48 پڕۆژه‌ی ستراتیژی لە سێكتەری ڕێگەوبان لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن، دروستكردنی سێ به‌رزه پرد و تونێلی نوێ لە سێ جێگەی شه‌قامی 100 مه‌تری بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناو شار لەخۆ دەگرێت.
شاره‌وانیی هه‌ولێر له ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سه‌رقاڵی هه‌موار‌كرد‌نه‌وه‌ی ماسته‌رپلانی شاری هه‌ولێر بوو‌ە، ئێستە گه‌یشتووەتە قۆناغی كۆتایی، بڕیاره به‌م نزیكانه هه‌مواره‌كه په‌سند بكرێ، كە زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزاییی شاری هه‌ولێری تێدا ڕەچاو كراوه.
كارزان عه‌بدولهادی سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر، پلان و پڕۆژه‌ی ئه‌مساڵ بۆ (گڵكه‌ند) ئاشكرا ده‌كات، كە سەرباری ئەوەی حكوومه‌تی فیدراڵی به‌ربه‌ست بۆ به‌ره‌وپێشچوونی گه‌شه‌كردنی هه‌ولێر دروست ده‌كا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له كار و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی و ده‌ڵێ پڕۆژه‌ی ته‌واوكردنی به‌شێكی دیکەی شه‌قامی 150 مه‌تری له پلانی ئه‌مساڵیان دایه.
هەروەها ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگیراوه بۆ دروستكردنی به‌رزه پرد و تونێل له چوارڕیانی مه‌خموور لەسەر شه‌قامی 100 مه‌تری، كه تێچووەكەی 30 ملیار دینار دەبێ و ئامانج لێی كەمكردنەوەی جه‌نجاڵیی هاتوچۆیە.
سەرۆكی شارەوانی دەشڵێ له هه‌مان شه‌قام له نزیك به‌نزینخانه‌ی ئاكار و له چوارڕیانی ڕه‌شكین، به‌رزه پرد و تونێلێكی نوێ دروست ده‌كرێن. هەروەها 48 پڕۆژه‌ی ستراتیژیی تر له پلانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كە دایه جیا له چه‌ندین پڕۆژه‌ی لاوه‌كی.
لەبارەی هه‌مواری ماسته‌رپلانی شاره‌كه‌شەوە ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له قۆناغی كۆتایی دایه و به‌م نزیكانه ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانیی هه‌ولێر په‌سندی ده‌كات، كه زیادکردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له به‌رچاو گیراوه.
هه‌روه‌ها دروستكردنی پاڕكی ڕه‌شكین یەکێک لە گەورەترین پارکەکانی هەولێر به تێچووی 15 ملیار دینار له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 120 هه‌زار مه‌تر دووجا زه‌وی له قۆناغی جێبه‌جێكردن دایه، 30 هه‌زار مه‌تری ده‌كرێت به فریز و 11 هه‌زار مه‌تر تارتان بۆ شوێنی وه‌رزش، 15هه‌زار داریش ده‌چێنرێت له‌گه‌ڵ 20 هه‌زار گوڵی جۆراوجۆر.
سه‌وزكردنی چوارڕیانی هه‌ولێر ذ مووسڵ له شه‌قامی 120 مه‌تری له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 205 هه‌زار مه‌تر دووجا به‌تێچووی سێ ملیار و 422 ملیۆن دینار یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژەکانی شارەوانیی هەولێر و له قۆناغی جێبه‌جێكردن دایه.
له‌باره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆكیشەوە كارزان عه‌بدولهادی جه‌خت له به‌رده‌وامیی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئه‌م گه‌ڕه‌كه نوێیە ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ له‌گه‌ڵ خراپیی قه‌یرانی دارایی، پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان له سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر به‌پێی پێویست به‌رده‌وام بووه، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌رتی هه‌شتی حه‌سارۆك، كه له ماوه‌ی ڕابردوو توانرا چه‌ند شه‌قامێكی سه‌ره‌كی قیڕتاو بكرێن و كۆڵان و شه‌قامه نێوخۆیییه‌كانی تێكه‌ڵه‌ڕێژ كران، هه‌روه‌ها له به‌شێكی گه‌ڕه‌كه‌كه ڕه‌چاوی بارودۆخی هاووڵاتیان كرا و ڕێگه به‌دابه‌ش دووی زه‌وییه‌كان درا، ده‌ستیش كراوه به ڕێكاری دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره له‌و گه‌ڕه‌كه، سەرباری گەیاندنی ئاو لە پڕۆژەی فریاگوزارییەوە.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر لەبارەی فراوانبوونی سه‌نته‌ری شاریشەوە ئاشكرای ده‌كات بە نیازن لە داهاتوو چه‌ند شوێنێكی ده‌وروبه‌ری شار له ڕووی كارگێڕییه‌وه بخه‌نه سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، لەوانەش پیرزین و شاوێس. كار له‌سه‌ر دۆزینەوەی چارەسەریش بۆ ئەو كارگانه‌ی سه‌نته‌ری شار دەكەن كه بوونه‌ته هۆی پیسبوونی ژینگه.
سەبارەت بەدابەشکردنی زەوییش بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە لە کابینەی نۆیەمدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر دەڵێ ئه‌گه‌ر گرفت دروست نه‌بێت، ئه‌مساڵ زه‌وی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه دابه‌ش ده‌كه‌ن كه ناویان بۆ وه‌رگرتنی زه‌وی گه‌ڕاوه‌ته‌وه.