گەشتیاریی تەندروستی بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆرە، یەکێکی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییە و ئەوی تریش بۆ ئارامیی دەروون و وەرگرتنی چارەسەریی سروشتیە لە هاوینەهەوار و ئاوە کانزاییەکان، هەولێر لە هەردوو بواردا پێشەنگە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش، ساڵانە سەدان هەزار کەس بۆ ئەو دوو مەبەستە سەردانی شارەكە دەکەن.
لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر، ژمارەیەكی زۆری ریشسپیی عەرەب و گەنج و منداڵیش كۆ بوونەتەوە، دوای پرسیاركردن دەركەوت هەموویان یاوەری یەکێک لە شێخەکانی سنووری شاری تکریتن كە بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕووی لە هەولێر كردووە، ئەو كۆمەڵە ڕیشسپی و گەنجە بەردەوام لە پێشوازی میوانان دان و بە (اللە بالخير) و (بارک اللە فیک) فەرموویان لێ دەکەن.
یەکێک لە ڕیشسپییەكان بۆ (گڵكەند) باس لەوە دەكات كە بۆچی لە تكریت شێخەكەیان نەبردووەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری و بە بێئومێدییەوە دەڵێت نەخۆشخانەکانی عێراق وێرانن، هەرچەند پارەی زۆریش بدەیت، خزمەتگوزارییان وەک پێویست نییە بۆ نەخۆش و جێی متمانەیان نین.
ئەو شێخە عەرەبەی بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕووی لە هەولێر كردووە، نەشتەرگەریی گورچیلەی بۆ کراوە و ماوەی هەفتەیەکە لەو نەخۆشخانەیە خەوێندراوە، خزم و دۆست و ناسیاوەکانی بەردەوام بۆ دڵنیابوونەوە لە باری تەندروستی، سەردانی هەولێر دەکەن و دەچنە نەخۆشخانەکە.
ئەو پیاوەی قسەی بۆ (گڵكەند) كرد گوتی لەوانەیە لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا، زیاتر لە ١٠ هەزار كەس لە خزم و دۆستی عەشیرەتەكەیان سەردانیان كردبن.
پێشکەوتنی بواری تەندروستی لە هەولێر بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بە گشتی، بۆ چاکسازی لەو بوارەدا دەگەڕێتەوە، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گڵکەند) گوتی لە كابینەی نۆیەمدا، چاکسازیی گەورە لە سیستەمی تەندروستیدا کراوە و لەگەڵ تیمێكی ڕاوێژكاریی نێودەوڵەتیی خاوەن ئەزموون، نەخشە ڕێگای ڕیفۆرمی سیستەمی تەندروستییان لە هەرێمی كوردستان داڕشتووە.
بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە هەرێمی كوردستاندا ١٤٥ نەخۆشخانەی حكومی و ئەهلی هەن كە (٨٣)یان حكومی و (٦٢)شیان ئەهلیین، بەردەوام خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بە نەخۆشان دەكەن. لەو ژمارە نەخۆشخانەیەدا، ٢٧ نەخۆشخانەی حكومی و ٢٩ نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەولێرن.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرینگییەكی تایبەتی بە بواری تەندروستی و كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان داوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە نزیکەی ٢٤ ملیار دیناری لەو بوارە خەرج كردووە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسی چاكسازی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و دەرماندا ڕای گەیاند كە كەرتی تەندروستیی لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام دەیانەوێت باشتری بكەن. ئەو سەنتەرانەی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەكرێنەوە ئامێر و كەلوپەلی پێشكەوتوویان تێدا دەبێت، هاوكات یارمەتیدەریش دەبێت بۆ هاووڵاتییانی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا وەكو شوێنێكی پێشكەوتوو، سەردانی ئەم سەنتەرانەی هەرێمی كوردستان بكەن.
هەرچەندە ئامارێكی دروست لەسەر هاتنی گەشتیاری تەندروستی بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام دلۆڤان محەمەد، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ (گڵكەند) گوتی، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٢٥ هەزار نەخۆش لە دەرەوەی شاری هەولێر سەردانی نەخۆشخانەكانی هەولێریان كردووە.
ڕێبین فەتاح كە بازرگانێكی كەرتی تەندروستییە لە هەرێمی كوردستان، پێیوایە گەشتیاریی تەندروستی جگە لەوەی كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی ئابووریی كوردستان و گەشەسەندنی وەبەرهێنانی تەندروستی هەیە، هۆكارێکیشە بۆ دامەزراوە پزیشكییەكان كە زیاتر گەشە بە كاری خۆیان بدەن و بەدوای ئامێری پێشكەوتووتردا بگەڕێن.
ئەو بازرگانە دەشڵێت، كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان و ئامێرە پێشكەوتووەكان و هەرزانیی نرخ و پزیشكی تایبەتمەند، هۆكارن بۆ ئەوەی نەخۆشی شارەکانی عێراق ڕوو لە نەخۆشخانەکانی هەولێر بکەن.
بەتین سەڵاح سەرپەرشتیی ژمارەیەك تاقیگەی پزیشكی لە شاری هەولێر دەكات، ئاشکرای کرد، ڕۆژانە ئەگەر ١٠ پشكنینی نەخۆش بکەن، ئەوا حەفت دانەیان ئەو نەخۆشە عەرەبانەن كە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن، هۆكاری ئەمەشی بۆ بوونی ئەو ئامێرە پزیشكییە پێشكەوتووانە گەڕاندەوە، كە لە كوردستان هەن. نموونەشی بەوە هێنایەوە، هەندێك نەخۆشی عەرەب پشكنینان لە هەولێر کردووە و دواتر بۆ دڵنیابوون، چوونەتە دەرەوەی وڵات لەوێ پشكنینیان كردووە، هەمان ئەنجامیان دەستکەوتووە، بۆیە نەخۆشە عەرەبەكان متمانەی زۆریان بە نەخۆشخانەکانی هەولێر هەیە.