ساڵانێک چاوساغی پۆلیس و مۆتەکەی تۆمەتباران بووە، پیاوێكی زه‌حمه‌تكێشی نه‌خوێنده‌وار، به‌ڵام لێهاتوو و بلیمه‌ت، شوێنی ده‌ست و پێی سەدان کەسی دۆزیوەتەوە کە تاوانیان ئەنجام داوە، توانای عەلی شونهەڵگر بە جۆرێک بووە، نەوەک ته‌نیا پۆلیسی هەولێر، لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش سوودیان لە تواناکەی بینیوە.
شێرزاد محه‌مه‌د عه‌لی له‌دایكبووی ساڵی 1961ی هه‌ولێر، نه‌وه‌ی عه‌لی شونهه‌ڵگره، له نزیكه‌وه عه‌لی عه‌بدوڵڵای باپیری بینیوه، چه‌ندین چیڕۆكی ئەو كەسایەتییە سەرنجڕاكێشە بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ عه‌لی شونهه‌ڵگر كە ساڵی 1903 له گوندی (گردیش(ی ده‌شتی هه‌ولێر له‌دایك بووه، له ناوه‌ڕاستی بیسته‌كانی ته‌مه‌نی به‌هۆی ناكۆكیی له‌گه‌ڵ ئاغا، گونده‌كه‌ی خۆی بەجێ ده‌هێڵێ و ده‌چێته گوندی بنه‌سڵاوه‌ی بچووك و ئاوه‌دانی ده‌كاته‌وه، لەوێ ده‌ست به ئاژه‌ڵداری ده‌كات، دواتر خه‌ڵكی تر دێنه گونده‌كه.
شه‌وێك پیاوه‌كانی ئاغا ده‌چن بۆ گوندە نوێیەكەی، بۆ ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵی لێ بدزن، به‌ڵام ئاشكرا ده‌بن و ڕاده‌كه‌ن، بۆ سبەینێ حاجی عه‌لی شوێنپێی پیاوه‌كان ده‌بینێته‌وه و به‌دوایاندا ده‌ڕوات تا ده‌گاته‌وه گونده‌كه‌ی خۆی، له‌و كاته‌وه هه‌ست به به‌هره‌كه‌ی ده‌كات و خه‌ڵكیش پێ ده‌زانن و بلیمه‌تیی عه‌لی شونهه‌ڵگر بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا ده‌بێت.
بەم شێوەیە عەلی شونهەڵگر ناوبانگ پەیدا دەكات و بەم هۆیەوە چەند جارێك لە ژیانیدا ڕووبەڕووی كێشەی گەورە دەبێتەوە، شێرزادی نەوەی دەڵێ زۆرجار له‌لایه‌ن كه‌سوكاری ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی باپیرە عەلی شوێنپێی ده‌دۆزینەوە، گرفتی بۆ دروست دەكرا و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كرا، بەڵام باپیرەی نیازی نەبووە دەستبەرداری به‌هره‌كه‌ی بێت و ویستوویه‌تی هاوكاری ئه‌و كه‌سانه بێت كه تاوانیان له دژ ئه‌نجام ده‌درێت، بەم شێوەیە ده‌رفه‌تی حه‌وانه‌وەی له گوندەكەی خۆیشی نامێنێ و به یه‌كجاری ماڵی ده‌باته ناو شاری هه‌ولێر و له گه‌ڕه‌كی خانه‌قا نیشته‌جێ ده‌بێت.
كار دەگاتە ئەوەی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانه‌كانی هه‌ولێر به بلیمه‌تیی ئه‌و پیاوه ده‌زانن، بۆیه چه‌ندین تاقیكردنه‌وه‌ی پراكتیكیی پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دوای دڵنیابوونه‌وه له به‌هره‌كه‌ی، لەسەر ڕەزامەندیی موتەسەڕیفی ھەولێر بەناونیشانی شوونھەڵگر دای ده‌مه‌زرێنن و مۆڵەتی چەک ھەڵگرتنی دەدەنێ.
ئیتر عەلی شونهەڵگر داوای له پۆلیس كردووه كە تاوانێك ڕووی دا، ده‌ستكاریی كه‌لوپه‌لی شوێنه‌كه نه‌كه‌ن تاوه‌كو شوێن ده‌ست و پێی تۆمه‌تباره‌كه بزر نه‌بێت.
ده‌زگای پۆلیسی هەولێر ناوبانگیی زیرەكی ئەو پیاوە دەگەیەننە پارێزگاكانی تری عێراق، وای لێ دێت چه‌ندین جار له پۆلیسی به‌غدا، مووسڵ، به‌سره و پارێزگاكانی ترەوە به‌دوای عەلی شونهەڵگردا دەنێرن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی له ده‌ستی پۆلیس و یاسا ڕایان كردووه.
دوای ئەوەی عه‌لی عه‌بدوڵڵا شونهه‌ڵگر ساڵی 1969 لە هەولێر كۆچی دوایی دەكات، ناو و ناوبانگی له كتێب و چه‌ندین چیڕۆكی جۆراوجۆر له‌سەر زاری ئه‌و كه‌سانه ده‌گێڕدرێنه‌وه كه به چاوی خۆیان كارەكانیان بینیوه، شه‌هید كاردۆ گه‌ڵاڵی یه‌كێك له پارێزه‌ره دیاره‌كانی هه‌ولێر بوو، دوای ئه‌وەی بۆ نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی سوود له تواناكانی عه‌لی شونهه‌ڵگر ده‌بینێت، كتێبێك به‌ناونیشانی (عه‌لی شونهه‌ڵگر پسپۆرێكی به‌هره‌وه‌ر بوو) له‌باره‌ی ژیان و بلیمه‌تی عه‌لی شونهه‌ڵگر ده‌نووسێ، له كتێببه‌كه‌یدا باس له دیوه یاسایییه‌كانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی شوێنه‌واری تاوان ده‌كات و ئاماژه به به‌هره‌ی عه‌لی شونهه‌ڵگر ده‌كات، كه چه‌ند كاریگه‌ر بووه له هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی شوێنەواری تاوان.