کەسایەتییەکی نەتەوەی تورکمان لە هەولێرێ بەهۆی گومانی هەبوونی پەیوەندیی بەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە سەرکردایەتیی شۆڕشی ڕزگاریخوازی ئەیلوولی دەکرد، سزا دەدرێت.
بەپێی نووسراوێکی بنکەی پۆلیسی شەمەندەفەری هەولێر، کە لە ١٩٦٣/١٢/٢٧ بۆ یاریدەدەرێتیی پۆلیسی شەمەندەفەری کەرکووک نێردراوە، عەبدولڕەزاق ڕەفیق دۆغرەمەچی، بەڕێوەبەری پێشووی وێستگەی شەمەندەفەری پردێ، لەلایەن ئەنجوومەنی عورفیی سەربازیی چواری کەرکووک، بەپێبژاردنی ١٠٠ دینار یاخود شەش مانگ زیندانی، سزا دراوە.
عەبدولڕەزاق ڕەفیق دۆغرەمەچی خەڵکی هەولێرە و بەگومانی بوونی پەیوەندیی بەپارتییەوە سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە، ئەگەرچی ئەمنی هەولێر نەیتوانیوە تۆمەت و گومانەکەی بسەلمێنێت، بەڵام بە مەرجی کەفالەتی یەک هەزار دیناریی فەرمانبەرێک و چاودێریکردنی بۆ ماوەی یەک ساڵ، بڕیاری ئازادکردنی دراوە.