هەر كە باسی هەولێر دەکرێت، بیرمان دەچێتەوە سەر ئەو وتەیەی كە کۆنترین شاری جیهانە ژیانی تێدا بەردەوامە، كە گونجاویی پێگەكە و هەبوونی بەرهەمە پێویستەکانی ژیان، وایان كردووە دەوروبەری هەولێریش نشینگەیەکی چاخی بەردینیی کۆن بووبێت.
مرۆڤ چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵ و گرووپ لەپێناو درێژەدان بە ژیان، بەردەوام هەوڵی پارێزگاریكردن لە خۆیان داوە، گرینگیی هەولێریش لە بوونی شوورەیە بەدەوریدا، هەر شارێک شوورەی هەبووبێ لە کۆندا، گرینگیی شارەکە دەنوێنی لە لایەنی کارگێڕی، سیاسی و ئابووری.
پاشا دادوشا (١٨٠٠- ١٧٧٩ پ.ز) کە لە ناوچەکانی گۆمی دیالە و دەوروبەری واتە شانشینی ئەشنۆنە هێرشی کردووەتە سەر شاری هەولێر، سەرکەوتنەكەی لەسەر میلێکی بەرد تۆمار کردووە، تیایدا باسی ئەوە کراوە کە هێرشی کردووەتە سەر شاری هەولێر و شوورەکەی ڕووخاندووە، بنکە سەربازییەکانی خۆی تێدا جێگیر کردووە.
هەندێک کات هەولێر لە سەردەمی خۆشگوزەرانییدا بووە، بەتایبەت لە سەردەمی چاخی ئاسنی (٦١٢-١٥٩٥ پ.ز) لە ترۆپکی شارستانی و گەشەسەندنیدا بوو، لەو ماوەیەدا بۆ یەک جاریش باسی داگیرکردنی نەکراوە، بەشێوەیەک لە شێوەکان گرینگترین پەرستگای خواوەندی عەشتاری شەڕی لێ بووە.
زۆر ڕووداوی تر گێڕانەوە و ڕووخانی شوورەی سەر کەمەر باس دەکەن، بەڵام بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەورەبوونی شار و دابەزینی بۆ دامێنی قەڵا (شاری خوارەوە) و فراوانبوونی بەئاراستەکانی دەوری قەڵا، شار پێویستی بە شوورای تر هەبوو بۆ پاراستنی شاری خوارەوە (خوار قەڵا)، بۆیە شوورای تر لە دەوری شاری هەولێرە دروست کراون.
لە دوای گەیشتنی هەواڵی مردنی سوڵتان موزەفەرەدین کوکبری (١٢٣٢ز) بە خەلیفە موستەنسر، خەلیفە بڕیار دەدات بە دانانی جێگرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هێز دەجووڵێنێ، خەڵکی هەولێر دژی سەربازانی خەلیفە لەسەر دیواری شوورە ڕاوەستاون و بەرگرییان کردووە، بەڵام هێزی خەلیفە بەسەرکردایەتیی (ئیقبال ئەلشرابی) دیواری شوورە دەشکێنێ و لە خەندەقەکەش دەردەچێ و شاری هەولێر داگیر دەکا، دوای دانانی یەکێک لە گوێڕایەڵانی خەلیفە، بڕیار دەدەن شوورەکە و خەندەقەکە چاک بکرێتەوە.
زۆربەی مێژوونووسان و گەڕیدەکان کە سەردانی هەولێریان کردووە باسی شوورەی هەولێر دەکەن وەک یاقووت ئەلحموی لە موعجەم ئەلبولدان، گەڕیدەی ئەڵمانی نیپۆر (١٧٦٦ز)، گەڕیدەی فەرەنسی ئۆلیڤیە (١٧٩٤ز) کە دەڵێ هەولێر لەسەر گردێکی دەسکردی بڵند دروست کراوە، سەرەوەی تەختە، شوورەیەکی کۆنی بەدەوریدایە.
توێژەرانیش لە بارەی مێژووی شاری هەولێر زۆر جار باسی شوورەی هەولێریان کردووە، هەموویان درکیان بەیەک شوورە کردووە، ئێستا لە ڕێگەی هەستپێكردن لە دوورەوە (Remote sensing) و (GIS) توانیومانە بەهۆی هەندێک وێنەی ئاسمانیی فڕۆکەوانی و سەتەلایت، هەندێک وێنەی شاری هەولێرمان دەست بکەوێ و کاری لەسەر بکەین، سەرەتا لە (٢٠١٣) بەشانازییەوە وەک ئەندامێکی تیمی هەڵکۆڵین بەنوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار بەشدار بووم لە دۆزینەوەی شوورای سەر کەمەری قەڵای هەولێر کە شووراکە یەکەمین شوورای شار و قەڵایە.
لە کارکردن لەسەر وێنەکان بۆمان دەرکەوت کە هەولێر زیاتر لە شوورایەکی هەبووە، بێ گومان ئەوش گەورەبوونی شار نیشان دەدا لە سەردەمە جیاوازەکاندا، لە وێنەی یەکەمدا کە لە ١٩١٩ گیراوە، زیاتر باکووری ڕۆژئاوای قەڵا و شار نیشان دەدا.
ئەمە کۆنترین وێنەیە كە دەتواندرێ شوێنەواری سێ شوورەی لەسەر دیاری بکرێ، جگە لە شوورای کەمەری، شوورەی دووەم دەکەوێتە خوار قەڵای هەولێر بە دووریی جیاوازەوە لە نێوان ٧٠م بۆ ١٥٠م، خۆشبەختانە پار لەلایەن پەیمانگای فەرەنسییەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک و کۆمیسیۆنی بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور تواندرا شوورەی دووەم بدۆزرێتەوە.
لە 15ی ئاداری 2006 عەبدولڕەقیب یوسف کە لە هەشتایەکانی سەدەی ڕابردوودا ناسح حەیدەری پێی گوتووە دیواری شوورای هەولێر دەکەوێتە ناو خانووی بەڕێزیانەوە، لەمبارەیەوە عەبدولڕەقیب کارێکی هەڵکۆڵینی شوێنەواری دەکەن و ڤیدیۆیەک دروست دەکا بەناوی (پارچەیەک شوورای هەولێر)، ئەم کارەی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف دۆزینەوەی شوورەی سێیەمە کە لە دوو وێنەی تری ئاسمانی کە لە ساڵی ١٩٥١ -١٩٥٣ گیراون.