فاتیمه و شه‌یما هاوپۆلی یه‌كترن لە دواقۆناغی بایه‌لۆجیی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، له‌نێو ڕه‌فه‌كانی كتێبخانه‌یەكی هه‌ولێر به‌دوای كتێبدا ده‌گه‌ڕێن، به‌چرپه مشت‌ومڕ له‌باره‌ی ناونیشانی چه‌ند كتێبێك دەكەن.
فاتیمە ئەبوبەكر لە وەڵامی پرسیارێكی (گڵكەند)دا دەڵێ له منداڵییەوە كتێب ده‌خوێنێتەوە. بە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار دەستی پێ كردووە. دواتر لە قۆناغەكانی تەمەنیدا وردە وردە دەستی دایە كتێبی جدیتر و تا ئێستاش ڕۆمان بەدەوترین جۆرەكانی كتێبە لەلای، جار جارەش كتێبی ده‌روونزانی و ئایینیش ده‌خوێنێتەوە.
شه‌یما ئیسماعیلی هاوڕێشی چه‌ند ساڵێكە ده‌ستی داوه‌ته خوێندنه‌وه‌ی كتێب و دەڵێ فاتیمه‌ی هاوڕێی هانده‌ری سه‌ره‌كی بووه، بەم هۆیەوە ئێستا ڕۆژانه لە 100 په‌ڕ كەمتر ناخوێنێتەوە، دەڵێ لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیكەی 200 كتێبی خوێندووەتەوە.
ئەو دوو كیژە ناونیشانی كتێبی دڵخوازی خۆیان لە ڕێگەی هاوڕێیەكانیان و لە فه‌یسبووك دەدۆزنەوە. هەروەها لە ڕێگەی چەند ئەپڵیكەیشنێكیشەوە زانیاریی زۆر لەسەر كتێبە باشەكان وەردەگرن، لەوانەش گوودڕیدز، زەستۆری گراف، بووكڵی و ڵای بیب.
ئەو دوو كیژە پێیان وایە كە سه‌رباری كرانه‌وه‌ی جیهان به ڕووی ته‌كنه‌لۆجیا و به‌كارهێنانی سۆشیال میدیا له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه، كتێب به‌های خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه و هێشتا خواستی له‌سه‌ره.
هەروەها یارا سه‌نگه‌ر كچە قوتابییەكی قۆناغی ئامادەییە و لە بنەماڵەیەكی كتێبدۆستە و باوكی نووسەرە، دەڵێ سوودی لە كتێبخانەكەی ماڵێ وەرگرتووە و لەوێوە دەستی داوەتە خوێندنەوەی كتێب، دەشڵێ “یەكەم جار بابم چیڕۆكی مندارانی لۆ ده‌كڕیم، هانی دەدام كتێبی زیاتر بخینمه‌وه، ئێستاش زۆر حه‌زم له ڕۆمانە، وه‌خته‌كانی خۆم ئەوها دابه‌ش كردیه كە بەشی خیندن و خیندنەوەش بكات”.
ڕاڤه وریای ته‌مه‌ن نۆزده ساڵ، قوتابیی قۆناغی یه‌كی كۆلێژی یاسایه لە زانكۆیەكی هەولێر و لەوەتەی قۆناغی ناوەندییەوە كتێب دەخوێنێتەوە و ئێستاش جگە لە كتێبە یاساییەكان، ڕۆمان و چیڕۆكی زۆر ده‌خوێنێتەوە. بەتایبەتیش ئەوانەی لە زمانە بیانییەكانەوە وە‌رگێڕدراینه سه‌ر كوردی.
ئاشتی شێركۆ خاوه‌نی كتێبخانەیەكی ناو بازاڕی هه‌ولێرە، پێی وایە ٨٠٪ی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی كتێبخانه‌كەی ده‌كه‌ن كچان و ئافرەتانن. ده‌شڵێ ماوەیەكە گەنجان زیاتر ڕوو له خوێندنه‌وه‌ی كتێب ده‌كه‌ن، ڕەنگە هۆكاره‌كه‌شی ئەوە بێت كە له به‌كارهێنانی سۆشیال میدیا بێزار بووبن، جگه له‌وه‌ش چاولێكه‌ری له‌نێو گه‌نجان هۆكارێكی تره، سەرباری ئەوانەش پاڵپشتی و هاندانی دایكان و باوكان بۆ خوێندنه‌وه.
ئاشتی له‌باره‌ی خواستی گه‌نجان له‌سه‌ر جۆری كتێبه‌كان ده‌ڵێ، ڕۆمانه تراژیدییه‌كان و كتێبه‌كانی گه‌شه‌پێدان و ئایینی له پڕفرۆش‌ترین ئه‌و كتێبانه‌ن كه خواستێكی زۆریان له‌سه‌ره.