و قوم ده‌گیرێته‌وه‌ وه‌ك چه‌مه‌نتۆ.
وەستا عەزیز ئەوەشی وەبیر هاتەوە كە له‌و ساڵانەی ڕابردوودا‌ داوای لێ كرا بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاتی هه‌ولێر قسڵ ئامادە بكات، چونكە پێشتر بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قشڵەی كۆیەی دروست كردبوو، ئەوە بوو دوو كوره‌ی بۆ دروست كردن كه‌ زیاتر له‌ 30 تۆن ده‌بوو، هه‌ر كوره‌یه‌كی 19 به‌رمیل نه‌وتی تێدا سووتێندرا.

دیمەنێکی ناوچەی کوورە گەچییەکانی جارانی کۆیە


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved